المدثر
The Cloaked One • 56 ayahs • Meccan
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
1ئەی ئەو کەسەی کە خۆت پێچاوەتەوە
2ھەستە (خەڵکی) بێدار کەرەوە
3وە پەروەردگارت بە گەورە بگرە
4وە پۆشاکت بە پاك ڕابگرە
5بەردەوام بە لەوازھێنان لە بت پەرستی و گوناە
6وە شت مەبەخشە وبەزۆری بزانیت
7وە لەبەر پەروەردگارت خۆت ڕابگرە
8ھەر کاتێك کە فوکرا بە کەڕەنادا
9ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی سەخت وگرانە
10لەسەر کافران سووك وئاسان نیە
11واز لە من وئەو کەسە بهێنە کە دروستم کردووە بە تەنھا
12وە دارایی زۆر وزەبەندەم پێداوە
13وە کوڕانی ئامادە وبەردەست
14وە ھۆی ژیانم بۆ ڕاخستووە بە چۆن ڕاخستنێك
15دوای ئەمانەش ھێشتا بە تەمایە زیاتری بدەمێ
16نا ،(چاوەڕوان نەبێت) بە ڕاستی ئەو دەربارەی ئایەت ونیشانەکانی ئێمە بێباوەڕێکی کەلە ڕەقە
17بەم زووانە سزای سەختی پێ دەچەژم
18(چونکە) بیری کردەوە وھەڵیسەنگاند (قسەکەی خۆی)
19دەك بە کوشت چێ چۆنی ھەڵسەنگاند
20دووبارە بە کوشت چێ چۆنی لێکداوەتەوە
21لە پاشان تەماشایەکی کرد
22ئەوسا ناوچەوانی گرژ وڕووی ترش کرد
23ئەمجا بە فیزێکەوە پشتی ھەڵکرد
24جا ووتی ئەم قورئانە ھیچی تر نیە جادوویەك نەبێ کە وەرگیراوە
25ئەم قورئانە ھەر گوفتاری مرۆڤە
26(ئەو کەسە) زوو دەیخەمە دۆزەخەوە
27تۆ چووزانیت کە دۆزەخ چیە ؟
28(ئاگرێکە) ھیچ ناھێڵێتەوە وواز ناھێنێ
29(بە یەکەم ھاڵاو) پێست ڕەش دەکاتەوە ودەیبرژێنێت
30نۆزدە فریشتە ئەوەتان بە سەریەوە
31ھەر فریشتەمان کردووە بە کار بەدەستی دۆزەخ وە ژمارەی ئەو فریشتانەمان نەگێڕاوە مەگەر بۆ تاقی کردنەوەی ئەوانەی بێ باوەڕن، تا ئەوانەی کتێبیان پێدراوە دڵنیا بن وە بڕوادارەکان بڕواکەیان زیاد بکات وە ھیچیان دوو دڵ نەبن ئەوانەی کتێبیان پێدراوە، ئیماندارانیش، وە تا بڵێن ئەوانەی کە نەخۆشی (ناپاکیی) یان لە دڵایە وە بێ بڕواکان، خوا چی مەبەستە بەم ژمارەیە کە لە غەریبیدا وەك مەسەل وایە، ئا بەوجۆرە خوا ئەو کەسەی کە بیەوێت گومڕای دەکات وە ئەو کەسەی کە بیەوێت ڕێنمونی دەکات وە کەس ژمارەی لەشکر وسەربازانی پەروەردگاری تۆ نازانێت جگە خۆی نەبێت وە ئەم ئایەتانە ھەر ئامۆژگاری و پەندن بۆ ئادەمی
32نا، (وانیە) سوێند بە مانگ
33وە سوێند بەشەو کە پشت ھەڵ دەکات ودەڕوا
34وە سوێند بە بەرەبەیان کە ڕوون دەبێتەوە
35بێ گومان سەقەر (دۆزەخ) یەکێکە لەشتە سامناکە گەورەکان
36ترسێنەرە بۆ ھەموو خەڵکی
37بۆ ئەو کەسەتان کە دەیەوێت پێش بکەوێت (لە چاکەدا) یان دواکەوێت
38ھەموو کەسێك بارمتەی کار وکردەوەی خۆیەتی
39جگە ھاوەڵانی دەستی ڕاست (چاکەکاران) نەبێت
40کە لە باخاتی بەھەشتدا پرسیار لە یەکتری دەکەن
41لە (حاڵی) تاوان باران
42(ھەر لە بەھەشتیەكان وەڵام ئەداتەوە کە دیوومانن وپێمان ووتوون) چی ئێوەی خستووەتە دۆزەخەوە
43ئەوانیش وتیان: ئێمە لە نوێژ گەران نەبووین
44وە خۆراکمان نەدەدا بە ھەژاران
45وەڕۆ دەچووین لەگەڵ ئەوانەی کە ڕۆ دەچوون (لە قسەی خراپە وبێ شەرعیدا)
46وە باوەڕمان بە ڕۆژی دوایی نەبوو
47تا مردن یەخەی پێگرتین
48ئیتر تکای تکاکاران ھیچ قازانجێکیان پێ ناگەیەنێت
49ئەوە چیانە ڕوو وەردەگێڕن لە ئامۆژگاری قورئان
50ئەڵێی کەرە کێوی سڵ کەرن
51لە شێر، (یان لەدەست کۆمەڵی تیر ھاوێژ) ھەڵھاتوون
52بەڵکو ھەموو یەکێك لەوان ئەیەوێت چەندەھا نامەی کراوەی بۆ بنێردرێ(لە خواوە کە بڕوا بە موحەممەد ﷺ بهێنێت)
53با چاوەڕوانی ئەوە نەبن بەڵکو ھەر ناترسن لە ڕۆژی دوایی
54با پەشیمان بنەوە بە ڕاستی قورئان پەند وئامۆژگاریە
55ئەمجا ھەر کەسێك بیەوێت با پەندی لێ وەربگرێت
56ئامۆژگاری قورئان وەرناگرن مەگەر خوا بیەوێت، خوا شیاوی لێ ترسانە، وە شیاوی لێ خۆشبوونە