المزمل
The Enshrouded One • 20 ayahs • Meccan
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
1ئەی ئەو کەسەی کە خۆت داپۆشیووە
2شەو ھەستە (شەو نوێژ بکە) مەگەر کەمێکی نەبێت
3نیوەی یا کەمێك لە نیوەی کەم بکەرەوە
4یا کەمێ لێی زیاد بکە، لەسەرخۆ قورئان بخوێنەرەوە و(بەڕێك وپێکی) دەوری بکەرەوە
5بێگومان ئێمە لەمەولا بۆت دەنێرینە خوارەوە گوفتاری (قورئان)ی قورس وگران
6بەڕاستی ھەستانی شەو دوای خەو (بۆ خواپەرستی) قورسترە وگرانترە لە ڕووی کردارەوە (لە ھی ڕۆژ وبەھێزترە بۆ دڵ)، دروسترە لە ڕووی ووتنەوە
7بەڕاستی تۆ لە ڕۆژدا لە ھاتووچۆکردنێکی زۆردایت
8ھەمیشە یادی پەروەردگارت بکە وە خۆت یەکلاکەرەوە بە یەکلایی کردنەوەیەکی تەواو
9ئەو خوای ڕۆژھەڵات وڕۆژئاوایە ھیچ پەرستراوێکی بەڕاستی نیە تەنھا ئەو نەبێت، کەوابوو بیکە بە پارێزەر وپشتیوانی خۆت
10دان بە خۆتدا بگرە لەسەر ئەو قسانەی کە دەیڵێن وە وازیان لێبهێنە ولێیان گەڕێ بە واز لێھێنانێکی جوان
11واز بھێنە لە من وئەو خاوەن ناز ونیعمەتانەی کە ئایینی من بە درۆ دەزانن وە کەمێك مۆڵەتیان بدە
12بێگومان لای ئێمە ھەیە کۆت وزنجیری قورس وگران وە ئاگری ھەڵگیرساو
13وە خواردنی گەرو گیر ھەروەھا سزای پڕ لە داخ و دەرد
14لەڕۆژێکدا کە زەوی وچیاکان دێنە لەرزە وە کێوەکان دەبن بە گردۆڵکە لە لمی ھەڵڕژاو
15بێگومان ئێمە پێغەمبەرێکمان بۆ ناردن کە شایەتە لە سەرتان، ھەروەك پێغەمبەرێکمان نارد بۆلای فیرعەون
16ئەمجا فیرعەون سەرپێچی ئەو پێغەمبەرەی کرد (سەرپێچی موسا) ئێمەش تۆڵەمان لێ سەند بە تۆڵە سەندنێکی سەخت
17جا ئەگەر بێ بڕوایی بکەن چۆن خۆتان دەپارێزن، لە ڕۆژێکدا کە (بە ترس وسامی خۆی) مناڵان پیر دەکات
18ئاسمان لەت دەبێت بەھۆی (سەختی) ئەو ڕۆژەوە، بەڵێنی خوا دێتە دی
19بەڕاستی ئەم ئایەتانەی پێشوو پەند وئامۆژگارین، ئەمجا ھەرکەسێك کە بیەوێت ڕێگا دەگرێت بۆلای پەروەردگاری
20بێگومان پەروەردگاری تۆ دەزانێت (ئەی موحەممەد ﷺ) کە تۆ ھەڵدەسیت (بۆشەو نوێژکردن) شتێك کەمتر لە دووبەش لە سێ بەشی شەو، وە نیوەی" یان سێیەكی وە دەستەیەك لەوانەی کە لە گەڵتدان وە خوا ئەندازەی شەو وڕۆژ دیاری دەکات، (خوا) زانی کە ئێوە ناتوانن ئەندازەی شەو نوێژ ڕابگرن لە بەرئەوە لێتان خۆش بوو، دەی ئەوەندەی بۆتان دەلوێت وئاسانە لاتان قورئان بخوێنن ودەوری بکەنەوە، (خوا) دەزانێت کە لەمەولا کەسانێکتان نەخۆش دەبێت وە کەسانێکی ترتان دەرۆن بەسەر زەویدا بە شوێن ڕۆزیی ونیعمەتی خوادا دەگەڕێن وەکەسانێکی ترتان دەجەنگن لە ڕێگای خوادا، ئەمجا بخوێننەوە لە قورئان ئەوەندەی کە بۆتان دەلوێ ولاتان ئاسانە وە نوێژ بکەن وزەکات بدەن وە قەرز بدەن بەخوا بە قەرزێکی چاك (مەبەست ئەوەیە خێر وخێرات وسەدەقە بکەن لە ڕێی خوادا)، ھەر چاکەیەك پێش بخەن بۆ خۆتان، لای خوا دەستان دەکەوێتەوە، ئەوەیشی لای خوایە چاکتر وگەورەترە لە ڕووی پاداشتەوە وە داوای لێخۆش بوون بکەن لە خوا، بەڕاستی خوا لێبووردە ومیھرەبانە