الجن
The Jinn • 28 ayahs • Meccan
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
1(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: نیگام بۆ کرا کە بێگومان چەند کەسێك لە جنۆکە گوێیان گرت (لە قورئان خوێندنەوەم) ئەمجا ووتیان: بەڕاستی ئێمە قورئانێکی سەر سوڕھێنەرمان بیست
2ڕێنمونی دەکات بۆ ڕێگای ڕاست ئێمەش باوەڕمان پێ کرد وە ھەرگیز کەس ناکەین بەھاوبەشی پەروەردگارمان
3وە بەڕاستی بڵندە گەورەیی پەروەردگارمان - لە شتی ناشایستە -، ھیچ ھاوسەر ومنداڵێکی بۆ خۆی دانەناوە
4بێگومان گێل ونەفامەکەمان درۆی نالەباری ھەڵدەبەست دەربارەی خوا
5وە ئێمە پێمان وابوو کە ئادەمیی وجنۆکە ھەرگیز درۆ ناکەن دەربارەی خوا
6بەڕاستی پیاوانێك لە ئادەمیی پەنایان دەبردە بەر پیاوانێك لە جنۆکە (کە بیان پارێزن) کەچی زۆرتر ماندوویان دەکردن
7وە ئادەمیی گومانیان بردووە ھەروەك ئێوە - ئەی جنۆکە - گومانتان بردووە کە ئیتر خوا ھیچ پێغەمبەرێك نانێرێت
8جنۆکەکان ووتیان : ئێمە دەگەڕاین بە شوێن دەنگ وباسی ئاسماندا کەچی بینیمان پڕکراوە لە پاسەوانی بەھێز وتیری ئەستێرەکان
9وە بێگومان ئێمە جاران دادەنیشتین لە چەند شوێنێك لە ئاسمان بۆ گوێ گرتن، بەڵام ھەر کەسێك لەئێستا بە دواوە گوێ بگرێت تیرێکی ئەستێرە دەبینێت لە بۆسەیدایە
10وە بەڕاستی نازانین ئایا خراپی ویستراوە بۆ ئەوانەی کە لە سەر زەوین؟ یان پەروەردگاریان ڕێنمونی ویستووە بۆیان؟
11وە بێگومان ئێمە ھەندێکمان چاکین وە ھەندێکمان لەوە کەمتر، ئێمە جاران خاوەنی ڕێبازی زۆر بووین
12 وە ئێمە دڵنیا بووین کە ھەرگیز ناتوانین لە دەستی خوا دەرچین لە زەوی دا وە بە ھەڵھاتنیش لە دەستی خوا ڕزگار نابین
13 بەڕاستی ئێمە کاتێ ڕێنمونی (قورئان) مان بیست باوەڕمان پێ ھێنا، ئەمجا ھەر کەسێك بڕوای ھێنا بە پەروەردگاری خۆی ئیتر ناترسێت نە لە کەمیی (پاداشت) ونە لە زۆریی (تۆڵە)
14وە بێگومان ئێمە ھەندێکمان موسوڵمانین وھەندێکمان ستەمکار، ئەمجا ئەوانەی موسوڵمان بوون ئەوە ئەوانە ڕێگای ڕاستیان دۆزیوەتەوە
15بەڵام ئـەوانەی لەرێگای ڕاست لایانداوە (ستەمکارەکان) دەبنە سووتەمەنی دۆزەخ
16(ئەمجا خوای گەورە دەفەرموێت) : ئەگەر ئەوان (مرۆڤ و جنۆکە) بەردەوام بوونایە لەسەر ڕێگای ڕاست ئاوی زۆرمان پێ ئەنۆشین (نیعمەتی زۆرمان دەدانێ)
17ھەتا تاقیان کەینەوە تیایدا وە ھەر کەسێك ڕوو وەرگێڕێت لە یادی پەروەردگاری خۆی دەیخاتە ناو سزای دژوارەوە
18بێگومان مزگەوتەکان بۆ پەرستنی خوان بەتەنھا، جگە لەئەو کەسی تری تێدا نەپەرسترێت، کەواتە لەگەڵ خوادا ھاوار لە کەسی تر مەکەن
19وە بەندەی خوا (موحەممەد ﷺ) کاتێك کە ھەستا لە خوا بپاڕێتەوە (و بیپەرستێت)، (بێ بڕواکانی مەککە) نزیك بوو دابارن بە سەریدا
20بڵێ: دڵنیا بن من ھەر خوای خۆم دەپەرستم وە کەس ناکەم بە ھاوبەشی
21بڵێ: بەڕاستی من نەزیان ونەڕێنمونی ئێوەم بەدەست نیە
22بڵێ: بێگومان کەسێك نیە کە من بپارێزێت لە (سزای) خوا، وە بێجگە لەو پەناگەیەك شك نابەم
23(وە ھیچم بەدەست نیە) ڕاگەیاندن نەبێت لە خواوە وگەیاندنی پەیامەكانی ئەو نەبێت وە ھەر کەسێك بێ فەرمانی خوا وپێغەمبەری بکات ئەوە بێگومان ئاگری دۆزەخ بۆ ئەوە، تێیدا دەمێنێتەوە بە ھەمیشەیی
24تا بەچاوی خۆیان دەبینن ئەو سزایانەی کە بەڵێنیان پێدراوە، ئەمجا ئەو کاتە دەزانن، کە کێ یارمەتیدەری کەمترە وژمارەی کەمە
25بڵێ من نازانم ئاخۆ نزیکە ئەو ڕۆژی دواییەی کە بەڵێنتان پێدراوە یان پەروەردگارم ماوەیەکی دووری بۆ داناوە
26ھەر خوایە زانا بە نھێنیەکان وە کەس ئاگادار ناکات بەسەر نھێنی خۆیدا
27مەگەر بۆ پێغەمبەرێك کە خۆی ڕازی بێت، جا بێگومان خوا لەبەردەمی وپشتیەوە پاسەوان (لە فریشتە) دەنێرێت
28تا بزانێت کە پەیامی خوای خۆیان گەیاندووە وە خوا ئاگادارە بەوەی کە لایانە وە ھەموو شتێکی (لەسەریان) ژماردووە بە ھەڵژماردن