فصلت
Explained in Detail • 54 ayahs • Meccan
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
1بە(حا، میم) دەخوێنرێتەوە خوا زاناترە بەواتای، سەیری سەرەتای سورەتی (البقرة)ش بکە
2 قورئان لەلایەن خوای بەخشندەی میھرەبانەوە نێردراوەتە خوارەوە
3پەڕاوێکە بەڵگەکانی ڕوونکراوەتەوە (لێك جیاکراوەتەوە) قورئانێکە بەزمانی عەرەبی بۆ گەلێك کەشارەزان و دەزانن
4مژدەدەر وترسێنەرە کەچی زۆربەیان گوێی پێ نادەن و بۆیە (قورئان) نابیستن
5دەڵێن دڵەکانمان لەناو چەند پەردەیەکدایە (تێ ناگەین) لەئەوەی تۆ ئێمەی بۆ بانگ دەکەیت وە لەگوێیەکانماندا گرانی و کەڕی ھەیە وە لەنێوان ئێمەو تۆدا پەردەیەك ھەیە کەواتە تۆ کاری خۆت بکە و بێگومان ئێمەیش کاری خۆمان دەکەین
6بڵێ: بەڕاستی من مرۆڤێکم وەك ئێوە بەڵام (ھەندە ھەیە من) نیگام بۆ دەکرێت کە بەڕاستی پەرستراوی ئێوە خوایەکی تاك و تەنھایە کەواتە باڕووتان ھەر بەرە و خوا بێت (لەپەرستنەکانتاندا) و داوای لێبوردنی لێ بکەن وە سزاو لەناوچوون بۆ ھاوبەشدانەرانە
7ئەوانەی کەزەکات نادەن و باوەڕیشیان بەڕۆژی دوایی نیە
8بەڕاستی ئەوانەی باوەڕیان ھێناوەو کردەوە چاکەکانیان کردووە پاداشتی بێ بڕانەوەیان بۆ ھەیە
9بڵێ: ئاخۆ بەڕاستی ئێوە باوەڕتان بەو زاتە نیە؟ کە زەوی لەدوو ڕۆژدا دروستکردووە وە ھاوبەشانی بۆ دادەنێن ھەر ئەوە پەروەردگاری جیھانیان
10وە لەسەر زەویدا شاخی زۆری داناوە وە فەڕ و بەرەکەتی تێ خستووە وە بژێوی (ھەموو گیاندارێکی) لەزەویدا دیاریکرد لەماوەی چوار ڕۆژدا بەیەکسانی بۆ گشت داواکەران
11پاش دروستکردنی زەوی ئیرادەی دروستکردنی ئاسمانی کرد کە پێشتر دوکەڵێک بوو ئەمجا بەئاسمان و بەزەوی فەرموو: وەرن بەوویستی خۆتان یان بە ناچاری (بێنە ژێر فەرمانم) ھەر دووکیان ووتیان بەوویستی خۆمان ھاتین
12ئەوسا حەوت ئاسمانی لەدوو ڕۆژدا دروستکرد (کەواتە خوای گەورە زەوی و ئاسمانەکانی بەشەش ڕۆژ دروستکرد) وە ھەر ئاسمانەی فەرمان (کار) ی خۆی بۆ نارد وەئاسمانی دونیامان بەئەستێرە درەوشاوەکان ڕازاندەوە، وپارێزراوە (لەگوێ گرتنی شەیتانەکان) ئەوە بڕیاری خوای زاڵ و بەدەسەڵاتە
13جا ئەگەر ڕوویان وەرگێڕا ئەوە بڵێ بەھەورە تریشقەیەك (بروسکەیەك) دەتانترسێنم وەك ھەورە تریشقەی (گەلی) عادو سەمود
14کاتێك پێغەمبەرەکانیان ھاتنە لایان لەبەردەمیان و لە پشتیانەوە (لەھەموو لایەکەوە) (پێیان ووتن) کەجگە لەخوا نەپەرستن ووتیان: ئەگەر پەروەردگارمان بیویستایە فریشتەیەکی دەناردە خوارەوە (بۆمان) بۆیە بەڕاستی ئێمە بەوەی ئێوەی پێ نێرراون باوەڕ ناکەین
15ئەمجا (گەلی) عاد بەناڕەوا خۆیان بەگەورە زانی لەزەویدا وە ووتیان: کێ لەئێمە بەھێز ترە ئایا نەیان زانی بوو بێگومان ئەو خوایەی کەئەوانی دروستکردووە لەئەوان بەھێز ترە وە ئەوان دانیان نەدەنا بەبەڵگەکانی ئێمەدا وئینکاریان دەکرد
16ئەوسا ئێمە بایەکی زۆر بەھێزی ساردمان بۆ ناردن لەڕۆژانێکی بەردەوام (وشوم)دا بۆ ئەوەی سزای ئابڕو بەریان پێ بچەژین لەژیانی دونیادا بێگومان سزای پاشە ڕۆژیان ئابڕو بەر (وڕیسواکەر) ترە وە ئەوان یارمەتی نادرێن
17وە (ھۆزی) سەمودمان ڕێنمونی کرد بەڵام ئەوان زیاتر حەزیان لەکوێری وگومڕایی کرد تا شارەزایی و ڕێنمونی جا بۆیە ھەورە بروسکەی سزای ڕیسواکەر لێی دان بەھۆی ئەو (خراپانەوە) کەدەیانکرد
18وە ئەو کەسانەشمان ڕزگارکرد کەباوەڕدارو پارێزکار ولەخواترس بوون
19وە ڕۆژێك ھەموو دوژمنانی خوا بەرەو ئاگری دۆزەخ کۆدەکرێنەوە جا ئەوان (لە پێش کەوتن و دواکەوتن) ڕێگری دەکرێن (تا ھەموو پێکەوە بەڕیز بڕۆن)
20تا کاتێك دەگەنە لای ئاگری دۆزەخ شایەتی دەدات لە دژیان گوێ و چاو و پێستی لەشیان بەو کردەوانەی کە کردویانە ( لەدونیادا)
21وە بەپێستەکانیان دەڵێن: بۆچی شایەتیتان دا لەدژمان دەڵێن: ئەو خوایە ئێمەی ھێناوەتە زمان کە ھەموو شتێکی ھێناوەتە زمان (وقسەکردن) ھەر ئەویش یەکەمجار ئێوەی دروستکردوە وە ھەر بۆلای ئەویش دەگەڕێنرێنەوە
22وە ئێوە خۆتان نەدەشاردەوە (نەدەپاراست لەگوناە) لەشایەتیدانی گوێ و چاوو پێستی لەشتان لەدژتان بەڵکو وا گومانتان دەبرد کەخوا نازانێ بەزۆرێك لەو کارانەی کە دەیکەن
23ئا ئەوە گومانتان بوو کە دەتان برد بەپەروەردگارتان ئێوەی ھەڵدێرا (لەناوی بردن) وچوونە ڕیزی زیانباران و خەسارۆمەندانەوە
24ئەمجا ئەگەر ئارام بگرن ئەوانە ئاگر شوێنی مانەوەیانە وە ئەگەر داوای لێبوردن و ڕازی بوونی خوا بکەن ئەوە خوا ھەرگیز ڕازی نابێت (خۆش نابێ لێیان)
25وە چەند دۆست (و ھاودەم)مان لەدونیا بۆ دانان کە خراپەکردنی دونیاو (بێ بڕوایی) ڕۆژی دوایی بۆ ڕازاندنەوە وە بەڵێنی (سزادانیان) بەسەردا درا لە(ڕیزی) ئەو گەلانەی ڕابوردن پێش ئەمان لەجنۆکە و ئادەمی بەڕاستی زەرەرۆمەند بوون
26وە بێ باوەڕان (بەیەکتریان) دەووت گوێ مەگرن بۆ ئەم قورئانە وە قسەی پڕوپوچی تێکەڵ بکەن بەڵکو سەرکەون (بەسەریدا)
27دەی سوێند بەخوا بێگومان ئەوانەی بێ باوەڕ بوون پێیان دەچێژین سزایەکی سەخت وە تۆڵەیان لێ دەسەنین (بەتۆڵەی) خراپترینی تاوانێك کەدەیان کرد
28ئەوەی (باسکرا) سزای دوژمنانی خوایە کەئاگری دۆزەخە ماڵی ھەمیشەی ئەوان لەو ئاگرەدایە ئەو سزایە (دەدرێن) چونکە دانیان نەدەنا بەنیشانەکانی ئێمەدا
29وە ئەوانەی بێ باوەڕن دەڵێن: ئەی پەروەردگارمان ئەو دوانەمان نیشان بدەن کە گومڕایان کردین لە جنۆکە وئادەمی تا بیانخەینە ژێر پێمان تا لە ژێری ژێرەوەی دۆزەخ بن
30 بەڕاستی ئەوانەی ووتیان خوا پەروەردگارمانە و لەپاشان ڕێك و ڕاست (لەسەر ئاین) بەردەوام بوون فریشتەکان پۆل پۆل دێنە لایان (کاتی مردن یان زیندوو بوونەوە) (پێیان دەڵێن) کەمەترسن و خەفەت مەخۆن وە مژدە بێ لێتان ئەو بەھەشتەی کەبەڵێنتان پێ درابوو
31ئێمە لەژیانی دونیا و لەڕۆژی دواییدا پشتیوانی ئێوەین وە لەو (بەھەشتەدا) ھەرچی حەزی لێ بکەن بۆتان ئامادەیە وە ھەرچی داوا بکەن لەوێدا لەخزمەتتاندایە
32ڕێزلێنان و میوانداریە لەلایەن خوای لێبوردەی میھرەبانەوە
33کێ ووتەی چاکترو بەجێترە لەوکەسەی (خەڵك) بۆلای خوا بانگ دەکات وەکاری چاکە دەکات و دەڵێ بێگومان من لەکۆمەڵی گەردنکەچ و موسڵمانانم
34چاکە و خراپە چوون یەك نین بەچاکترین شێوە وەڵامی (خراپە) بدەرەوە ئەوسا کەسێك کە لەنێوان تۆ و ئەودا دوژمنایەتی ھەیە وەك دۆستێکی دڵسۆز و گیانی بەگیانی لێ دێت (ئەمەش دەرەنجامی ڕەوشتی بەرز وکار وکردەوەی جوانە)
35بەم ئاستە ناگات کەسانێك نەبێت کە خۆڕادەگرن و بەئارامن وە پێی ناگات مەگەر کەسێك خاوەنی بەشی ھەرە گەورە بێت (لەپاداشت)
36وە ئەگەر لەشەیتانەوە تووشی خەتەرەو خەیاڵی نادروست بوویت ئەوە پەنا بگرە بەخوا چونکە بەڕاستی ھەر ئەو بیسەر و زانایە
37لەنیشانەکانی (دەسەڵاتی) خوایە شەوو ڕۆژو خۆرو مانگ، سوژدە مەبەن نەبۆ خۆرو نەبۆ مانگ بەڵکو سوژدە بەرن بۆ ئەو خوایەی ئەوانی بەدیھێناوە ئەگەر ئێوە تەنھا ئەو دەپەرستن
38جا ئەگەر خۆیان بەگەورە زانی (من بپەرستن) دەی ئەوانەی لای پەروەردگارتن (فریشتەکان) بەشەو و بەڕۆژ عیبادەتی ئەو دەکەن و ماندو وەڕەس نابن
39لەنیشانەکانی(دەسەڵاتی) خوایە کەزەوی دەبینیت ووشك و ماتە کەچی کاتێك بارانمان باراند بەسەریدا (بەڕواندنی ڕوەك) دەکەوێتە جوڵەو دەبوژێتەوە (بەرز دەبێتەوە) بێگومان ئەوەی (زەوی ووشك) دەبوژێنێتەوە زیندووکەرەوەی مردووەکانیشە بەڕاستی ئەو (خوا) بەسەر ھەموو شتێکدا بەتوانایە
40بێگومان ئەوانەی لەئایەتەکانی ئێمە لادەدەن لەئێمە شاراوە نین دەی ئایا کەسێك دەخرێتە ناو ئاگرەوە چاکترە یان ئەو کەسەی لەڕۆژی قیامەتدا بێ ترس دێت ھەرچیتان وویست (حەزتان لێ کرد) بیکەن بێگومان خوا بەوەی دەیکەن بینایە
41بەڕاستی ئەوانەی کەقورئانیان بۆ ھات وباوەڕیان پێ نەھێنا (سزایان دەدەین) کەبەڕاستی کتێبێکی زۆر بەرزو جێگەی ڕێزە
42بەتاڵ وناڕاستی ڕوی تێ ناکات نە لەئێستا و نەلە دوواڕۆژدا (نە بەلێ کەمکردن نە بەلێ زیادکردن) چونکە نێردراوەتە خوارەوە لەلایەن (خوای) کاردروست و ستایشکراوەوە
43ھیچ شتێك بەتۆ ناوترێت مەگەر ئەوەی بەپێغەمبەرانی بەرلەتۆ ووتراوە بەڕاستی پەروەردگارت خاوەن لێبوردنە (بۆ ئیمانداران) وە خاوەن تۆڵەی سەختە (بۆ بێ باوەڕان)
44ئەگەر ئەم قورئانەمان بەزمانێکی تر جگـە لـەعەرەبی بناردایە بێ باوەڕان دەیانووت بۆچی ئایەتەکانی بەڕوونی شینەکراونەتەوە (چۆن دەبێت) قورئانی عەجەمی و پێغەمبەری عەرەبی (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: قورئان بۆ کەسانێك باوەڕیان پێی ھێناوە ڕێنیشاندەرو شیفایە وە ئەوانەی باوەڕی پێ نایەنن لەگوێیاندا گرانی و کەڕی ھەیە (لەبیستنی ھەق) ھەروەھا لەئاست ئەو قورئانەدا کوێرن، ئەوانە لەشوێنێکی زۆر دورەوە بانگ دەکرێن
45سوێند بەخوا بەڕاستی تەوراتمان دابە موسا بەڵام جیاوازی تێدا کرا (لەلایەن جولەکەکانەوە) وە ئەگەر پێشتر بڕیار نەدرایە لەلایەن پەروەردگارتەوە (کە سزایان دوا بخرێت) لەنێوانیاندا دادوەری دەکرا (بەسزا دانیان لەدونیا) وە بەڕاستی ئەوان لەدوو دڵی و بەدگومانیدان دەربارەی قورئان
46ھەر کەسێك کاری چاکە بکات (قازانجەکەی) بۆ خۆیەتی ھەر کەسیش خراپە بکات (زیانەکەی) بۆ خۆیەتی وە پەروەردگارت ستەم لەبەندەکانی ناکات
47زانینی ڕۆژی دوایی تەنیا بۆ لای خوا دەگەڕێنرێتەوە وە ھەر بەروبوومێك کە لە پێست و قەباغەکەی دێتە دەرەوە و ھەر مێینەیەك ئاوس دەبێ و (سکەکەی) دادەنێت ئەوە (خوا) ئاگای لێیە وە ڕۆژێك خوا (ھاوبەش پەیدا کەران) بانگ دەکات (پێیان دەڵێت) ھاوبەشانێك (کەداتان نابوو بۆ من) لەکوێن دەڵێن پێمان ڕاگەیاندی کەس لەئێمە شایەت نین (تۆھاوبەشت ھەبێت)
48وە وون بوولێیان ئەوانەی پێشتر دەیانپەرستن وە زانیان کە ھیچ پەنایەکیان نیە
49ئادەمی ماندو نابێت لە داواکردنی خێرو خۆشی وە ئەگەر ناخۆشیەك دووچاری ببێت ئەوە بێ ھیوا و نائومێد دەبێت
50وە ئەگەر پێمان بەخشی نیعمەت وڕەحمەتێك لەلایەن خۆمانەوە لەپاش زیانێك لێی کەوتووە دەڵێت: ئەمە ھی خۆمە وەگومان نابەم ڕۆژی دوایی بەرپا بێت وە ئەگەر گەڕێندرامەوە بۆلای پەروەردگارم (زیندووبونەوە ھەبوو) بێگومان لای خوا (پاداشتی) زۆر چاکم ھەیە جا سوێند بەخوا ھەواڵ دەدەین بەوانەی بێ باوەڕ بوون بەوەی کردوویانە (لەدونیا) وە سوێند بەخودا پێیان دەچەژین سزایەکی بەھێز و بەتین
51وە کاتێك چاکە و خۆشیمان ڕشت بەسەر ئادەمیدا ڕوو وەردەگێڕێ و بە خۆبەزل زانینە وە دوور دەکەوێتەوە بەڵام کاتێك ناخۆشی تووش بێت ئەوە نزاو ھاواری زۆر دەکات
52بڵێ پێم بڵێن ئەگەر (قورئان) لەلایەن خواوە بوو پاشان ئێوەش باوەڕتان پێ نەکرد کێ گومڕاترە لەو کەسەی کەلە دژایەتیەکی دوور لەڕاستیدا بێت
53لەمەودوا بەڵگە کانی خۆمانیان نیشان دەدەین لە ئاسۆی دونیا (لەبوونەوەردا) وە لە خودی خۆیاندا ھەتا بۆیان ڕوون بێتەوە بێگومان ئەم (قورئانە) ڕاستە ئایا پەروەردگارت بەس نیە کە بەڕاستی ئاگادارە بەسەر ھەموو شتێکدا
54ئاگاداربە بەڕاستی ئەوانە لە دوو دڵیدان لەدیدار وگەشتن بە پەروەردگاریان ئاگاداربە بەڕاستی (زانست وزانیاری) خوا دەوری ھەموو شتێکی داوە