غافر
The Forgiver • 85 ayahs • Meccan
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
1بە (حا، میم) دەخوێنرێتەوەو خوا بەواتای ئەم پیتانە زاناترە، سەرنجی سەرەتای سورەتی(البقرة) بدە دەربارەی واتاکەیان
2ئەم قورئانە ھێنراوەتە خوارەوە لەلایەن خوای باڵادەست و داناوە
3لێبوردەی تاوان و وەرگری تۆبەی (گوناھباران وتۆبەکارانە) (ئەو خودایە) تۆڵەی سەخت وبەتینە وە خاوەن فەزڵ و بەھرە و چاکەیە بێجگە لەو ھیچ پەرستراوێکی بەھەق و ڕاست نیە گەڕانەوەی ھەمووان ھەر بۆلای ئەوە
4دەمە قاڵێ وکێشمەکێش ناکات لەنیشانەکانی خوادا بێباوەڕان نەبێت کەوا بوو فریوت نەدات ھاتوچۆ و گەڕانیان بەووڵاتدا (بۆ بازرگانی وسامان دەس خستن)
5پێش ئەوان گەلی نوح باوەڕیان نەھێنا (بەنوح) وە دەستەو تاقمەکانی دوای ئەوانیش (باوەڕیان نەھێنا) و ھەموو گەلێك وویستوویەتی (نیازی کردووە) کە پێغەمبەرەکەیان بکوژن (یان بیگرن وئازاری بدەن) وە دەمەقاڵێیان (لەگەڵ) دەکرد بەناڕەوا بۆ ئەوەی ڕاستی پێ لابەرن و نەیھێڵن ئیتر (قار وتووڕەیی) من گرتنی جا چۆن بوو تۆڵەسەندنی من لەوان
6وە ئابەو جۆرە بڕیاری پەروەردگارت بەدیھات لەسەر ئەوانەی بێ باوەڕ بوون کەبێگومان ئەوان دۆزەخین
7ئەو فریشتانەی ھەڵگری عەرشن و ئەوانەش بەدەوریدان بەستایشی پەروەردگاریان تەسبیحات دەکەن وە باوەڕیان بەو ھەیە وە داوای لێبوردن دەکەن بۆ ئەوانەی ئیماندارن (دەڵێن): ئەی پەروەردگارمان میھرەبانی وزانیاریت ھەموو شتێکی گرتۆتەوە دەی خۆش ببە لەوانەی تۆبەیان کردووە و شوێنی ڕێگای تۆ کەوتوون وە بیانپارێزە لەسزای دۆزەخ
8ئەی پەروەردگارمان بیشیان خەرە بەھەشتانێکی ھەمیشەیی کە بەڵێنت پێ دابوون ئەو کەسانەش چاکەکار بوون لەباوو باپیران و ھاوسەران و ڕۆڵەکانیان (نەوەکانیان) بەڕاستی ھەر تۆ زاڵ و کار دروستی
9وە بیانپارێزە لە (تۆڵەی) تاوانەکان چونکە ھەر کەسێك لە (تۆڵەی) خراپە و تاوان بپارێزیت لەو ڕۆژەدا ئەوە بێگومان ڕەحمت پێ کردووە وە ھەر ئەوەیە سەرکەوتنی زۆر گەورە
10بەڕاستی کەسانێك بێ باوەڕ بوون (لەپاشەڕۆژدا) بانگ دەکرێن کەبەڕاستی توڕەیی و خەشمی خوا (لەدونیادا) گەورەتر بوو لەڕق و توڕەیتان لەخۆتان (لەقیامەتدا) کاتێك بانگ دەکران بۆ باوەڕ ھێنان بەڵام باوەڕتان نەدەھێنا
11دەڵێن ئەی پەروەردگارمان تۆ دوو جارت مراندووتین وە دوو جاریش ژیانت بەبەردا کردووین جا دانمان نا بەتاوانەکانماندا دەی ئایا ڕێگایەك ھەیە بۆ دەرباز بوون
12ئەم سزایەتان لەبەر ئەوەیە کە بەڕاستی ھەرکاتێك خوا بەتاك و تەنھایی بپەرسترایە ئێوە بێ باوەڕ دەبوون وە ئەگەر ھاوبەشی بۆ دابنرایە باوەڕتان دەھێنا (بەو ھاوبەش دانانە) بڕیاردان ھەر بۆ خوای بڵند و بەرزو گەورەیە
13ئەو زاتێکە نیشانەکانی خۆیتان نیشان دەدات وە لەئاسمانەوە ڕزق و ڕۆزیتان بۆ دەنێرێتە خوارەوە کەس بیرناکاتەوە (پەند وەرناگرێت) مەگەر کەسێك ڕوو لەخوا بێت
14کەواتە لەخوا بپارێنەوەو بەپاکیی ودڵسۆزی و بۆی گەردن کەچ بن ھەر چەندە بێ باوەڕانیش پێیان ناخۆش بێت
15(خوا) پلەو پایە زۆر بەرزی خاوەن عەرشی مەزنە بەفەرمانی خۆی وەحی دەنێرێت بۆ ھەر کەس لەبەندەکان کەبیەوێت تا(خەڵك) بترسێنێت لە ڕۆژی بەیەکتر گەیشتن
16ڕۆژێك کە ھەموو (لە گۆڕەکانیان دێنە دەرو) ئاشکرا دەبن ھیچ شتێکیان لە خوا پەنھان نابێت (خوا دەفەرمووێت) ئەمڕۆ پادشایەتی و دەسەڵات بۆ کێیە (وەڵام نادرێتەوە) (خۆی وەڵام دەداتەوە و دەفەرمووێت) ھەر بۆ خوای تاك و تەنھایە کە بەسەر ھەمووشتدا زاڵە
17ئەمڕۆ ھەموو کەس پاداشت یان سزا دەدرێتەوە بەگوێرەی ئەوەی کردوویەتی ئەمڕۆ ستەم کردن نیە (لە کەس) بەڕاستی لێپرسینەوەی خوا بەپەلەو خێرایە
18(ئەی موحەممەد ) ئەوان لەڕۆژە نزیکەکە (لەقیامەت) بترسێنە لەوکاتەی دڵەکان (لەترسا) گەشتوونەتە گەروو ھەموو پیش دەخۆنەوە ستەمکاران نەھیچ دۆستێکیان ھەیە وە نە تکاکارێک بەگوێی بکرێت
19(خوا) دەزانێ بەخیانەتی چاوان و ھەرچی دڵان دەیشارنەوە
20وە خوا بەھەق و ڕاستی دادوەری دەکات بەڵام ئەوانەی جگە لەخوا ھاواریان لێ دەکەن (دەیانپەرستن) ناتوانن بڕیاری ھیچ شتێك بدەن بەڕاستی ھەرخوا بیسەر و بینایە
21ئایا بەزەویدا نەگەڕاون تا ببینن (بزانن) سەرەنجامی ئەوانەی کەپێش ئەمان بوون چۆن بوو ئەوانە لەمان بەھێزتر بوون وە شوێنەواریان لەزەویدا زیاتر بوو بەڵام خوا بەھۆی تاوانەکانیانەوە گرتنی وتۆڵەی لێ سەندن وە کەس پارێزەریان نەبوو لە (سزای) خوا
22ئەمە لەبەر ئەوە بوو کەبێگومان ئەوان پێغەمبەرەکانیان بۆ دەھات بەنیشانە ئاشکراکانەوە کەچی باوەڕیان نەھێنا ئەمجا خوا قاری لێ گرتن و سزای دان بەڕاستی خوا بەھێزی تۆڵەسێنی بەتینە
23سوێند بەخوا بێگومان موسامان نارد بەچەند موعجیزە و بەڵگەی ڕوونەوە (بەتەوراتەوە)
24بۆ لای فیرعەون و ھامان و قارون ھەموو ووتیان: جادوگەرێکی درۆزنە
25ئەمجا کاتێك موسا (ئاینی) ڕاسـتی لەلایەن ئێمەوە بۆ ھێنان ووتیان کوڕانی ئەوانەی لەگەڵ ئەو(موسا) باوەڕیان ھێناوە بکوژن وە ژنەکانیان بەزیندوویی بھێڵنەوە (بۆ کارەکەری) بەڵام فێڵی بێ باوەڕان ھەر مایەی سەر لێ شێوانە (ھەرگیز سەرناگرێت)
26وە فیرعەون ووتی: لێم گەڕێن با موسا بکوژم ئەوسا بائەو ھانا بۆ پەروەردگاری بەرێت (ڕزگاری بکات) بەڕاستی من دەترسم کەئاینەکەتان بگۆڕێت یان لەزەویدا ئاژاوە وخراپەکاری بنێـتەوە
27وە موسا ووتی: بەڕاستی من پەنا دەگرم بەپەروەردگاری خۆم و پەروەردگاری ئێوەش لەھەموو خۆبەزل زانێك کە باوەڕی بەڕۆژی لێ پرسینەوە نیە
28وە پیاوێکی باوەڕدار ووتی: لەکەس و کاری فیرعەون بوو کە باوەڕِەکەی شاردبوەوە ئایا (چۆن) پیاوێك دەکوژن؟ لەبەر ئەوەی دەڵێ: خوا پەروەردگارمە کە بەڕاستی چەند بەڵگە و موعجیزەی ڕوونی لە پەروەردگارتانەوە بۆ ھێناون خۆ ئەگەر درۆزن بێت (کەدەڵێ پێغەمبەرم) ئەوە (تاوانی) درۆکەی بەئەستۆی خۆیەتی خۆ ئەگەر ڕاستگۆ بێت ھەندێ لەو (سزایەی) بەڵێنی پێ داوون تووشتان دەبێت بێگومان خوا ڕێنمونی کەسێک ناکات کە زیادەڕۆ و درۆزن بێت
29(موسا ووتی): ئەی گەلەکەم فەرمان ڕەوایی ئەمڕۆ ھی ئێوەیە و بەدەسەڵات و زاڵن لەسەر زەویدا دەی کێ یارمەتیمان دەدات ئەگەر سزای خوامان بۆ بێت فیرعەون ووتی: چی خۆم بەچاکی دەبینم ھەر ئەوەتان نیشانە دەدەم وە تەنھا بۆ ڕێگای ڕاست ڕێنمونیتان دەکەم
30وە ئەو (پیاوەی) باوەڕی ھێنا بوو ووتی: ئەی گەلەکەم بەڕاستی من لەوە دەترسم بەسەرتان بێ وێنەی (سزای) ئەو ڕۆژەی بەسەر کۆمەڵان و گەلانی پێشوو ھات
31وەك ئەو (سزایەی) ھات بەسەر گەلی نوح و عاد و سەمود و ئەوانەش لەدوای ئەوان بوون وە خوا زوڵم و ستەمی ناوێت بۆ بەندەکانی
32وە ئەی گەلەکەم بەڕاستی من ترسی ڕۆژی ھاوارو بانگ لەیەکتری کردنم ھەیە لێـتان (ئەو ڕۆژەی کە ھەموو کەس ھاوار وداوای یارمەتی لەیەکتری دەکەن)
33ئەو ڕۆژەی پشت ھەڵدەکەن و ھەڵدێن (لەیەکتری) ھیچ پەناگەیەك بۆ ئێوە نیە لە(سزای) خوا وە ھەر کەسێك خوا گومڕای بکات ئەوە ھیچ ڕێنمونی کارێکی بۆ نیە
34سوێند بەخوا بێگومان پێشتر یوسف پێغەمبەرتان بۆھات بەبەڵگە ڕوونەکانەوە کەچی ئێوە ھەر لەگوماندا بوون لەو بەڵگانەی بۆی ھێنابوون تا کاتێك (یوسف) وەفاتی کرد ووتتان ئیتر دوای ئەو خوا ھیچ پێغەمبەرێکی تر نانێرێت ئا بەو جۆرە خوا گومڕای دەکات ئەو کەسەی زیادەڕۆی دوو دڵە
35ئەوانەی دەربارەی نیشانەکانی خوا دەمەقاڵێ دەکەن بەبێ ئەوەی بەڵگەیەکیان بۆ ھاتبێت (ئەو دەمەقاڵەیان) ھۆی توڕەییە لای خوای گەورە وەلای ئەوانەش باوەڕیان ھێناوە ئا بەو جۆرە خوا مۆر دەنێ بەسەر دڵی ھەموو خۆبەزل زانێکی زۆرداردا
36فیرعەون ووتی ئەی ھامان کۆشکێکی بەرزم بۆ دروست بکە بەڵکو بگەمە ئەو ڕێگایانە
37کەڕێگاکانی (بەرز بوونەوەن بۆ) ئاسمانەکان بۆ ئەوەی (لەوێوە) سەیری خواکەی موسا بکەم وە بەڕاستی من وا گومان دەبەم ئەو (موسا) درۆزنە ئابەو جۆرە ڕازێنرایەوە بۆ فیرعەون کردەوەی خراپی وە (بە ھۆیەوە) ڕێگری کرا لەڕێگای ڕاست وە ھەر فێڵ و پلانێکی فیرعەون ھەبوو بەفیڕۆ چوو
38وە ئەو (پیاوەی) باوەڕی (بە موسا) ھێنا بوو ووتی ئەی گەلەکەم شوێن من بکەون ڕێگای ڕاستتان نیشان دەدەم
39ئەی گەلەکەم بەڕاستی ژیانی ئەم دونیایە ڕابواردنێکی کەمە وە بەڕاستی ھەر پاشەڕۆژ جێی حەسانەوەی ھەمیشەییە
40ھەر کەسێك کاری خراپەی کرد بێت ھەر بەئەندازەی خراپەکەی سزا دەدرێت ھەر کەسیش چاکەی کرد بێت ئافرەت بێت یان پیاو (بەو مەرجەی) باوەڕدار بێت ئا ئەوانە دەچنە بەھەشتەوە لەوێدا بەبێ ژمارە وحیساب ڕزق و ڕۆزییان پێ دەدرێت
41وە ئەی گەلەکەم ئەوە چیە من بانگتان دەکەم بۆ ڕزگاربوون کەچی ئێوە من بانگ دەکەن بۆ ئاگری دۆزەخ
42بانگم دەکەن بۆ ئەوەی بێ باوەڕبم بەخوا وە شتێ بکەمە ھاوبەشی خوا کەھیچ زانیاری یەکم پێی نیە لەکاتێکدا من بانگتان دەکەم بۆلای خوای بەدەسەڵات و لێبوردە
43ڕاستە و گومانی تێدا نیە ئەوەی ئێوە منی بۆ بانگ دەکەن شیاوی بانگ کردن نیە نە لە دونیا و نە لە دواڕۆژدا وە بەڕاستی گەڕانەوەمان ھەر بۆلای خوایە و بێگومان زیادەڕۆیان ھاوەڵانی ئاگری دۆزەخن
44جا لەمەودوا ئەوەی من پێتان دەڵێم بیرتان دەکەوێتەوە وە من کاری خۆم بەخوا دەسپێرم بەڕاستی خوا بینایە بەبەندەکانی
45جا خوا ئەو (پیاوە ئیماندارە) ی پاراست لەزیانی ئەو فڕو فێڵانەی دەیان کرد وە سزای سەخت ھات و دارودەستەی فیرعەونی گرتەوە
46بەیانیان و ئێواران (فیرعەون ودەست وپێوەندەکەی) دەبرێنە دیاری ئاگری دۆزەخ ڕۆژێکیش کە قیامەت ھەڵدەسێت (فەرمان دەدرێت) دارودەستەی فیرعەون بخەنە سەخترین سزاوە
47وەکاتێك (دۆزەخیەکان) لەناو ئاگرەکەدا دەمە قاڵێ دەکەن، لاوازەکان بەوانەی خۆ بەزل زان بوون دەڵێن بەڕاستی ئێمە شوێن کەوتووی ئێوە بووین دەی ئایا ئێوە لەجیاتی ئێمە لەئەستۆ دەگرن بەشێك لەم ئاگرە
48ئەوانەی خۆ بەزل زان و زۆردار بوون دەڵێن: بەڕاستی ھەموومان لەئاگرداین بێگومان خوا لەنێوان بەندەکانیدا دادوەری کردوو ( وحوکمی تەواو بوو)
49وە ئەوانەی لەئاگری دۆزەخدان بەدەرگاوانەکانی دۆزەخ دەڵێن داوا لەپەروەردگارتان بکەن تەنھا یەك ڕۆژ سزامان لەسەر سووك بکات
50دەڵێن: ئایا پێغەمبەرەکان نەھاتن بۆ لاتان؟ بەچەندین بەڵگەی ڕوون وئاشکراوە؟ دەڵێن :بەڵێ (ھێنا بوویان) پێیان دەڵێن دەی خۆتان بپاڕێنەوە بێگومان پاڕانەوەی بێ باوەڕان وون دەبێ و بێ سوودە
51بەڕاستی ئێمە پێغەمبەرانمان و ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە سەرکەوتوو دەکەین لەژیانی دونیادا وە لەو ڕۆژەی (قیامەت) کە شایەتەکان ھەڵدەسنەوە
52ڕۆژێکە بیانوو و پاکانە کردنی بێ باوەڕان ھیچ سوودیان پێ ناگەیەنێت ھەموویان نەفرەتیان لێکراوە و خراپترین جێگایان ھەیە
53سوێند بەخوا بەڕاستی ئێمە تەوراتمان دا بەموسا وە نەوەکانی ئیسرائیلمان کردە میراتگری تەورات
54(کەھۆی) ڕێنمونی و پەندو بیرخەرەوەیە بۆ خاوەن ژیریەکان
55ئەمجا (ئەی موحەممەد ﷺ) خۆگربە بێگومان بەڵێنی خوا ھەقەو دێتە دی وە داوای لێبوردنی گوناھت بکە وە تەسبیحات بکە بەستایشی پەروەردگارت بەئێواران وبەیانیاندا
56 بەڕاستی ئەو کەسانەی دەمە قاڵێ و کێشە دەکەن دەربارەی نیشانەکانی خودا بەبێ ئەوەی بەڵگەیەکیان بۆ ھاتبێت ھیچ لە دڵیاندا نیە جگە لەخۆبەزل زانی نەبێت ھەرگیز ئەوان بە (مەبەستیان) ناگەن کەواتە پەنا بەخوا بگرە بەڕاستی ھەر ئەو بیسەر و بینایە
57بەڕاستی بەدیھێنانی ئاسمانەکان و زەوی گەورەترە لەبەدی ھێنانی خەڵکی بەڵام زۆربەی مەردووم ئەمە نازانن
58وە نابینا و بینا یەکسان نین وە کەسانێك باوەڕیان ھێناوە و کردەوە چاکەکانیان کردووە لەگەڵ بەدکاران وەك یەك نین زۆر کەم (لەخەڵکی) بیر دەکەنەوە
59بەڕاستی ڕۆژی دوایی دێت ھیچ گومانی تێدا نیە بەڵام زۆربەی خەڵکی باوەڕ ناکەن
60وە پەروەردگارتان فەرموویەتی: لێم بپاڕێنەوە وەڵامتان دەدەمەوە بەڕاستی ئەوانەی خۆ بەگەورە دەزانن کەبمپەرستن بێگومان بەسەر شۆڕی دەچنە دۆزەخەوە
61خوا ئەو زاتەیە شەوی داناوە بۆ ئێوە تائارامی تێدا بگرن وە ڕۆژیشی ڕوناك کردۆتەوە (بۆ ژیان پەیدا کردن) بەڕاستی خوا خاوەن چاکەو میھرەبانیە بەسەر خەڵکەوە بەڵام زۆربەی ئادەمی سوپاس گوزار نین
62ئەمەیە خوای پەروەردگاری ئێوە دروستکەر وداھێنەری ھەموو شتێکە ھیچ پەرستراوێکی بەھەق وڕاست نیە جگە لە ئەو دەی کەواتە چۆن لائەدەن لەڕاستی
63ئا بەم جۆرە لائەدرێن ئەوانەی کەدان نانێن بەبەڵگەو نیشانەکانی خوادا
64خوا زاتێکە کەزەوی بۆ کردونەتە نیشتەجێ (وئارامگا) وە ئاسمانیشی بۆ کردوون بەسەربان و بەجوانترین شێوە ئێوەی دروستکردووە لەوشتانەیش کەحەڵاڵ و پاکن ڕۆزی داوون ئەمەیە خوای پەروەردگاری ئێوە بەرزی و پیرۆزی بۆ خوای پەروەردگاری جیھانیان
65ھەر زیندووە و ھیچ پەرستراوێکی بەھەق وڕاست نیە جگە لە ئەو کەواتە خوا بپەرستن بەدڵسۆزی وتەنھا بۆ ئەو ملکەچ بن سوپاس و ستایش بۆ خوای پەروەردگاری جیھانیان
66(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: بەڕاستی من ڕێگری کراوم لەپەرستنی ئەوانەی ئێوە دەیان پەرستن جگە لەخوا دوای ئەوەی بەڵگەی ڕوونم بۆ ھاتووە لەپەروەردگارمەوە وە فەرمانم پێکراوە کە گەردن کەچ بم بۆ پەروەردگاری جیھانیان
67ئەو خوایەیە کەئێوەی لەخاك دروستکردووە لەپاشان لەدڵۆپێك ئاو پاشان لەپارچە خوێنێك لەپاشان بەمنداڵی (ساوایی) دەتان ھێنێـتە دەر (لەسکی دایك) لەپاشان تا دەگەنە تینی ھێزو لاوییتان لەپاشان تاپیر دەبن وە ھەندێکتان پێش پیربوون دەمرێنرێن ھەتا دەگەنە ئەو کاتەی کەبۆتان دیاریکراوە بۆ ئەوەی بیربکەنەوە
68ئەو خوایەیە کەدەژێنێت و دەمرێنێت جا ھەرکـاتێك (بیەوێت) بڕیـارێك بـدات تەنھـا پێی دەفەرمووێت ببە ،دەست بەجێ دەبێت
69ئایا سەرنجی ئەوانەت نەداوە سەبارەت بە بەڵگە ونیشانەکانی خوا دەمەقاڵێ وموجادەلە دەکەن (بەبێ ھیچ زانیاریەك) چۆن لەڕێی (ڕاست) لادەدرێن
70ئەوانەی باوەڕیان بەقورئان نەھێنا وە بەو (پەڕاوانەی) بەپێغەمبەرەکانماندا ناردومانە ئەوە لەمەو پاش (سەرئەنجامی خۆیان) دەزانن
71کاتێك زنجیرو تەوقیان لەگەردندایە پێی ڕادەکێشرێن
72لەناو ئاوی زۆر گەرمدا پاشان لەدۆزەخدا دەسوتێنرێن
73لەپاشان پێیان دەوترێت: لەکوێن ئەو ھاوبەشانەی بۆ خواتان دادەنان
74بێجگە لەخوا دەڵێن: وون بوون لێمان (وا نیە) بەڵکو ئێمە لەدونیا (بێجگە لەخوا) شتێکمان نەدەپەرست ئابەم جۆرە خوا بێ باوەڕان لەڕێگە لادەدات
75ئەمەتان لەبەر ئەوەیە کەئێوە بەناڕەوا شادی و کەیفتان دەکرد لەزەویدا وە لەبەر ئەوەی کەئێوە فیزو کەشخەتان دەکرد لەزەویدا
76 دەی لەدەرگاکانی دۆزەخەوە بڕۆنە ژوورەوە تیایدا دەمێننەوە بە ھەمیشەیی و ئێجگاری ئای چەند خراپە شوێنی خۆ بەزل زانان
77دەی کەواتە (ئەی موحەممەد ﷺ) خۆڕاگربە بێگومان بەڵێنی خوا ڕاستە جا یان ھەندێك لەو بەڵێنانەی پێیان دەدەین نیشانت دەدەین یان تۆ دەمرێنین (بەڵێنەکان نابینی) ئەوسا ھەمووتان ھەر بۆلای ئێمە دەگەڕێنەوە
78سوێند بەخوا بەڕاستی بەر لەتۆ پێغەمبەرانێکمان ناردووە بەسەرھاتی ھەندێکیانمان بۆ باس کردوی وە ھەندێکیانمان بۆ باس نەکردویت وە ھیچ پێغەمبەرێك ناتوانێت موعجیزەیەك بھێنێت مەگەر بەئیزنی خوا نەبێت جاکاتێك فەرمانی خوا ھات (بەسزادانیان) بەھەق دادوەری دەکرێت (لەنێوانیاندا) وە لەوێدا ناڕاستان زەرەرۆمەند دەبن
79خوا ئەو زاتەیە ئاژەڵ و ماڵاتی بۆ ئێوە بەدیھێناوە بۆ ئەوەی سواری ھەندێکیان بن و (گۆشتی) ھەندێکیشیان بخۆن
80وە لەو (ئاژەڵانە) دا چەند سوودو کەڵك بۆ ئێوە ھەیە وە تابەھۆی ئەوانەوە بگەنە پێویستیەك کە لەدڵ و دەرونتاندایە وە لەسەر پشتی ئەو (وڵاخانە) و لەسەر کەشتی ئێوە سوار دەکرێن
81خوا زۆر نیشانەی خۆیتان نیشان دەدات جا ئێوە ئینکاری کام لە نیشانە وبەڵگەکانی خوا دەکەن؟!
82دەی ئایا بەزەویدا نەگەڕاون تا ببینن سەرەنجامی کەسانێك کە لە پێش ئەوان بوون چۆن بووە کەلەمان زۆر ترو بەھێزتریش بوون وە شوێنەواریشیان لەزەویدا (زیاتر بوو) ئەمجا ئەوەی کرد بوویان (لەدونیادا) سوودی پێ نەگەیاندن
83جا کاتێك پێغەمبەرەکانیان بەبەڵگە ڕوونەکانەوە ھاتنە لایان دڵخۆش بوون بەو زانینەی ھەیان بوو ئەو (سزایەی ئەوان) گاڵتەیان پێ دەکرد چوار دەوریدان (وھاتە دی)
84ئەمجا کاتێك سزای بەتینی ئێمەیان بینی ووتیان: باوەڕمان بەخوای تاك و تەنھا ھێنا وە بێ باوەڕین بەو شتانەی کردبوومانە ھاوبەشی خوا
85جا باوەڕ ھێنانەکەیان ھیچ سوودی نەبوو بۆیان لەکاتێکدا سزای ئێمەیان بینی باوو سوننەتی خوا ھەر وا بووە پێشتر لەگەڵ بەندەکانیدا وە لەوێدا بێ باوەڕان زەرەرۆمەند بوون