نوح
Noah • 28 ayahs • Meccan
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
1بێگومان ئێمە نوحمان نارد بۆ لای ھۆزەکەی (وە پێمان ووت) کە ھۆزەکەت بێدارکەرەوە وبیانترسێنە پێش ئەوەی کە سزای سەختیان تووش ببێت
2(نوح) ووتی: ئەی گەلی خۆم بەڕاستی من (پێغەمبەرو) ترسێنەرێکی ئاشکرام بۆ ئێوە
3کە ھەر خوا بپەرستن ولێی بترسن وە فەرمانبەرداری من بکەن
4تا خوا لە گوناھەکانتان خۆش ببێت وە (بە زیندوویی) دەتان ھێڵێتەوە تا کاتی دیاری کراوی مردنتان، بێگومان کاتێ سزای خوا کە ھات دوا ناکەوێت ئەگەر بتانزانیایە
5ووتی: ئەی پەروەردگارم من گەلەکەی خۆمم (بە پەنھانی) بانگ کرد بە شەو وبە ڕۆژ
6وە هەتا بانگم دەکردن ئەوان زۆرتر دوور ئەکەوتنەوە لێم وھەڵئەھاتن
7وە بێگومان من ھەر کات بانگم دەکردن (بۆ بڕوا ھێنان) تا لێیان خۆش ببیت ئەوان پەنجەکانیان دەکرد بە گوێچکەكانیاندا وە پۆشاکەکانیان دەدا بە سەرو چاویاندا وە بەردەوام دەبوون لە بێ باوەڕیدا، وە سەرکەشییان دەکرد چۆن سەرکەشییەك
8لەپاشان بە ئاشکرا بانگم کردن
9ئەمجا (دەمێك) بۆم ئاشکرا دەکردن، (دەمێك) بۆم پەنھان دەکردن بە پەنھان کردنێکی تەواو
10ئەوسا پێم ووتن: داوای لێخۆشبوون بکەن لە پەروەردگارتان بەڕاستی پەروەردگارتان زۆر لێبووردەیە
11(ئەمجا گەر وا بکەن) بارانی خوڕەم ولێزمەتان بۆ دەبارێنێ
12وە سامان وکوڕی زۆرتان پێ دەبەخشێت وە باخ وباخاتی زۆرتان پێ دەدات وە جۆگە ئاوی زۆرتان دەداتێ
13ئەوە چیتانە ناترسن لە شکۆ وگەورەیی خوا؟
14لە کاتێکدا کە دروستی کردوون بە چەند قۆناغێك
15 ئایا نابینن کە خوا چۆن حەوت ئاسمانی دروستكردووە نھۆم لەسەر نھۆم
16وە مانگی گێڕاوە لە ناویاندا بە ڕووناك وە ڕۆژیشی گێڕاوە بە چرا
17وە خوا ئێوەی ڕوواندووە لە زەوی بە ڕوواندن
18لەپاشان دەتان باتەوە ناوی وە دەرتان دەھێنێتەوە (لێی) بە دەرھێنان
19خوا زەوی بۆ ڕاخستوون
20تا ھاتوچۆ بکەن بە ڕێگە کراوەکانیدا
21نوح ووتی: ئەی پەروەردگارم بێگومان گەلەکەم بێ فەرمانیان کردم وە شوێن کەسانێك کەوتن کە ماڵ و منداڵی قازانجی پێ نەگەیاندوە زیان نەبێ
22وە پیلان وفڕو فێڵی زۆر گەورەیان کرد
23وە ووتیان دەست ھەڵنەگرن لە بت وخواکانتان وە دەست ھەڵنەگرن لە (پەرستنی) وەد وسواع ویەغووث ویەعوق ونەسر (ئەمانە کۆمەڵە پیاوچاکێك بوون، جا کاتێك مردن، شەیتان ھات ووتی بەشوێنکەوتوانیان کە چەند پەیکەرێکیان بۆ بتاشن تاوەکو ھەمیشە لەبەرچاوتان بن، جا پاش ماوەیەك کەبەسەر چوو شەیتان ھات بەخەڵکی ووت ئەو پەیکەرانە بپەرستن، چونکە باوباپیرانتان ئەو پەیکەرانەیان پەرستووە، ئێوەش لەسەر ڕێبازی ئەوان بن)
24وە بەڕاستی ئەوانە زۆر (خەڵك) یان گومڕا کرد، (خوایە) ئەم ستەمكارانە لە گومڕایی زیاتر ھیچی تریان بۆ زۆر مەکە
25بەھۆی گوناھەکانیانەوە بە زریان خنکێنران، ئەمجا خرانە ئاگرەوە، ئیتر بێجگە لە خوا ھیچ یارمەتی دەرێکیان دەست نەکەوت
26نوح فەرمووی: ئەی پەروەردگار مەیھێڵە لەسەر زەوی ھیچ کەسێك لە بێ بڕوایان
27(چونکە) بێگومان ئەگەر تۆ وازیان لێ بھێنیت، بەندەکانی تۆ گومڕا دەکەن وە ھەر منداڵی تاوانباری سوپاس نەکەر دەخەنەوە
28ئەی پەروەردگارم خۆش ببە لە خۆم وباوکم ودایکم وە لەو کەسە کە دێتە ماڵم بە بڕواداریەوە وە لە ھەموو پیاوان وژنانی ئیماندار وە بەشی ستەمکاران زیاد مەکە، تیاچوون ولە ناوچوون نەبێت