القلم
The Pen • 52 ayahs • Meccan
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
1بە (نوون) دەخوێنرێتەوە، خوا بەماناکەی زاناترە بۆ زیاتر زانیاری سەیری سەرەتای سورەتی (البقرة) بکە، سوێند بە پێنووس وبەو دێڕانەی دەینوسن
2تۆ لە سایەیی بەخششی خواوە شێت نیت
3 وە بێگومان پاداشتی نەبڕانەوە ھەیە بۆ تۆ
4وە بەڕاستی تۆ لەسەر ڕەوشت وخویەکی ئێجگار بەرز وگەورەیت
5جا بەم زووانە تۆش وئەوانیش دەبینن
6کە کامتان شێتن
7بێگومان پەروەردگاری تۆ لە ھەموو کەس زاناترە بەو کەسەی کە ڕێی ڕاستی خوای وون کردبێت وە ئەو زاناترە بەو کەسانەی کە ڕێی ڕاستیان گرتبێت
8گوێڕایەڵی ئەوانە مەبە کە قسەکانت بە درۆ دەزانن
9حەزیـان دەکرد کە تۆ نەرمی نیشان بدەیت، ئەوسا ئەوانیش نەرمیی (بەرانبەرت) دەنوێنن
10گوێڕایەڵی مەکە بۆ ھیچ سوێند خۆرێکی پەست وڕیسوا (ی درۆزن)
11پیتك گری ھاتووچۆکەر بۆ قسە ھێنان وبردن
12زۆر ڕێگری کەر لە چاکە، ستەمکاری گوناھکار
13دڵ ڕەقی کەللە شەق دوای ئەوەش زۆڵ
14لەبەر ئەوەی کە خاوەنی دارایی وکوڕی زۆرە (ھەموو ئەم سیفەتانە وەك زانایان دەڵێن مەبەست پێی وەلیدی کوڕی موغەیرەیە)
15کە ئایەتەکانی ئێمەی بە سەردا بخوێنرێتەوە دەڵێ: (ئەمانە) ئەفسانەی پێشینانن
16 بەم زووانە سەری لووتی داخ دەکەین
17ئێمە تاقیمان کردنەوە ھەروەك لەمەوپێش خاوەنانی ئەو باخەمان تاقی کردەوە کە (لە شەودا) سوێندیان خوارد کە لەدەمی بەرەبەیاندا (بەروبوومەکەی) بڕنن (تا ھەژاران نەزانن)
18ھیچی (بۆ ھەژاران) لێ دەرنەکەن
19ئەمجا بەڵایەك لە لایەن پەروەردگارتەوە سوڕایەوە بە سەر باخەکەدا لە کاتێکدا کە ئەوان خەوتبوون
20ئەوسا وەك باخێکی ڕنراوی لێهات
21لە شەبەقدا (براکان) بانگی یەکترییان کرد
22(ووتیان) : کە ھەستن بچن بۆ سەر باخەکەتان ئەگەر ئەتانەوێ بیڕنن
23ئەمجا کەوتنە ڕێ وە ئەوان بەچرپە بە یەکتریان ئەووت
24ئەمڕۆ ھیچ ھەژارێك نەیەت بەسەرتاندا لە ناو باخەکەدا
25دەمەو بەیان ڕۆشتن لایان وابوو کە دەتوانن بێ بەشیان بکەن
26کە باخەکەیان بینی (بە سوتاوی) ووتیان: ئێمە ڕێگامان وون کردووە (ئەمە باخەکەی ئێمە نیە)
27نا، بەڵکو بەش بڕاو کراوین
28 برا ناوەنجی یەکەیان (لە ژیریدا) ووتی: مەگەر پێم نەووتن؟ بۆ چی یاد وسوپاسی خوا ناکەن
29ھەموو ووتیان: پاك وبێگەردی بۆ پەروەردگارمانە (ستەم لەکەس ناکات) بێگومان ئێمە خۆمان ستەم کارین
30ئەمجا ڕوویان کردە یەکتریی بەسەرزەنشت کردنەوە
31ووتیان: وای بۆ خۆمان بەڕاستی لە خوا یاخی بووین
32ئومێدەوارین کە خوا لە جیاتی ئەو باخە باشترمان بداتێ، بەڕاستی ئێمە ھیوامان ھەر بە پەروەردگاری خۆمانە
33ئاوایە سزای (خوا لە جیھاندا) وە سزای ڕۆژی دوایی گەلێ گەورەترە خۆزگە بیانزانیایە
34بێگومان بۆ لەخواترسان ھەیە لای پەروەردگاریان باخاتی پڕ لە ناز ونیعمەت
35چۆن ئێمە موسوڵمان وبەدکاران وەك یەك لێ دەکەین؟
36ئەوە چیتانە چۆن بڕیارێك دەدەن
37نەخێر ئایا کتێبێکی (ئاسمانی) تان ھەیە ئەمەی تێدا دەخوێننەوە
38وە لەو کتێبەدا ڕێتان پێدراوە چیتان بوێت ئەوە ھەڵبژێرن بۆ خۆتان؟
39یان پەیمانی بەھێزتان ھەیە لە گەڵمان تا ڕۆژی دوایی کە ھەرچی ئێوە بڕیار بدەن بتاندرێتێ
40بپرسە لێیان (بزانە) کامیان زامنی ئەم کارەن
41ئاخۆ ھاوبیریان ھەیە (لەم قسەیەدا) دەبا ھاوبیرەکانیان بھێنن ئەگەر ڕاست دەکەن
42لە ڕۆژێکدا ( کە قیامەت وناڕەحەتیەکانیەتی) خوای گەورە لاقی پیرۆزی دەردەخات (وەك لە فەرموودەی ئیمامی بوخاری وموسلیمدا ھاتووە، باوەڕمان پێیەتی بەبێ ھیچ لێچواندن ولێکدانەوەیەك، وە ئێمەش چۆنێتیەکەی نازانین) وە (بە تەوسەوە) بانگ دەکرێن بۆ سوژدە بردن (بۆ خوای گەورە) (کەچی) ناتوانن (سوژدە ببەن)
43چاویان شۆڕ وڕیسوایی دایان دەگرێت، بەڕاستی جاران کە بانگ دەکران بۆ سوژدە و(نەیان دەبرد) کە ساغیش بوون
44وازم لێ بھێنە بۆ ئەوانەی کە ئەم قورئانە بەدرۆ دەزانن بەرە بەرە کێشیان دەکەم بە ڕەنگێك کە پێ نەزانن
45 وە مۆڵەتیان دەدەم بەڕاستی پیلانی من تۆکمە وبەھێزە (لە بەرانبەر پیلانی ئەواندا)
46ئاخۆ تۆ لە بێ بڕوایان داوای کرێی (کۆششی پێغەمبەرێتی) یان لێ دەکەیت، ئەوانیش لە بژاردنی قەرزداری گران بارن
47یان ڕووپەڕەی غەیبیان لەلایە وە ئەوان لەبەری دەنووسنەوە
48(ئەی موحەممەد ﷺ) دان بە خۆتا بگرە وچاوەڕوانی فەرمانی پەروەردگارت بکە، وەك ھاوڕێی نەھەنگەکە مەبە (کە یونس پێغەمبەرە علیە السلام) کاتێك کە بانگی (خودای) کرد، ئەو تووڕە بوو (لە بێ بڕوایی گەلەکەی)
49ئەگەر میھرەبانیەك لەلایەن پەروەردگاریەوە فریای نەکەوتایە فڕێ دەدرایە دەشتێکی ڕووتەن وە ئەو بەدناو دەبوو
50ئەمجا پەروەردگاری ھەڵی بژاردەوە وە کردی (بە یەکێك) لە چاکەکاران
51بەڕاستی نزیك بوو بێ بڕواکان ھەڵت خلیسکێنن بەچاوی (پیس) یان، لە کاتێکدا کە قورئان دەبیستن وە دەیانووت: بەڕاستی ئەم (پێغەمبەرە) شێتە
52لە کاتێکدا کە ئەم قورئانە ھەر ئامۆژگاریە بۆ ھەموو جیھانیان