الحاقة
The Inevitable • 52 ayahs • Meccan
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
1ھاتنی ڕۆژی دوایی (ھەق وڕاستە)
2جا چی بێت ئەو ڕۆژە (ھەق وڕاستە)
3تۆ چووزانیت ئەو ڕۆژە چیە
4گەلی سەمود وعاد ئەو ڕۆژەیان بەدرۆ زانی (کە دڵەکان دادەخورپێنێ)
5ئەمجا (گەلی) سەمود لە ناوبران بە نەعرەتەیەکی زۆر گەورە
6وە (گەلی) عادیش لەناوبران بە بایەکی سەختی ساردی بەتینی بەگرمە
7(خوا) زاڵی کرد بە سەریاندا حەوت شەو وھەشت ڕۆژ بەبێ ووچان (لەناوی بردن) ئەو گەلەت دەبینی لەو ماوەیەدا بێ گیان کەوتبوون وەك قەدی داری خورمای گەندەڵ (ناوڕزاویان لێهاتبوو)
8ئایا کەس دەبینیت لەوان کە مابێتەوە؟
9(ھەر بەو ڕەنگە) فیرعەون وگەلانی پێش ئەو لەگەڵ (دانیشتووانی دێھاتە) سەرە وژێربووەکان ھاتن بە گوناھو خراپەوە
10وە بێ فەرمانیی پێغەمبەری پەروەردگاریان کرد ئەوسا گرتنی بە گرتنێکی زۆر سەخت
11بەڕاستی ئێمە کاتێك کە ئاو(ی تۆفان) سەرکەوت (باپیرەکانی) ئێوەمان ھەڵگرت لە کەشتیدا ئەی بێ بڕوایانی مەککە
12تا ئەم کردەوەیە بکەینە بیرھێنەرەوە بۆ ئێوە وە تا لە گوێی بگرێت گوێگرێکی تێگەیشتوو
13ئەمجا کاتێك فوو کرا بە کەڕەنادا بە تاقە فوو کردنێك
14وە زەوی وشاخەکان ھەڵگیران بە جارێك دران بەیەکدا (وتەخت کران)
15ئەو ڕۆژە ڕووداوی گەورە ڕوودەدات
16وە ئاسمان لەت دەبێت وە ئەو لەو ڕۆژەدا سست و (بێ کەڵکە)
17وە فریشتەکان لە کەناری ئاسماندان وە لەو ڕۆژەدا ھەشت (فریشتەی بەھێز) عەرشی پەروەردگارت بەبان سەریانەوە ھەڵ دەگرن
18لەو ڕۆژەدا (لە بەردەمی خوادا) ھەمووتان نیشان دەدرێن ھیچ (کردەوەیەکی) پەنھانیتان بە نھێنی نامێنێتەوە
19ئەوسا ئەو کەسەی کە نامەی (کردەوەی) درایە دەستی ڕاستی دەڵێ: ھا نامەکەم بگرن وبیخوێننەوە
20بێگومان من خۆم دەمزانی کە تووشی ئەم لێپرسینەوەیە دەبم
21ئەو کەسە لە ژیانێکی پەسەندا دەبێت
22لە بەھەشتێکی بەرزدا
23کە میوەی نزیکە دەستە
24(پێیان دەووترێت) بخۆن وبخۆنەوە، نۆشتان بێت بەھۆی ئەو چاکانەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا کردووتانە
25بەڵام ئەو کەسەی کە نامە درایە دەستی چەپی دەڵێت: خۆزگە ھەر نامەم نەدرایەتێ
26وە نەم زانیایە چیە (سەرئەنجامی) لێپرسینەوەم
27خۆزگە مردنەکەم یەکجاری بووایە
28سامانەکەم ھیچ قازانجێکی پێ نەگەیاندم
29لەدەستم چوو دەسەڵاتەکەم
30(ئەمجا بە چاودێرانی دۆزەخ دەووترێت) بیگرن زنجیر بکەنە دەست وگەردنی
31لە پاشان بیبەن بۆ دۆزەخ (بیسوتێنن لە دۆزەخدا)
32ئەمجا بە زنجیرێکی حەفتا گەزیی بیبەستنەوە
33(چونکە ) بێگومان ئەو بڕوای بە خوای گەورە نەدەکرد
34وە ھانی کەسی نەدەدا بۆ خۆراك دان بە ھەژاران
35ئەمڕۆ ئەویش لێرە نە دڵسۆزێکی ھەیە (یارمەتی بدات)
36وە نەخواردنێ (بیخوات) جگە لە کێم وزووخاوی جەستەی دۆزەخیەکان نەبێ
37کە (کەس) نایخوات گوناھباران نەبێت
38جا سوێند بەو شتانەی کە دەیان بینن
39وە بەوەش کە نایان بینن
40بێگومان ئەم قورئانە فەرموودەی ڕەوانە کراوێکی بەڕێزو گەورەیە (لە خواوە بۆتان دەهێنێـت)
41وە ئەم (قورئانە) قسەی شاعیر نیە، زۆر کەم بڕوا دەھێنن (بە قورئان)
42وە قسەی فاڵچی وزێوانیش نیە، زۆر کەم بیر دەکەنەوە
43(ئەم قورئانە) نێرراوەتە خوارەوە لە پەروەردگاری جیھانیانەوە
44ئەگەر (موحەممەد ﷺ) بەدەم ئێمەوە ھەندێك (ووتەی) ھەڵببەستایە
45بێگومان ئێمە بەدەستی خۆمان تۆڵەمان لێ دەسەند
46لە پاشان ڕەگی دڵیمان دەبڕی
47وە کەس لە ئێوە نەیدەتوانی بەرگری لێ بکات
48وە بێگومان ئەم قورئانە ئامۆژگاری وپەندە بۆ پارێزکاران ولەخواترسان
49وە بێگومان ئێمە دەزانین کە ھەندێکتان قورئان بە درۆ دەزانن
50وە بێگومان ئەم قورئانە ھۆی پەشیمانی بێ بڕوایانە
51وە بەڕاستی قورئان ڕاست ودرووست ودڵنیا بەخشە
52کەواتە: (ئەی موحەممەد ﷺ) تۆش ھەمیشە یادی پەروەردگاری گەورەی خۆت بکە