ق
Qaf • 45 ayahs • Meccan
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
1بە (قاف) دەخوێندرێتەوە، ماناکەی تەنھا خوا دەیزانێت بۆ زانیاری زیاتر سەیری سەرەتای سورەتی (البقرة) بکە، سوێند بەقورئانی بەرز وبەڕێز (تۆ نێردراوی خوای ئەی موحەممەد ﷺ)
2بەڵام (بێ باوەڕان) سەریان سوڕماوە لەوەی کە پێغەمبەرێکی ترسێنەریان بۆ ھاتووە لە خۆیان، جا بێ باوەڕان دەیان ووت ئەمە شتێکی سەیرە
3ئایا کاتێ مردین وبووین بەخۆڵ (چۆن زیندوو دەبینەوە) ئەوە گەڕانەوەیەکی دوورە ونابێ
4بێگومان ئێمە دەزانین زەوی چەندێ لە لاشەیان دەخوات (ھیچیمان لێ وون نابێت) پەڕاوێکیشمان لایە کە پارێزەری ھەموو شتێکە
5(زیندوو بوونەوە دوور نیە) بەڵکو ئەوان باوەڕیان بەقورئان نەکرد کاتێك بۆیان ھات، بۆیە ئەوان لەناو کارێکی تێکەڵ وپێکەڵدان
6دەی ئایا سەرنجی ئەو ئاسمانەیان نەداوە کە لەسەریانەوەیە چۆن دروستمان کردووە وڕازاندومانەتەوە وەھیچ درز وکەلێنێکی تێدا نیە
7زەویشمان ڕاخستووە، چەندەھا شاخی دامەزراومان تێدا داناوە ڕواندومانە تێیـشیدا ھەموو جۆرە ڕووەکێکی جوان
8 تابەر چاو ڕوونی وپەند وبیرخەرەوە بێت بۆ ھەموو بەندەیەکی تەوبەکار وگەڕاوە بۆ لای خوا
9وە لەئاسمانەوە باراندوومانە بارانێکی بەپیت وفەڕ جا بەو بارانە ڕوواندومانە باخات ودانەوێڵەی(ئەو کشتوکاڵانەی) کەدروێنە دەکرێن
10ھەروەھا دارخورمای بەرز وبڵند بە ھێشووی تێك پەستراوەوە
11(تابێتە) ڕزق وڕۆزی بۆ بەندەکان ھەر بەو بارانە زەوی مردو (ووشك) دەبوژێنینەوە، زیندوو کردنەوە(ی مردوانیش) ھەر بەو شێوەیە
12پێش ئەمانیش باوەڕیان نەھێنا (بە پێغەمبەرەکانیان) گەلی نووح وخاوەن چاڵ وبیرەکان و(گەلی) سەموود
13وەگەلی عاد وفیرعەون وگەلی لوطیش
14ھەروەھا خاوەن باخاتە چڕو پڕەکان وگەلی توببەعیش ھەر ھەموویان باوەڕیان نەھێنا بەپێغەمبەرەکانیان بۆیە ھەڕەشەی (من لەدژیان) ھاتەدی
15جا ئایا ئێمە لەدروستکردنی یەکەم جاردا دەستەوسان بووین (تانەتوانین زیندووتان بکەینەوە)؟! (نەخێر وانیە) بەڵکو ئەوان لە گوماندان لە دروست بوونەوەیەکی سەر لە نوێ
16سوێند بەخوا ئێمە ئادەمیمان بەدی ھێناوە وچاك ئاگادارین بەو خەیاڵ وخەتەرانەی دێن بەدڵ ودەروونیدا وئێمە لەوەوە نزیکترین (واتە خوای گەورە عیلم وزانینی تەواوی ھەیە بە ھەموو جموجولێکی ئادەمیزاد) لە شادەماری دڵی
17کاتێك ئەو دووفریشتە (کرداری) تۆمار دەکەن کە لەلای ڕاست و لای چەپیەوە دانیشتوون
18ھەر ووتەیەك لەدەمی دەرچێ چاودێرێکی بەسەرەوەیە (و دەینوسێت)
19ناڕەحەتی وبێھۆشی مردن دێت لەگەڵ ڕاستیەکاندا (پێی دەووترێت) ئەمە ئەو (مردنە)یە کە خۆت لێ دەپاراست ولادەدا
20ئەمجا فوو دەکرێ بە (شەیپوڕ) کەڕەنادا ئەوە ڕۆژی (بەدی ھاتنی) ھەڕەشەکانە
21لەگەڵ ھەموو کەسێکدا دێت (بۆ مەحشەر) دوو فریشتە، یەکێکیان پێش خۆیداوە، ئەوی دیکەشیان شاھیدی لەسەر ئەدات، (لەتەواوی ئەو کاروکردەوانەی کە کردوونی لە دونیادا)
22(پێی دەووترێت) سوێند بەخوا بەڕاستی تۆ لەمە بێئاگا بوویت لەدونیادا، جا ئێمە پەردەی (قیامەت) مان لەسەر لادایی، جـا ئەمڕۆ (کە قیامەتە) چاوت تیژە و چاك دەبینێت
23وە ئەو (فریشتە شاھیدەی) لەگەڵیدایە دەڵێت ئەمە (نامەی کردەوەکانە) ئامادەیە و لای منە
24(خوا دەفەرموێت بەدوو فریشتەکە) فڕێی بدەنە ناو دۆزەخەوە ھەموو کافرێکی سەرکەشی
25ڕێگریكەر لەچاکە دەست درێژ کەری گوماناوی
26ئەو کەسەی کەپەرستراوی تری لەگەڵ خوادا داناوە جا ھەر دووکتان (ئەی فریشتەکان) فڕێی بدەنە سزای سەختەوە
27ئەو (شەیتانەی لەدونیادا) لەگەڵیدا بوو دەڵێت ئەی پەروەردگارم من ئەوم سەرکەش نەکرد بەڵکو خۆی لەگومڕاییەكی دوور لەڕاستیدا بوو
28(خوا دەفەرموێت) لەلای مندا دەمەقاڵێ ومشتومڕ مەکەن چونکە بێگومان پێشتر ھەرەشەم (لەم بارەیەوە) ناردووە بۆتان
29بەڵێنی من ھەرگیز گۆڕانی بەسەردا نایەت وە من ھیچ جۆرە ستەمێك لە بەندەکانم ناکەم
30ڕۆژێك دەبێت بەدۆزەخ دەڵێین ئایا پڕ بوویت؟ دۆزەخیش دەڵێ ئایا کەسی تر ھەیە (بیھێنن)؟
31بەھەشتیش (لەو ڕۆژەدا) نزیك کراوەتەوە بۆ پارێزکاران ولەخواترسان دوور نیە (لێیان)
32(پێیان دەوترێت) ئەمە ئەو (بەھەشتە)یە کە بەڵێنتان پێدرابوو بەھەموو ڕوو لەخوایەکی خۆپارێز
33ئەوەی لە خوای میھرەبان ترسابێت لەپەنھاندا ( وخۆی لـەگـوناە پاراست بێت) وە بەدڵێکی ڕوو لە خواوە گەڕابێتەوە (بۆ لامان)
34(پێیان دەووترێت) ھەمووتان بڕۆنە ناو بەھەشتەوە، دڵنیا و بێترس بن (لەسزاو ناخۆشی) ئەم ڕۆژە ڕۆژی ھەمیشەیی ونەمرییە
35لەو بەھەشتەدا ھەرچیان بوێت بۆیان ئامادەیە وە لەوە زیاتریشمان ھەیە (کە بینینی خوای گەورەیە)
36وەپێش ئەمان گەل وچینی زۆرمان لەناوبرد کەئەوان لەمانیش بەھێزتر بوون، خۆ شاران و ووڵاتانیان پشکنیوە وگەڕاوون، ئایا ھیچ پەنا گایەك ھەبوو(بۆیان لەمردن)
37بێگومان لەم (باسەدا) پەندو ئامۆژگاری ھەیە بۆ کەسێك خاوەن دڵێکی (زیندوو بێت یان ژیربێ) یاگوێ بگرێ (بۆ قورئان) وبیریشی لەلای بێت
38سوێند بەخوا بێگومان دروستمان کردووە ئاسمانەکان وزەوی و ھەرچی لە نێوانیاندایە، لە شەش ڕۆژدا وە ھیچ ماندوو بوونێکمان تووش نەبوو
39کەواتە (ئەی موحـەممەد ﷺ) خۆگـربـە بـەرامبـەر ئـەو (قسە نابەجێیانەی) کەدەیڵێن، بەستایشی پەروەردگارت تەسبیحات بکە پێش ھەڵھاتنی خۆر وپێش ئاوا بوونیشی
40وە لەبەشێك لەشەودا ستایشی پەروەردگارت بکە وە لەپاش نوێژەکانیش
41وە گوێ بگرە لەڕۆژێکدا جاڕ دەرێك لەشوێنێکی نزیکەوە بانگ دەکات
42ڕۆژێك کە نەعرەتەیەك (دەنگێکی گەورەی ترسناك) بەڕاستیی دەبیستن ئەو ڕۆژە ڕۆژی ھاتنەدەرەوەیە (لەگۆرەکان)
43بێگومان ھەر ئێمەین دەژێنین ودەشمرێنین، گەڕانەوەش ھەر بۆلای ئێمەیە
44ڕۆژێك دێت زەوی لەئاست ئەوانەی (مردوون) قڵیش دەبات بەپەلە (دێنە دەرەوە) ئەو کۆکردنەوە بەلای ئێمەوە ئاسانە
45بێگومان ئێمە ئاگادارین بەوەی کەدەیڵێن تۆ دەسەڵاتت بەسەریاندا نیە کەوایە تۆ بەم قورئانە ئامۆژگاری ئەو کەسە بکە کە لەھەڕەشەی من دەترسێ