فاطر
The Originator • 45 ayahs • Meccan
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
1ھەموو ستایش بۆ خوایە کەبەدیھێنەری ئاسمانەکان و زەویە فریشتەکانی کردووە بەنێراوانێک خاوەنی (چەند جۆرە) باڵن : دووان و سیان و چوار (خوا) ھەرچی بیەوێت لەدروستکردندا زیادی دەکات بەڕاستی خوا بەسەر ھەموو شتێکدا بەتوانایە
2خوا ھەر ڕەحمەت وچاکەیەک بۆ خەڵك بەرەڵا بکات و بیکاتەوە ئیتر شتێک نیە ڕێگری لێ بکات وبیگرێتەوە وەخوا ھەر بەھرەیەک بگرێتەوە ئیتر لەپاش گرتنەوەی خوا بەرەڵاکەر و نێرەری بۆ نیە وە خوا زاڵ و باڵادەست و کار دروستە
3ئەی خەڵکینە بیربکەوە لەفەزڵی خوا بەسەرتانەوە ئایا بێجگە لەخوا دروستکەرێکی تر ھەیە کەڕۆزیتان بدات لەئاسمان و زەویدا ھیچ پەرستراوێکی ڕاست نیە بێجگە لەخوا دەی چۆن وا ڕوو وەردەگێڕن (لەیەکخواپەرستی)
4ئەگەر باوەڕیان پێ نەھێنایت (دڵگران مەبە) چونکە بەڕاستی پێغەمبەرانی پێش تۆش باوەڕیان پێ نەھێنرا ھەموو کارو بارەکان تەنھا بۆ لای خوا دەگەڕێتەوە
5 ئەی خەڵکینە بێگومان بەڵێنی خوا ڕاستە دەی کەواتە با ژیانی دونیا فریوتان نەدات وە باشەیتان بە (بەزەیی و لێبوردەی) خوا فریوتان نەدات
6بەڕاستی شەیتان دوژمنی ئێوەیە دەی کەواتە ئێوەش بەدوژمنی خۆتانی دابنێن بیگومان ئەو (شەیتان) تاقم وکۆمەڵەکەی بانگ دەکات بۆ ئەوەی ببەنە ھاوەڵانی ئاگری ھەڵگیرساوی (دۆزەخ)
7ئەوانەی بێ باوەڕ بوون سزای بەتینیان بۆ ھەیە وە ئەوانەی باوەڕیان ھێناوەو کردەوە چاکەکانیان کردوە لێبوردن و پاداشتی گەورەیان بۆ ھەیە
8دەی ئایا کەسێک کەکردەوەی خراپی خۆی بۆ جوانکراوە و بەچاک و جوانی دەبینێت (وەک کەسێکە پێوەری چاکەو خراپەی ئاین بێت) وە بەڕاستی خوا ھەرکەسێکی بوێت گومڕای دەکات وە ھەرکەسێکی بوێت ڕێنمونی دەکات دەی کەواتە بەخەفەت خواردن لەبەر (ئیمان نەھێنانی) ئەوان خۆت مەفەوتێنە بەڕاستی خوا بەوەی کەئەوان دەیکەن ئاگادارە
9خوا زاتێکە (با،ھەوا) کانی ناردووە بۆ ئەوەی ھەورەکان بگەڕێنێت (بڵاویان بکاتەوە) ئەمجا ئەو (ھەورانە) دەنێرین بۆ سەر وڵاتێکی مردوو جا (بارانی لێ دەبارێت و) زەوی پێی زیندوو دەکەینەوە لەپاش ووشک بوون و مردنی زیندوو کردنەوەی(مردووانیش لەقیامەتدا) ھەر بەو شێوەیە
10ھەر کەسێك گەورەیی و سەربەرزی دەوێت (لەخوای بوێت) چونکە بەڕاستی ھەموو گەورەیی و دەسەڵات ھەر بۆ خوایە ووتەی پاک و چاک تەنھا بۆ لای ئەو (خوا) سەر دەکەوێت وە (ووتەی پاکو) کردەوەی چاک بەرز دەکاتەوە (بۆلای خۆی) وە ئەوانەی کەپیلانە خراپەکان دەگێڕن سزایەکی توندو بەتینیان بۆ ھەیە و فێڵ و پیلانی ئەوانە لەناو دەچێت
11خوا (باوکی) ئێوەی لەخاک دروستکردووە لەپاشان (نەوەکانی دروستکرد) لەنوتفە (دڵۆپە ئاوێک) ئەمجا (خوا) کردوونی بەچەند جووت (نێر و مێ) وە ھیچ مێینەیەك (ئافرەتێك) دوو گیان نابێت و سکەکەی دانانێت (مناڵی نابێت) مەگەر بەئاگاداری خوا نەبێت وە ھیچ تەمەن درێژ کراوێك تەمەنی درێژ ناکرێت وە لەتەمەنی کەم ناکرێت مەگەر لەکتێبێک(لوح المحفوظ )دا نوسراوە بەڕاستی ئەم کارە بۆ خوا ئاسانە
12ئەو دوو (جۆرە) دەریا وەک یەک نین ئەمەیان سازگار وشیرینە و خواردنەوەی ئاسانە و خۆشە ئەوی تریان سوێرو تاڵ و تفتەو لەھەردووکیان گۆشتی تەڕو تازە دەخۆن و خشڵی (مرواری و سەدەف و دوڕ لەدەریا) دەرئەھێنن و دەیپۆشن، وخۆتانی پێ دەڕازێننەوە و کەشتیەکان دەبینیت (بە سنگیان) ئاوەکە لەت دەکەن (کاتێك بەناویدا دەڕۆن) بۆ ئەوەی ھەندێ ڕزق و ڕۆزی خوا پەیدا بکەن وە تا ستایشی خوا بکەن (لەسەر بەھرەکانی)
13(خوا) شەو دەکات بەناو ڕۆژدا و ڕۆژ د ەکات بەناو شەودا وە خۆرو مانگی ڕام ھێناوە ھەریەکەیان (لە خولگەی خۆیدا) تا ئەو ماوەیەی بۆی دیاریکراوە دەگەڕێت ودەسوڕێتەوە ئەوەیە خوای پەروەردگاری ئێوە پادشایەتی تەنھا بۆ ئەوە و ئەوانەی ئێوە ھاواریان لێ دەکەن بێجگە لەخوا خاوەنی توێکڵە سپێکەی ناوکی خورمایش نین
14(بتەکان) ئەگەر نزاو ھاواریان لێ بکەن ھاوارەکەتان نابیستن و ئەگەر بیشی بیسن وەڵامتان نادەنەوە و لەڕۆژی قیامەتیشدا بێ باوەڕ دەبن بەھاوبەش دانانەکەتان (وبەدرۆتان دەخەنەوە) وە دڵنیابە کەس وەك (خوای) ئاگادار، ئاگادارت ناکات (لەسەر ئەنجامتان)
15ئەی خەڵکینە ھەر ئێوە ھەژاری لای خوان وە تەنھا خوایە بێ نیازی ستایشکراو
16ئەگەر (خوا) بیەوێت لەناوتان دەبات وە خەڵکێکی تری تازە دەھێنێت
17وە ئەمەش بۆ خوا کارێکی گران نیە
18ھیچ گوناھبارێك گوناھی کەسێکی تر ھەڵناگرێت وە ئەگەر بارگرانێ (گوناھبارێك) بانگی کەسێکی تر بکات بۆ ھەڵگرتنی (بارە گوناھەکەی) ھیچ لەو (بارە گوناھە) ھەڵناگرێت ھەرچەندە (داوا لێ کراوەکە) خزمیشی بێت بەڕاستی تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) تەنھا ئەوانە بێدار دەکەیتەوە کە بەپەنھانی لەپەروەردگاریان دەترسن و نوێژەکانیان بەرێکی بەجێ دەھێنن وە ھەر کەس خۆی پاک ڕاگرێ (لە تاوان) ئەوە بەڕاستی (سوودی) خۆ پاك ڕاگرتنەکەی ھەر بۆ خۆیەتی و گەڕانەوەش تەنھا بۆ لای خوایە
19نەکوێرو بینا یەکسانن
20و نە تاریکستان و ڕووناکی (وەك یەکن)
21و نەسێبەرو خۆرەتاو (وەك یەکن)
22نەزیندووان و مردووان بەرانبەرن بەڕاستی خوا (بانگی خۆی) دەبیستێنێ بەھەر کەس کەبیەوێت بەڵام تۆ ناتوانی (ئەی موحەممەد ﷺ پەیامەکەت) ببیستێنی بەوانەی لەگۆڕەکاندان (مردوون)
23تۆ تەنھا ترسێنەری
24 بێگومان ئێمە تۆمان بە(ئاینی) ڕاستەوە ناردووە مژدەدەر و ترسێنەر بیت ھەر گەل و ئوممەتێك (پێغەمبەرێکی) ترسێنەری تێدا ھاتووە
25وە ئەگەر باوەڕت پێ نەھێنن ئەوە بێگومان لەپێش ئەوانیشەوە کەسانێک باوەڕیان نەھێنا (بە پێغەمبەرەکانیان) پێغەمبەرەکانیان ھاتنە لایان بەموعجیزەکانەوە و پەڕاوو کتێبە ڕوون کەرەوەکانەوە
26 پاشان ئەوانەیان بێ باوەڕ بوون قارم لێ گرتن جا چۆن بوو تۆڵە سەندنی ئێمە (لەوان)
27ئایا نەتبینی کە بەڕاستی خوا لەئاسمانەوە بارانی باراندووە، ئەمجا بەو بارانە ھەموو جۆرە میوەیەکمان ڕواند کەشێوە و ڕەنگەکانیان جیاوازە و لەچیاکاندا چەند ڕێگا ھەیە کەڕەنگیان سپی و سورە (سپی و سورەکانیش) جیاوازن و ھەشیانە ڕەشێکی تۆخە
28وە لەئادەمی و زیندەوەرو ئاژەڵ و ماڵاتیشدا ڕەنگی جۆراو جۆر ھەیە بەوێنەی جیاوازی میوەھات بەڕاستی لەناو بەندەکانی خوا، تەنھا زانایان (وەك پێویست) لەخوا دەترسن بێگومان خوا زاڵی باڵادەست و لێبوردەیە
29بەڕاستی ئەوانەی کە کتێبی خوا دەخوێننەوە و بەچاکی نوێژیان بەجێھێناوە وە لەوەی کەپێمان داون بەنھێنی و ئاشکرا دەبەخشن چاوەڕوانی بازرگانیەکن ھەرگیز زەرەر ناکات
30بۆ ئەوەی (خوا) بەتێرو تەواوی پاداشتیان بداتەوە وە لە فەزڵ وبەھرەی خۆی زیاتریشیان پێ بدات بە ڕاستی خوا لێبوردە و سوپاس وەرگرە
31وە ئەوەی لەقورئاندا نیگامان کردوە بۆ تۆ ھەر ئەوە ڕاستەو پشتیوانی کتێبەکانی پێش خۆیەتی بێگومان خوا بەبەندەکانی ئاگادارو بینایە
32لەپاشان ئەم قورئانەمان بەخشی بەکەسانێك کە لەناو بەندەکانماندا ھەڵمان بژاردن ئەمجا ھەندێکیان ستەمکارن لەخودی خۆیان وھەندێکیان مام ناوەندین و ھەندێکی تریان بەفەرمانی خوا پێشکەوتوون بەھۆی چاکەکانیانەوە ئەم (قورئان پێدانە) لەخۆیدا فەزڵێکی گەورەیە
33ئەوانە دەچنە ناو بەھەشتانێک کە جێگای مانەوەی ھەمیشەییە لەوێدا بەبازنی ئاڵتونی و مرواری دەڕازێنرێنەوە وپۆشاکیشیان تێیدا ئاوریشمە
34وە ئەوان دەڵێن: سوپاس بۆ ئەو خوایەی کەخەفەتی لابردین و نەیھێشت بەڕاستی پەروەردگارمان لێبوردە و شایستەی سوپاسە
35ئەو (خوایە) کە بەچاکەو فەزڵی خۆی نیشتەجێی کردین لەماڵی ھەمیشەیی (بەھەشتدا) لەوێدا نەھیچ ماندوو بوونێکمان تووش دەبێت ونەھیچ ئەرك و زەحمەتێکمان دووچار دەبێت
36ئاگری دۆزەخ بۆ ئەوانەیە بێ باوەڕ بوون بڕیاری مردن نادرێت بەسەردایاندا تا بمرن ھەروەھا ھەندێ لەسزای (دۆزەخ) یان لێ سووك ناکرێت ئا بەو جۆرە تۆڵە ئەسێنین لەھەموو بێ باوەڕێك
37وە ئەوانە لەدۆزەخدا ھاوار دەکەن (دەڵێن) ئەی پەروەردگارمان (لەدۆزەخ) دەرمان بھێنە تا کردەوەی چاك بکەین جیاواز لەوەی دەمان کرد (لەدونیادا) (وەڵام دەدرێنەوە) ئایا تەمەنمان درێژ نەکردن ئەوەندەی ئەوەی دەیەوێ بیر بکاتەوە تیایدا بیر بکاتەوە وە ترسێنەرتان بۆ نەھات دەی (ئەو سزا) بچەژن چونکە ھیچ یاریدەدەرێک بۆ (بێ باوەڕە) ستەمکارەکان نیە
38بەڕاستی خوا بەنھێنی ئاسمانەکان وزەوی زانایە بێگومان خوا بەنھێنی دڵان ئاگادارە
39ھەر ئەو زاتە ئێوەی کردە جێنشینی(پێشوەکان) لەزەویدا ئەوسا ھەر کەس بێ باوەڕ بێ ئەوە (تۆڵەی) بێ باوەڕییەکەی ھەر بۆ خۆیەتی و بێ باوەڕی کافران ھیچیان بۆ زیاد ناکات لای پەروەردگاریان جگە لەخەشم و ڕقی زۆر وە بێ باوەڕیی کافران ھیچیان بۆ زیاد ناکات بێجگە لەزەرەرۆمەندی
40(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ ھەواڵم بدەنێ ئەو ھاوبەشانەی لەجیاتی خوا دەتانپەرستن (ھاوارتان لێ دەکردن) نیشانم بدەن لەزەویدا چیان دروستکردووە؟ یان لەبەدی ھێنانی ئاسمانەکاندا بەشداری (خوا)یان کردووە؟ یان کتێبێکمان پێداون جا بەڵگەیان لەو کتێبەدا ھەیە (کەبتەکان ھاوبەشی خوان) (نەخێر وانیە) بەڵکو ستەمکاران ھیچ بەڵێنێک بەیەکتری نادەن جگە لەفریودان و(ھەڵخەڵەتاندن) نەبێت
41بەڕاستی خوا ئاسمانەکان و زەوی راگیر دەکات بۆ ئەوەی لەڕێڕەوی خۆیان لانەدەن بەڕاستی ئەگەر لەرێڕەوی (خۆیان) لابدەن کێ ھەیە جگە خوا ڕایان بگرێت بێگومان ئەو (خوا) لەسەر خۆ و لێبوردەیە
42(بت پەرستان) بەسوێندی ھەرە گەورەیان سوێندیان دەخوارد بەخوا (دەیانووت) ئەگەر پێغەمبەرێکی ترسێنەریان بۆ بێت بەڕاستی ئەوان لەھەر یەک لە ئوممەتانی تر ڕێنمونتر دەبن ئەمجا کاتێك پێغەمبەری ترسێنەریان بۆ ھات زیاتر دوور کەوتنەوە (لەرێگەی ڕاست)
43لەبەر خۆ بەزل زانی لەزەویدا و فێڵ وپیلانی خراپکردن وە فێڵ و پیلانی خراپ تەنھا زیان بەخاوەنەکەی دەگەیەنێت دەی کەواتە ئەوان جگە لەچارەنووسی پێشینان چاوەڕوانی شتێکی تر دەکەن؟ چونکە باوی خوا ھەرگیز گۆڕانی بۆ نیە وە باوی خوا لادانی بۆ نیە
44ئایا ئەوان بەزەویدا نەگەڕاون تا سەیر بکەن سەر ئەنجام گەلانی پێش خۆیان چۆن بووە کە ئەوان لەمان بەھێزتر بوون ھیچ شتێك ناتوانێت لەدەستی خوا دەرچێت نە لەئاسمانەکان ونەلەزەویدا بەڕاستی خوا زانا و بەدەسەڵات وبەتوانایە
45وە ئەگەر خوا قار بگرێت لەخەڵکی (تۆڵەیان لێ بسێنێت) لەبەر ئەو (خراپانەی) کردویانە ھیچ گیاندارێکی بەسەر زەویەوە نەدەھێشت بەڵام (خوا) مۆڵەتی ئەوان دەدات تا ماوەی دیاریکراو ئەمجا کاتێک ماوەکەیان (کۆتایی) ھات (دەیان مرێنێ) جا بێگومان خوا بە بەندەکانی ئاگادارو بینایە