النساء
The Women • 176 ayahs • Medinan
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
1ئەی خەڵکینە خۆتان بپارێزن لە (سزای) پەروەردگارتان ئەوەی کە درووستی کردوون لەیەک کەسەوە (کە ئادەمە) وە ھەر لە ئەویش ھاوسەرەکەی درووست کردووە و بڵاوی کردۆتەوە لەو دووانە پیاوانی زۆر ھەروەھا ئافرەتان خۆتان بپارێزن لەو خوایەی کە بەناوی ئەوەوە داوا دەکەن لە یەکتر وە (خۆتان بپارێزن لە بچڕاندنی) خزمایەتی بەڕاستی خوا ھەمیشە چاودێرە بەسەرتانەوە
2بیدەنەوە بە ھەتیوان (دوای باڵغ بونیان) ماڵ و سامانیان وە پیس (لە ماڵی خۆتان) مەگۆڕنەوە بە پاک (لە ماڵی ئەوان) وە ماڵەکانیان مەخۆن لەگەڵ ماڵەکانی خۆتان بێگومان ئەو خواردنە گوناھێکی گەورەیە
3وە ئەگەر ترسان دادپەروەر نەبن لە (مارەیی) ئەو ئافرەتە بێ باوکانەدا (مارەیان مەکەن) ئەوە مارە بکەن لەو ئافرەتانەی حەڵاڵن بۆتان دوو دوو یا سیان سیان یا چوار چوار (واتە تا چوار ژن درووستە لەیەک کاتدا کۆی بکەیتەوە) جا ئەگەر ترسان دادگەر نەبن ئەوە یەک ئافرەت (مارە بکەن لەوانەی ئازادن) یان ئەو کەنیزەکانەی کە موڵکتانن ئەوە نزیکترە کە ستەم نەکەن (یا ھەژار نەکەون)
4بیدەن بە ئافرەتان (نەک کەس وکاریان) مارەییەکانیان وەک بەخشین نەک وەک کرێ ئەمجا ئەگەر بە دڵ پێیان خۆش بوو بەخشینی شتێک لەو (مارەییە) بە ئێوە ئەوە ئێوە بیخۆن بە خۆشی و حەڵاڵی (نۆشی گیانتان بێ)
5مەیدەنە گێل وکەم عەقڵەکان ماڵەکانتان لە حاڵەتێکدا خوا ئەو (ماڵانەی) بۆ کردوون بەھۆی ڕاوەستانی ژیانتان وە (بێ عەقڵەکان) ڕۆزی و خۆراکیان بدەنێ لەو ماڵە و پۆشاکیان بۆ بکەن و گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن بە گفتوگۆیەکی باش
6ھەتیوان تاقی بکەنەوە ھەر کاتێک گەیشتنە (تەمەنی) ژن ھێنان و شووکردن ئەمجا ئەگەر ھەستان کرد لەواندا ژیری (و پێگەیشتن) ئەوە سامان و ماڵەکانیان پێ بدەنەوە و ماڵەکانیان مەخۆن بە زیادەڕەوی و بەپـەلـە نەوەک گەورە ببن (ولێتان وەرگرنەوە) وە ھەر کەس (لەسەرپەرشتیاری ھەتیوان) دەوڵەمەند بوو با خۆی بگرێتەوە (لە خواردنی ماڵیان) وە ھەر کەس لەوان ھەژار بوو با (لێی) بخوات بە ئەندازەی پێویست ئەمجا ھەر کات ماڵی ھەتیوەکانتان دایەوە پێیان ئەوە شایەتیان لەسەر بگرن بەسە خوا بۆ لێپرسینەوە (بەسەرتانەوە)
7بۆ پیاوان ھەیە بەشێک لە و (میراتەی) دایک و باوک بەجێی دەھێڵن و خزمە نزیکەکان وە بۆ ئافرەتانیش ھەیە بەشێک لە و (میراتەی) دایک و باوک بەجێی دەھێڵن و خزمە نزیکەکان لە ئەوەی (بەجێی دەھێڵن) کەم بێت یان زۆر بەبەشێکی بڕیار دراو
8جا ئەگەر کاتی دابەش کردنی (میراتەکە) ئامادەبوون خزمە نزیکەکان (کە میرات ناگرن لە مردوو) و ھەتیوو و ھەژارە (بێگانەکان) ئەو لەو کەلەپوورە بەشیان بدەن (ئەم بەش دانە سوننەتە نەک واجب) وە قسەیان لەگەڵ بکەن بە قسەکردنێکی جوان و چاک
9ئەوانەی (سەرپەرشتیارن) با بترسن ئەگەر بەجێی بھێڵن لەپاش خۆیانەوە (پاش مردن) منداڵانی لاواز (بچوک) دەترسن لێیان (بفەوتێن) دەبا لەخوا بترسن و قسەی ڕاست و ڕەوا بکەن (مەبەست پێی ئەوەیە وەسیەتێک نەکەن زیان بگەیەنن بەمنداڵەکانیان پاش خۆیان بەھەژاری بەجێیان بھێڵین وھەموو ماڵ وسەروەتەکەیان بکەن بەخێر و سەدەقە)
10بەڕاستی ئەو کەسانەی کە ماڵی ھەتیوەکان دەخۆن بەستەم و ناڕەوا بەڕاستی ئەوانە بەس لە سکی خۆیان ئاگر دەخۆن. وە لەمەوپاش دەچنە ئاگرێکی بەتین و ھەڵگیرساوەوە
11خوا ئامۆژگاریتان دەکات دەربارەی (میراتی) ڕۆڵەکانتان بۆ نێرێک ھەیە (لە میرات) بە وێنەی بەشی دوو مێینە خۆ ئەگە (منداڵەکانتان) تەنھا ئافرەت بوون (دووان) و زیاد لەدووان ئەوا بۆیان ھەیە دوو بــەش لـە سـێ بەشـی ئەوەی (مردووەکە) بەجێ ی ھێشتووە بەڵام ئەگەر یەک ئافرەت بوو ئەوە نیوەی (میراتەکەی) بۆ ھەیە وە بۆ ھەر کام لە دایک و باوکی مردووەکە ھەیە شەش یەک لەوەی کە بەجێی ھێشتووە ئەگەر مردووەکە منداڵی ھەبوو بەڵام ئەگەر مردووەکە منداڵی نەبوو و دایک و باوکی میراتگری بوون ئەوە سێ یەک بۆ دایکەکەیەتی بەڵام ئەگەر (مردووەکە) چەند برایەکی ھەبوو ئەوا شەش یەک بۆ دایکەکەیەتی لەپاش (دەرکردنی) وەسیەتێک وەسێتی پێ کرابێ (لە لایەن مردووەکەوە) یان دانەوەی قەرزێک (کە لەسەری بێت) باوکەکانتان و کوڕەکانتان نازانن کامەیان بەسوود ترن بۆتان (ئەو دابەش کردنە) لە لایەن خواوە پێویست کراوە بەڕاستی خوا ھەمیشە زانای دانایە
12بۆ ئێوە ھەیە نیوەی ئەو (میراتەی) کەژنەکانتان بەجێ یان ھێشتووە ئەگەر ئەو ژنانە منداڵیان نەبوو جا ئەگەر منداڵیان ھەبوو بۆ ئێوە ھەیە چوار یەک لەوەی (ژنەکانتان) بەجێیان ھێشتووە لەپاش (دەرکردنی) وەسیەتێک کەکردبێتیان یان قەرزێک (کەلەسەریان بێت) بۆ (ژنەکانتان) ھەیە چوار یەک لەوەی بەجێتان ھێشتووە ئەگەر ئێوە منداڵتان نەبوو جا ئەگەر منداڵتان ھەبوو ئەوەبۆ ئەوان ھەیە ھەشت یەک لەوەی بەجێتان ھێشتووە لەپاش (دەرکردنی) وەسیەتێک کەکردبێتتان یان دانەوەی قەرزێک (کەلەسەرتان بێت) وە ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک کەمیراتی لێ ئەگیرا (مردبوو) نەباوان (دایک وباوکی) ھەبوو نە منداڵ وە تەنھا برایەک یان خوشکێکی (لەدایکەوە) ھەبوو ئەوە بۆ ھەر یەک لەو دووانە ھەیە شەش یەک بەڵام ئەگەر ئەوان زیاتر بوون لەبرایەک یان خوشکێکی دایکی ئەو کاتە ئەوانە ھەموویان ھاوبەشن لەسێ یەکی (میراتەکە) دا لەپاش (دەرکردنی) وەسیەتێک کەکرابێت یان قەرزێک کە (وەسێتەکە یاقەرزەکە بۆ میراتگران) بێزیان بێت ئەمە بڕیارە لەلایەن خواوە خواش زانای لەسەرخۆیە
13ئەو (یاسایانە) سنورەکانی خودان ھەر کەسێک گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرەکەی بێت (خوا) دەیخاتە ناو بەھەشتانێک کەڕووبارەکان دێن و دەچن بەژێریاندا تیایدا دەمێننەوە بەھەمیشەیی وەئەوەیە سەرکەوتنی زۆر گەورە
14ھەر کەسێکیش سەرپێچی خواو پێغەمبەرەکەی بکات و سنورەکانی (خوا) ببەزێنێت دەیخاتە ئاگرێکەوە ھەمیشە دەمێنێتەوە تیایدا وەسزایەکی ڕیسواکەری بۆ ھەیە
15 ئەوانەی کە کاری زۆر پیس و ناشرین (زینا) دەکەن لە ئافرەتانی (بڕوادارتان) ئەوە چوار شایەت لە خۆتان لەسەریان بگرن ئەمجا ئەگەر شایەتییاندا ئەوە ئەو (ژنە زیناکارانە) بەند بکەن لە ماڵەکانتاندا ھەتا (فریشتەی) مەرگ گیانیان دەکێشێت یان خوا ڕێگایەکی (ڕزگار بوونیان) بۆ دائەنێت (ئەمە حوکمی زیناکردن بوو پێش ھاتنە خوارەوەی ئایەتەکانی سورەتی النور واتە حومکی ئەم ئایەتەی سورەتی (النساء) بە ئایەتەکانی سورەتی النور سڕراوەتەوە)
16وە ئەو دووانەی (کوڕو کچەی) ئەو کارە پیسە (زینا) دەکەن لە ئێوە ئەوە ئازاریان بدەن جا ئەگەر گەڕانەوە و تەوبەیان لێکرد وە چاک بوون ئەوا وازیان لێ بێنن چونکە بەڕاستی خوا ھەمیشە لێبووردەی میھرەبانە
17بێگومان وەرگرتنی تەوبە لای خوا تەنھا بۆ ئەوانەیە کە گوناە دەکەن بە نەفامی پاشان پەشیمان دەبنەوە بە زوویی (پێش مردن) ئا ئەوانە خوا گەڕانەوەیان لێ وەردەگرێت خواش ھەمیشە زانا و دانایە
18پەشیمانی (وەرگرتن) نیە بۆ ئەوانەی تاوانی زۆر دەکەن ھەتا کاتی سەرە مەرگی یەکێکیان دێت دەڵێت: بەڕاستی من ئێستا تەوبەم کرد وە بۆ ئەوانەش نیە کە دەمرن بە بێ بڕوایی ئەوانەی (باسکران) ئامادەمان کردووە بۆیان سزایەکی ئازار دەر
19ئەی ئەوانەی کە بڕواتان ھێناوە حەڵاڵ نیە بۆتان کە ئافرەتان بە زۆر (بە ناچاری) بە میراتی بەرن (بۆ خۆتان) وە ڕێگری شوکردنیان لێ مەکەن بۆ ئەوەی ھەندێک لەو (مارەییەی) کە پێتان داون بیبەن (بۆ خۆ تان) مەگەر کاتێک کە کردەوەیەکی زۆر ناشرین (زینا) بە ئاشکرا بکەن وە ڕەفتاریان لەگەڵ بکەن بەچاکی (و ژیانیان لەگەڵ ببەنە سەر) جا ئەگەر حەزتان لێیان نەبوو (تەڵاقیان مەدەن) چونکە لەوانەیە ئێوە حەز نەکەن لە شتێک و خوا لەوەدا داینابێت چاکە وخێرێکی زۆر
20ئەگەر ویستتان گۆڕینی ژنێک لەشوێن ژنێک (کەحەزی لێ ناکەن) وە دابێتتان بەیەکێکیان ماڵێکی زۆر (بەمارەیی) ئەوە مەی سەننەوە لێی ھیچ شتێک (لەوماڵە زۆرە) ئایا ئەو (مارەییەیان) لێ ئەسەننەوە بەبوختان کردن و تاوانێکی ئاشکرا (بەرامبەری ئافرەتەکە)
21جا چۆن وەری دەگرنەوە؟ لەکاتێکدا چوونەتەلای یەکتری (تێکەڵاوی ژن و مێردایەتیتان لەگەڵ یەک کردووە) وەئەو ئافرەتانە وەریان گرتووە لێتان پەیمانێکی پتەو بەھێز (کەوا بەستنی نیکاحە)
22(ئەی پیاوان) مارە ی مەکەن ئەو ئافرەتانەی کەباوکەکانتان مارەیان کردوون (واتە باوەژنەکانتان) مەگەر ئەوەی پێش لەم (حەرام کردنە) کرابێت بەڕاستی ئەو مارەکردنە کردەوەیەکی زۆر پیس وچەپەڵە زۆر بێزراو وڕێبازێکی زۆر خراپ و بەدە (کەگیراوەتە بەر)
23قەدەغە کراوە لەسەرتان (حەرام کراوە) (مارەکردنی) دایکانتان و کچەکانتان و خوشکەکانتان و پورەکانتان (کەخوشکی باوکتانن) و پورەکانتان (کەخوشکی دایکتانن) و کچانی برا و کچانی خوشک ئەو دایکانەتان کەشیریان پێداون وخوشکەکانتان لەشیرەوە و دایکی ژنەکانتان (خەسوو) و کچانی ژنانتان کە لەمێردی تریان بن ئەوانەی کەلە ماڵی ئێوەدا دەژین لەو ژنانەتانن کەچوونەتە لایان جا ئەگەر نەچووبونە لایان (لای دایکی کۆڵەبەسەکان) ئەوە ھیچ گوناھێکتان لەسەر نیە (لەمارە کردنی کچەکانیاندا) وە (حەرامە بۆتان) ھاوسەری کوڕەکانتان (بووکەکانتان) ئەوانەی کەلە پشتی خۆتانن وە (قەدەغە وحەرامکراوە لەسەرتان) کۆکردنەوەی نێوان دوو خووشک لەیەک کاتدا مەگەر ئەوەی پێش ئەم (حوکمە لەنەفامیدا) کرابێت بێگومان خوا ھەمیشه لێبوردە و میھرەبانە
24(ھەروەھا حەرام کراوەلێتان) ئەوانەی کەمێردیان ھەیە لە ئافرەتان جگە لەوانەی کە بوونەتە موڵکتان (کەنیزەک) (ئەو حوکمانە باسکران) پێویست کراوو نوسراوی خوایە لەسەرتان وە بۆتان حەڵاڵکراوە بێجگە لەوانە (کە باسکران ھەمووی حەڵاڵە بۆتان تا چوار ژن بەیەکەوە کۆ بکەنەوە) کە بەماڵ وسامانتان خوازبێنی (ئافرەتان) بکەن (بەمەرجێک) کە داوێن پاک بن و داوێن پیس نەبن جا ئەوەی کە لەزەتتان لێوەرگرت لەو ئافرەتانە ی (حەڵاڵن) ئەوا مارەییەکەیان پێ بدەن کەفەرزکراوە لەسەرتان تاوانتان لەسەر نیە لەوەی کە لەسەری پێک ھاتن (لەگەڵ ژنەکانتان دا لەکەمکردنەوەی مارەیی) لە پاش دیاریکردنی مارەیی بەڕاستی خودا ھەمیشە زانا و کاردروستە
25وە ئەوەی لە ئێوە نەیتوانی لەبەر ھەژاری کە ئافرەتانی ئازادی ئیماندار مارەبکات ئەوە با لەوانە مارە بکات کەبوونەتە موڵکتان لە کەنیزەکە ئیماندارەکانتان وە خوا زاناترە بەباوەڕەکەتان ھەندێکتان لەھەندێکی ترتانن (ھەمووتان نەوەی ئادەمن) لەبەرئەوە مارەیان بکەن بەڕەزامەندی کەسوکاریان و مارەییەکەیان پێ بدەن بەشێوازێکی چاک لەکاتێکدا ئەو کەنیزەکانە پاک داوێن بن داوێن پیس (و زیناکاری بەئاشکرا) نەبن وە دۆستیان نەبێت (بەنھێنی بۆ زینا کردن) جا ئەگەر ئەو (کەنیزەکانە) شوویان کرد پاشان خراپەیەکی ئاشکرایان کرد (زینا) ئەوە نیوەی سزای ئافرەتە ئازادەکانیان لەسەرە (لێیان بدرێت کە پەنجا جەڵدە) ئەو (مارەکردنی کەنیزەکە) بۆ کەسێکە لەئێوە لە تاوان کردن (زینا) بترسێت بەڵام ئەگەر ئارام بگرن (و کەنیزەک مارە نەکەن) چاکترە بۆتان خوا لێبوردەی بەبەزەییە
26خوا دەیەوێت بۆتان ڕوون بکاتەوە, وە ڕێنمونیتان بکات بۆ ڕێ وشوێنی ئەوانەی لە پێش ئێوەوە بوون (لەخواناسان) و لێتان خۆش ببێت وە خوا زانای کاردروستە
27وەخوا دەیەوێت کەلێتان ببورێت بەڵام ئەیانەوێت ئەوانەش کەشوێن ئارەزو و ھەواو ھەوەسەکانیان کەوتوون کە لاتان بدەن بەلادانێکی گەورە
28خوا دەیەوێت کەئەرکتان لەسەر سووک بکات چونکەئادەمی بە لاواز دروست کراوە
29ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە سامانی یەکتری مەخۆن لەنێوانتاندا بەناڕەوا مەگەر بازرگانیەک بێت بەڕەزامەندی لەنێوان خۆتان دا وە خۆتان مەکوژن (یان خۆتان مەفەوتێنن بەتاوان) بەڕاستی خواھەمیشە بەبەزەییە پێتان
30وە ھەرکەسێک ئەوە بکات (واتە یەکێک بکوژێت) بەدەست درێژی و ستەم ئەو لەمەودوا دەیخەینە ناو ئاگرەوە, وە ئەوەش ھەمیشە بۆ خوا ئاسانە
31ئەگەر دوور بکەونەوە لەو تاوانە گەورانەی کەلێتان قەدەغەکراوە ئەوە تاوانە بچووکەکانتان بۆ دەپۆشین وە دەتانخەینە شوێنێکی چاک و ڕێزدارەوە
32وە ئاوات مەخوازن بۆ ئەو پلەیەی کە خوا فەزڵی ھەندێکتانی داوە بەسەر ھەندێکی ترتاندا بۆ پیاوان بەش ھەیە لەوەی بەدەستی ئەھێنن وە بۆ ئافرەتانیش بەش ھەیە لەوەی بەدەستی ئەھێنن وە داوا لەخوا بکەن لەبەھرە و بەخششی خۆی بەڕاستی خوا ھەمیشە بەھەموو شتێک زانایە
33وە دامان ناوە بۆ ھەموو (مردوویەک یان میراتێک) چەند میرات گرێک (کە بەشێ ئەگرن) لەوەی کە دایک و باوک و خزمانیان بەجێیان ھێشتووە, وە ئەوانەش کەپەیمانتان لەگەڵ گرێ داون (کە میرات لەیەکتربەرن) ئەوە بەشی خۆیانیان بدەنێ بەڕاستی خوا ھەمیشە بەسەر ھەموو شتێکدا ئاگادارو چاودێرە
34پیاوان سەرپەرشتیارن (کاربەدەستن) بەسەر ئافرەتانەوە بەھۆی ئەوەوە خوا فەزڵی ھەندێکیانی داوە بەسەر ھەندێکیاندا ھەروەھا بەھۆی ئەوەی کە (پیاوان) لەسامانەکانیان خەرج دەکەن جا ئافرەتە چاکەکان (ئەوانەن) گوێرایەڵانی بەردەوام (بۆ خواو پاشان مێردەکانیان) پارێزەرانی (داوێنی خۆیان وسامانی مێردەکانیانن) کە مێردەکانیان لەماڵەوە نەبن بەھۆی ئەوەی خوا فەرمانی پاراستنی داوە, وەئەو ئافرەتانەش کەئێوە دەترسن سەرپێچیتان بکەن ئەوە ئامۆژگاریان بکەن و جێگەیان لێ جیابکەنەوە (و لەگەڵیان مەخەون) وە لێیان بدەن بە (سوکی بەشێوەیەک کەلەشی عەیبدار نەکات) جا ئەگەر گوێرایەڵیان کردن ئەوە ئیتر ھیچ رێگەیەک لەدژیان مەگرنەبەر بەڕاستی خوا ھەمیشە بەرز وبڵند و گەورەیە
35وە ئەگەر ترسان لە تێکچونی نێوانیان (ژن و مێرد) ئەوە ناوبژیوانێک بنێرن لەخزمی پیاوەکە و ناو بژیوانێک لە خزمی ئافرەتەکە ئەگەر (دوو ناوبژیوانەکە) ئاشتییان بوێت خوا نێوان ژن و مێردەکە چاک دەکاتەوە بەڕاستی خوا ھەمیشە زانا و ئاگادارە
36بەس خوا بپەرستن، و ھیچ شتێک مەکەن بەھاوبەشی ھەروەھا لەگەڵ دایک و باوکتاندا چاک بن وە لەگەڵ خزم و نزیکان و ھەتیوان و ھەژاران وھاوسێی خزم و ھاوسێی بێگانە یا دوور و ھاوڕێی ھەمیشەیی یا ھاوڕێی سەفەر و ڕێبوار و ئەوانەی بوون بەموڵکتان (چاک بن لەگەڵیاندا) بەڕاستی خوا خۆشی ناوێت ئەو کەسەی کە خۆ بەزل زان و شانازیکار بێت
37ئەوانەی کە چرووکن فەرمانیش دەکەن بەخەڵکی بەچرووکی وە دەیشارنەوە ئەوەی خوا پێی بەخشیوون لە بەخششی خۆی وە ئامادەمان کردوە بۆ بێباوەڕان سزایەکی ریسواکەر
38وە ئەوانەی ماڵەکانیان دەبەخشن لەبەر ڕوپامایی خەڵکی باوەڕیش ناھێنن نەبەخوا و نەبەڕۆژی دوایی وە ھەرکەس شەیتان ھاورێی بێت ئەوە (شەیتان) ھاورێیەکی زۆر خراپە
39وە ئەوانە چ زیانێکیان دەکەوتە سەر؟ ئەگەر باوەڕیان بھێنایە بەخوا وە بەڕۆژی دوایی وەبیان بەخشییایە لەوەی کەخوا پێ ی بەخشیبوون وەخوا ھەمیشە زانایە پێیان
40بەڕاستی خوا بە ئەندازەی گەردیلەیەک ستەم ناکات وە ئەگەر چاکەیەک ھەبێت (خودا) پاداشتەکەی چەندجارە دەکاتەوە و دەیبەخشێت لەلایەن خۆیەوە پاداشتێکی گەورە
41ئەمجا (حاڵی کافران) چۆن بێت کاتێک ھێنامان لە ھەموو ئومەتێکدا شایەتێک (کە پێغەمبەرەکەیانە) تۆیشمان ھێنا (ئەی موحەممەد ﷺ) بەشایەت بەسەر ئائەوانەوە
42لەو ڕۆژەدا ئاوات دەخوازن ئەوانەی کافر بوون و سەرپێچی پێغەمبەریان کرد کە زەویان بەسەردا تەخت بکرێت (واتە بخرێنە ژێر زەوی و نەھێنرێنە دەرەوە) وە (لەو ڕۆژەدا) ھیچ قسەو باسێک لەخوا ناشارنەوە
43ئەی ئەو کەسانەی کەبڕواتان ھێناوە نزیکی نوێژ مەبنەوە کاتێک ئێوە سەرخۆش بن ھەتا بزانن چی دەڵێن وەھەروەھا نزیکی (جێگای) نوێژ مەبنەوە لەکاتێکدا لەشتان بێ نوێژە (لەشتان پیسە) مەگەر تێپەڕبن (بە مزگەوتدا) ھەتا خۆتان دەشۆن وە ئەگەر ئێوە نەخۆش بوون یان لەسەفەردا بوون یان کەسێک لەئێوە ھاتەوە لەشوێنی دەست بەئاو گەیاندنەوە یان جووت بوون لەگەڵ خێزانەکانتاندا (یالە یەک کەوتن لەگەڵ ئافرەتانی نامەحرەمدا) ئەمجا ئاوتان دەست نەکەوت ئەوە بەخۆڵێکی پاک تەیەموم بکەن جا بەو تۆزو خۆڵە ڕووخسار و دەستەکانتان تەیەموم بکەن بەڕاستی خوا ھەمیشە سڕەرەوەی تاوانە و لێبووردەیە
44ئایا سەیری ئەوانەت نەکردووە کە بەشێک لەنامەکەیان پێدراوە (کە تەوراتە) گومڕایی ھەڵدەبژێرن (دەکڕن) وە دەیانەوێت ئێوەش لەڕێبازی ڕاست گومڕاببن
45وەتەنھا خوا چاک ئاگادارە بەدوژمنەکانتان وە تەنھا خوا بەسە دۆست بێت تەنھا خواش بەسە یاریدەدەر بێت
46ھەندێک لە جوولەکەکان فەرموودەکانی خوا دەگۆڕن لەشوێن و مەبەستی خۆی وە دەڵێن: بیستمان و سەرپێچیمان کرد!! گوێ بگرە قەت گوێت لێ نەبێ!! وە دەڵێن (راعنا) چاک گوێمان بۆ بگرە (بەڵام بەزمانی جولەکە واتە تۆ خراپترینمانی ئەوان ئەم مانایان مەبەست بوو) دەمیان خوار دەکردەوە (بۆ ئەوەی مەبەستە خراپەکە بگەیەنێت) وە بۆتانەو تەشەردان لەئایینی (ئیسلام) وە ئەگەر ئەوان بیان ووتایە بیستمان و گوێرایەڵین و (قسەمان) ببیستەو پەلەمان لێ مەکە ئەوە چاکترو ڕاست تر بوو بۆیان بەڵام خوا نەفرەتی لێکردن بەھۆی بێ باوەڕییەکەیانەوە بۆیە بڕوا ناھێنن کەمێکیان نەبێت
47ئەی ئەوانەی کەنامەتان پێ بەخشراوە بڕوا بھێنن بەو (قورئانە) ی ناردوومانەتە خوارەوە کە بەڕاست دانەری ئەو (تەوراتەی) ئێوەیە پێش ئەوەی ڕوخسارانێک ساف بکەین (لەپێشەوە) ئەمجا بیبەینە پشت سەریان یان نەفرەتیان لێ بکەین وەک چۆن نەفرەتمان کرد لە خەڵکانی شەممە (ئەوانەی کەڕاوە ماسییان لێ قەدەغە کرا لە ڕۆژی شەممەدا کەچی دەھاتن لەڕۆژی ھەینیدا تۆڕەکانیان دادەخست و ڕۆژی یەک شەممە ھەڵیان دەگرتەوە) وەبڕیاری خوا ھەمیشە بەدی دێت
48بەڕاستی خوا خۆش نابێت گەر ھاوبەشی بۆ دابنرێ بێجگە لەوە خۆش ئەبێت لەھەر گوناھێکی تر بۆ ھەرکەسێک کە بیەوێت وە ھەرکەسێک ھاوبەش بۆ خوا دابنێت ئەوە بێگومان گوناھێکی زۆر گەورەی ھەڵبەستووە
49ئایا سەیری ئەوانەت نەکردووە کەخۆیان بەپاک و چاک دەزانن (وانیە) بەڵکو خوا ھەر کەسێکی بوێت پاک و خاوێنی دەکات و کەمترین ستەمیان لێ ناکرێت (بابەئەندازەی ئەو دەزوە باریکەی ناوکی خورماش بێت)
50سەیری بکە چۆن بەدەم خواوە درۆ ھەڵدەبەستن وە بەسە ئەو درۆیەکە گوناھێکی ڕوون و ئاشکرایە
51ئایا ئاوڕێکت نەداوەتەوە لەوانەی بەشێک لەنامەی خواییان پێدراوە بڕوا ئەھێنن بەشتی بێ نرخ و بەرنامەی غەیری خوا (بە جادووگەران و بەشەیتان) وە ئەڵێن بەوانەی کەبێ بڕوان ئەوانە رێبازیان ڕاسترە لەوانەی کەباوەڕیان ھێناوە
52ئا ئەوانە کەسانێکن کە خوا نەفرینی لێ کردوون ھەرکەسێکیش خوا نەفرینی لێ بکات ئەوە ھەرگیز دەست ناکەوێت بۆی ھیچ یارمەتی دەرێ
53ئایا ئەوانە (جولەکەکان) بەشیان ھەیە لە دەسەڵاتی پاشایەتی (خاوەنێتی بوونەوەر)؟ (جا ئەگەر بیانبوایە) ئەو کاتە بەخەڵکیان نەدەبەخشی (بە ئەندازەی) توێکڵی دەنکە خورمایەک
54یان ئێرەیی (حەسوودی) دەبەن بەخەڵکی؟ لەسەر ئەوەی خوا پێی بەخشیوون (کە پێغەمبەرێتیە) لە فەزڵ و بەھرەی خۆی ئەوە بێـگومان داومانە بەنەوەی ئیبراھیم کتێب و پێغەمبەرێتی ھەروەھا پێمان بەخشین دەسەڵاتێکی گەورە
55جالەو خەڵکەدا ھەبوو بڕوایان بە (موحەممەد ﷺ) ھێنا ھەشیان بوو بەرگری لێ کردووە, وە دۆزەخ بەسە(بۆیان) کە ئاگرێکی ھەڵگیرساوە
56بەڕاستی ئەوانەی بێ بڕوا بوون بە ئایەتەکانی ئێمە لەمەولا دەیانخەینە ناو ئاگرێک ھەر کاتێک کە پێستیان سووتا (وبرژا) بۆیان دەگۆڕێن بە پێستێکی تر بۆ ئەوەی سزاکە (بەچاکی) بچەژن بەڕاستی خوا ھەمیشە زاڵ و کار دروستە
57وە ئەوانەی باوەڕیان ھێنا و کاری چاکەیان کرد لەمەولا دەیانخەینە چەند بەھەشتێ کە ڕووبارەکان دەچن بەژێریاندا دەمێننەوە تیایدا بەھەمیشەیی بۆیان ھەیە تیایدا ھاوسەرانی پاک وخاوێن وە دەیانخەینە ژێر سێبەری چڕو بەردەوامەوە
58بەڕاستی خوا فەرمانتان پێ دەکات بەدانەوەی گشت سپاردەکان بۆ خاوەنەکانیان وە کاتێک دادوەریتان کرد لەنێوان خەڵکیدا (خوا فەرمان دەکات) بەدادگەری حوکم بکەن بەڕاستی خوا بە چاکی ئامۆژگاریتان دەکات بەڕاستی خوا ھەمیشە بیسەر و بینایە
59ئەی کەسانێک کەباوەڕتان ھێناوە گوێڕایەڵی خوا و گوێڕایەڵی پێغەمبەر بن وە پاشانیش گوێڕایەڵی کاربەدەستە (عادیلەکانی) خۆتان بن جا ئەگەر دووبەرەکیتان ھەبوو لە شتێکدا ئەوە بیگێڕنەوە بۆ لای خواو (پێغەمبەر ﷺ) ئەگەر ئێوە باوەڕتان ھەیە بەخوا و بەڕۆژی دوایی ئەوە باشترە وە ئاکام و ئەنجامی چاکترە
60ئایا ئاوڕێکت نەداوەتەوە بەلای ئەوانەی وا خۆ نیشان دەدەن کە بەڕاستی ئەوان باوەڕیان ھێناوە بەوەی دابەزیوە بۆتۆ (کە قورئانە) و بەوەش کە پێش تۆ دابەزیوە (کە تەوراتە) دەیانەوێت کە دادگایی وحوکمیان ببەن بۆلای یەکێک کە حوکم بەبەرنامەی خوا ناکات لە کاتێکدا بەڕاستی فەرمانیان پێ کراوە کە بڕوایان پێی نەبێت وە شەیتان دەیەوێت کە گومڕایان بکات بەگومڕاییەکی دوور لە ڕاستی
61وە ئەگەر پێیان بوترێت: وەرن بۆلای ئەوەی خوا ناردوویەتیە خوارەوە, وە بۆ لای (پێغەمبەر ﷺ) دەبینی (ئەی موحەممەد ﷺ) دوو ڕووەکان ڕووت لێ وەردەگێرن بەوەرگەڕانێکی تەواو
62ئایا حاڵیان چۆن ئەبێت کاتێک بەسەرھاتێکی ناخۆشیان تووش بێت؟ بەھۆی ئەوەی دەستیان پێش خستووە (کردوویانە) پاشان دێنەوە بۆ لات و سوێند دەخۆن بەخوا تەنھا نیازی چاکە و یەک خستنەوەمان بووە (کاتێک کە حوکم دەبەین بۆلای غەیری خوا)
63ئەوانە کەسانێکن خوا دەزانێت چی لە دڵیاندا ھەیە کەواتە ڕوویان لێ وەرگێڕە وە ئامۆژگارییان بکەوە بڵێ پێیان دەربارەی خۆیان ووتەیەکی ڕەوان و کاریگەر
64وە ھیچ پێغەمبەرێکمان ڕەوانە نەکردووە تەنھا بۆ ئەوە نەبێت گوێڕایەڵی بکرێت بەفەرمانی خوا وە بێگومان ئەگەر ئەوان کاتێک ستەمیان لە نەفسی خۆیان کرد بھاتنایە بۆلات وە داوای لێ بوردونیان بکردایە لە خوا پێغەمبەریش داوای لێ خۆش بوونی بۆ بکردنایە بێگومان دەیـان بینی خوا پەشیمانی وەرگر و بەبەزەییە
65نەخێر (وانیە کەخۆیان بە باوەڕدار نیشیان دەدەن) سوێند بەپەروەردگارت بڕوا دارنین تاتۆ نەکەنە دادوەر لەھەر ئاژاوە و دووبەرەکیەکی نێوانیان دا لە پاشان ھەست نەکەن لە دەرونیاندا بەھیچ بێزارییەک لەو بڕیارەی تۆ داوتە و مل کەچ نەبن بەملکەچیەکی تەواو
66وە بێگومان ئەگەر ئێمە پێویستمان بکردایە لەسەریان کە یەکتری بکوژن (واتە باوەڕداران بێ باوەڕان بکوژن) یان لەماڵەکانتان دەربچن ئەوەیان نەدەکرد کەمێکیان نەبێت وە ئەگەر بەڕاستی ئەوان کاریان بکردایە بە پێی ئەو ئامۆژگارییانەی دەکران ئەوە باشتر بوو بۆیان وە دامەزراوتر دەبوون (لەسەر ئایینەکەیان)
67جا ئەو کاتە بێگومان پێمان دەبەخشین لەلایەن خۆمانەوە پاداشتێکی گەورە
68وە ڕێنموونیمان دەکردن بۆ ڕێگای ڕاست
69وە ھەر کەسێک گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەر بکات جا ئەوانە لەگەڵ کەسانێکن کە خوا فەزڵ و بەھرەی (خۆی) ڕشتووە بەسەریاندا لە پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و شەھیدان و پیاوچاکان وە ئەوانە چ ھاوڕێ و ھاوەڵێکی چاکن
70ئەو فەزڵ و بەھرەیە تەنھا لەلایەن خواوەیە وە بەسە کە خوا زانایە (بەھەموو شتێک)
71ئەی ئەو کەسانەی باوەڕتان ھێناوە ئاگاداریی خۆتان وەرگرن ئەوسا تاقم تاقم ھێرش بەرن (دەرچن بۆ جیھاد) یان ھەموو پێکەوە ھێرش بەرن (دەرچن بۆ جیھاد)
72وە بێگومان لە ناوتاندایە کەسی وا بەڕاستی خۆی دوا دەخات جا ئەگەر تووشی بەسەرھاتێکی خراپ ھاتن دەڵێت بەڕاستی خوا فەزڵ و بەھرەی ڕشت بەسەرمدا کە لەگەڵیاندا ئامادە نەبووم
73وە ئەگەر تووشی فەزڵ و بەھرەیەک بوون لە خواوە بێگومان دەڵێت وەک لەنێوان ئێوە و ئەوا ھیچ دۆستایەتی یەک نەبوو بێت ئەی خۆزگە لەگەڵ ئەواندا بوومایە تا قازانجێکی زۆر گەورەم بکردایە
74کەواتە با بجەنگن لەڕێی خوادا ئەو کەسانەی کە ژیانی دونیا دەفرۆشن بەڕۆژی دوایی جا ھەرکەسێک بجەنگێت لەڕێی خوادا ئەمجا بکوژرێ (شەھید ببێت) یان زاڵ ببێت ئەوە دواتر پێی دەدەین پاداشتێکی گەورە
75ئەوە چیتانە (بەچ بیانوویەک) جەنگ ناکەن لەپێناوی خوادا و لەپێناوی چەوساوەکان لەپیاوان و ئافرەتان و منداڵان ئەوانەی کە دەڵێن ئەی پەروەردگارمان ڕزگارمان کەی لەم شارە (مەبەست پێی شاری مەککەیە) کە خەڵکەکەی ستەمکارن وە لەلایەن خۆتەوە پشتیوانێکمان بۆ بەدی بھێنە وە لەلایەن خۆتەوە بەدی بھێنە بۆمان یارمەتیدەرێک
76ئەو کەسانەی باوەڕیان ھێناوە لەپێناوی خوادا دەجەنگن وە ئەوانەی بێ باوەڕن لە پێناوی نارەوا (یان شەیتان) دا دەجەنگن کەواتە شەڕبکەن لەگەڵ دۆستەکانی شەیتاندا بەڕاستی پیلانی شەیتان ھەر لاواز بووە
77ئایا سەیری ئەو کەسانەت نەکردووە کەپێیان ووترا دەستان بگێڕنەوە (لەجەنگ و کوشتار) و نوێژ بکەن و زەکات بدەن؟ کەچی کاتێک جەنگیان لەسەر پێویست کرا یەکسەر دەستەیەکیان لە خەڵکی دەترسان وەک ترسان لەخودا بگرە زیاتریش دەترسان دەیانووت ئەی پەروەردگاری ئێمە بۆچی جەنگت لەسەرمان پێویست کردوە خۆزگە دوات دەخستین (لەجەنگ کردن) بۆ ماوەیەکی کەم بڵێ خۆشی و لەزەتی دونیا زۆر کەمە و ڕۆژی دوایی باشترە بۆ کەسێک لەخوا بترسێت وەستەمتان لێ ناکرێت بە (ئەندازەی) تاڵی ناوکە خورمایەک
78لەھەرشوێنێک بن مردن پێتان دەگات بالەناو قەڵا و کۆشکی بەرزو قایمشدابن وە ئەگەر (ناپاکان) خۆشی و چاکە ھاتە رێیان دەڵێن ئەمە لەلایەن خواوەیە وە ئەگەر تووشی نا خۆشی و خراپەیەک ھاتن دەڵێن ئەمە لەلایەن تۆوەیە (ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: ھەمووی لەلایەن خواوەیە ئەوە ئەو خەڵکە چیان بەسەر ھاتووە؟ وەکو لە ھیچ قسەیەک تێنەگەن وایه
79ھەر چاکەیەکت تووش بوو ئەوە لەخواوەیە وە ھەر خراپەیەکت تووش بوو ئەوە لە خۆتەوەیە و ئێمە تۆمان ناردووە بەپێغەمبەر بۆخەڵکی وە خوا بەسە شایەتی ئەوە بدات
80ھەر کەسێک گوێرایەڵی (پێغەمبەر ﷺ) بکات ئەوە بەڕاستی گوێرایەڵی خوای کردووە ھەرکەسێکیش پشت ھەڵبکات ئەوە ئێمە تۆمان ڕەوانە نەکردووە بە چاودێر و پارێزەر بەسەریانەوە
81(دووڕوەکان) دەڵێن گوێرایەڵین (مل کەچ و فەرمانبەردارین) بەڵام کاتێک لەلای تۆ دەرچوون کۆمەڵێک لەوان شەو دەکەنەوە بەپیلان گێران (لەموسڵمانان) بەپێچەوانەی قسەکانی تۆ وەخوا دەینووسێت ئەو (پیلانانەی) شەو کردویانە کەواتە وازیان لێ بھێنە و پشت بەخوا ببەستە خوا بەسە پشتیوانت بێت
82ئەوەبۆ بییر ناکەنەوە لەقورئان؟ خۆ ئەگەر لەلایەن کەسێکی ترەوە بوایە جگەلە خوا بێگومان دەیانبینی تیایدا جیاوازیی زۆر
83وە کاتێک ھەواڵێکیان پێ بگات دەربارەی ئاسایش و ھێمنایەتی (نێوانتان) یان لەبارەی ترسەوە بڵاوی دەکەنەوە بەڵام ئەگەر بیانگەڕانایەتەوە بۆ لای (پێغەمبەر ﷺ) و بۆ لای کاربەدەستانی خۆیان ئەوە ئەوانەی ڕاستی ھەواڵەکان دەردەھێنن دەزانن ھەواڵەکە (ڕاستە یان درۆیە) وە ئەگەر چاکەو بەزەیی خوا نەبوایە بەرامبەر بەئێوە بێگومان شوێن شەیتان دەکەوتن کەمێکتان نەبێت
84(ئەی موحەممەد ﷺ) لەپێناوی خوادا بجەنگێ تۆ تەنھا ئەرکی خۆت لێ داوا کراوە (یا تۆ تەنھا ئەرکی خۆتت لەسەرە) ھانی بڕوادارانیش بدە (بۆ جیھاد کردن) ئومێدە خوا ڕێگری لە ھێزی بێ باوەڕان بکات وە خوا بەھێزترە و تۆڵەی بەتینترە
85ھەرکەسێک تکایەکی چاکە بکات بەشێکی لە (پاداشتی) ئەو چاکەیە بۆ ھەیە وە ھەرکەسێک تکایەکی خراپە بکات ئەویش بەشێکی دەبێت لە (سزای) ئەو خراپەیە وەخوا ھەمیشە بەسـەر ھەموو شتێکدا بەتوانـایە (چاودێرە)
86ھەر کاتێک سڵاوێکتان لێکرا ئەوە بەچاکتر لەو سڵاوە سڵاو بکەنەوە (لێیان) یان وەکو خۆی وەڵامی بدەنەوە بێگومان خوا ھەمیشە پرساو چاودێرە بەسەر ھەموو شتێکدا
87ھیچ پەرستراوێکی ڕاست نیە جگە لەخوا سوێند بەخوا بێگومان کۆتان دەکاتەوە بۆ (لێپرسینەوەی) ئەو ڕۆژی دواییەی کە ھیچ گومانی تێدا نیە جا کێ لە خوا قسە (و بەڵێنی) ڕاستترە
88 ئەوە چیتانە دەربارەی دوو ڕووەکان بوونەتە دوو دەستە لەکاتێکدا خوا ئەوانەی گەڕاندۆتەوە بۆ بێ باوەڕی بەھۆی کردەوەکانیانەوە ئایا دەتانەوێت ڕێنمونی کەسێک بکەن کە خوا گومڕای کردووە؟ وە ھەرکەسێک خوا گومڕای بکات ئەوە ھەرگیز ناتوانی ڕێگای ڕاستی بۆ بدۆزیتەوە
89ئەوان ئاواتە خوازن ئێوەش بێ باوەڕبن وەک چۆن خۆیان بێ باوەڕ بوون تا ئێوەو ئەوان یەکسان بن کەواتە ئەوان بە دۆست و یارمەتی دەر ھەڵمەبژێرن ھەتا (پەشیمان دەبنەوەو) کۆچ دەکەن لەڕێی خوادا ئەمجا ئەگەر ڕوویان وەرگێڕاو پشتیان ھەڵکرد ئەوە (بەدیل) بیانگرن و بیانکوژن لەھەر شوێنێک تووشیان بوون وە ھیچ دۆست و یارمەتیدەرێک لەوان ھەڵمەبژێرن
90جگە لەوانەی پەیوەندی دەکەن بە کەسانێکەوە کە لەنێوان ئێوەو ئەواندا پەیمان ھەیە یان ھاتوون بۆ لاتان لەسەر دڵیان ناڕەحەتە (حەزناکەن) لەوەی کە جەنگتان لەدژ بکەن یاجەنگ لەدژی خزمەکانیان بکەن وە ئەگەر خوا بیویستایە زاڵی دەکردن بەسەرتاندا وە جەنگیان دژتان دەکرد جا ئەگەر ئەوان کەنارگیر بوون لە ئێوە، وە جەنگیان لە دژتان نەدەکرد و پێشنیاری ئاشتیان کرد بۆتان (ملکەچ بوون) ئەوە خوا ڕێگەی نەداوون کە دەستیان بۆ بەرن و (نابێ شەڕیان لەدژ بکەن)
91لە مەولا کەسانێکی تر دەبینن دەیانەوێت لەئێوە ئەمین بن وە لە ھۆزەکەی خۆشیان ئەمین بن ھەر کاتێک بانگ کرابن بۆ بـێ بــاوەڕی و بت پەرستی گەڕاونەتەوە بۆی (واتە بەئاشتی ڕازی نەدەبوون) جا ئەگەر کەنارگیر نەبوون لێتان وە جڵەوی ئاشتیان نەدایە دەستتان وە دەستیان نەکێشایەوە (لەجەنگ کردن) ئەوە بەدیل بیانگرن و بیانکوژن لەھەر شوێنێک کە بەردەستتان کەوتن ئەوانەی (باسمان کرد) داومانەبە ئێوە لەدژیان دەسەڵاتی ئاشکرا
92بۆ ھیچ باوەڕدارێک ڕەوا نیە باوەڕدارێک بکوژێت مەگەر بەھەڵە نەبێت وە ھەر کەسێک ئیماندارێک بە ھەڵە بکوژێت ئەوە (لەسەریەتی) ئازادکردنی کۆیلەیەکی باوەڕدار و (نرخی) خوێنێکیش بدات بە کەس و کاری کوژراوەکە مەگەر بیبەخشن (لە خوێنەکە بەخێری خۆیان) بەڵام ئەگەر کوژراوەکە لەگەلێک بوو کە دوژمنتان بوون (کافری شەڕکار بوون) وە بەڵام کوژراوەکە ئیماندار بوو ئەوە (ھەر لەسەریەتی) ئازادکردنی بەندەیەکی ئیماندار وە ئەگەر (کوژراوە باوەڕدارەکە) لەگەلێک بوو کە لەنێوان ئێوە وئەواندا پەیمان ھەبوو ئەوا (نرخی) خوێنێک بدەنەکەسی کوژراوەکە لەگەڵ ئازادکردنی کۆیلەیەکی ئیماندار جا ئەو (بکوژەی) دەستی نەکەوت (یان نەی بوو) ئەوە (لەسەریەتی) ڕۆژووگرتنی دوو مانگ لەسەریەک (ئەم بڕیاڕە) لێبووردنە لەلایەن خواوە، وە خوا ھەمیشە زانا و کاردروستە
93وەھەرکەسێک ئیماندارێک بەدەس ئەنقەس بکوژێت ئەوە تۆڵەی ئەو کەسە دۆزەخە بە ھەمیشەیی تیایدا ئەبێت وخوا خەشمی لێگرتووە و نەفرەتی لێکردووە و سزایەکی گەورەی بۆئامادە کردووە
94ئەی کەسانێک کەبڕواتان ھێناوە کاتێک دەرچوون (بۆ جیھاد کردن) لەڕێگەی خوادا ھەموو شتێک ڕوون بکەنەوە, وە نەڵین بەو کەسانەی کە سڵاوی (موسڵمانانە) تان لێدەکەن تۆ بڕوادار نیت؟ بەدوای شتوومەک و سامانی دونیاییدا بگەڕێن ئەوە لای خوا دەسکەوتی زۆر ھەیە ئێوەش لەمەو پێش ھەروەھا بوون (ئیمانەکەتان دەشاردەوە) ئەمجا خوا منەتی نا بەسەرتاندا (بە ھێز و زاڵی کردن) دەی کەواتە ھەموو شتێک ڕوون بکەنەوە بەڕاستی خوا ھەمیشە ئاگادارە بەوەی ئێوە دەیکەن
95یەکسان نین ئەو باوەڕدارانەی دانیشتوون و جیھاد ناکەن جگە لە خاوەن عوزرەکان نەبێت (وەک نەخۆش، و کوێر، وشەل) لەگەڵ تێکۆشەرانی ڕێگەی خوادا بەماڵ و گیانیان خوا فەزڵی تێکۆشەران بە ماڵ و گیانیانی داوە بە سەر دانیشتوان (لە جیھاد) دا بە پلەیەک وە ھەر یەک لەو دوو تاقمە خوا بەڵێنی پاداشتی زۆر چاکی پێی داون (کە بەھەشتە). وە خوا ڕێزی تێکۆشەرانی داوە بەسەر دانیشتووەکاندا بە پاداشتێکی گەورە
96لەلای (خوا) وە پلەی زۆر و لێخۆش بوون و میھرەبانیان بۆ ھەیە وە خوا ھەمیشە لێبوردەی میھرەبانە
97بە ڕاستی ئەوانەی کە فریشتەکان گیانیان دەکێشن لە کاتێکدا کەستەمیان لەخۆیان دەکرد (بە کۆچ نەکردنیان) (بە تەشەرەوە پێیان) دەڵێن (دەربارەی ئایینەکەتان) لەچیدا بوون؟! دەڵێن ئێمە چەوساوە بووین لەسەر زەویدا (پێیان) دەڵێن مەگەر زەوی خوا فراوان نەبوو؟ تا کۆچتان بکردایە تیایدا جا ئەوانە شوێنیان دۆزەخە ئای چ پاشە ڕۆژێکی خراپە
98بێجگە لەو چەوساوانەی کە لە پیاوان و ئافرەتان و لە مناڵانن کە توانای ھیچ چارەیەکیان نیە (لەبەر بێ ھێزی و پیرییان) وە بەھیچ شێوازێک ڕێ دەرناکەن
99ئا ئەوانە ئومێد ھەیە خوا لێیان خۆش بێت وە خوا ھەمیشە چاوپۆشیکار و لێخۆشبووە
100وە ھەر کەسێک کۆچ بکات لە ڕێی خوادا دەستی دەکەوێت لە زەویدا جێگە و ڕێگەی زۆر (کە دوژمن پێی ناخۆشە) وە فراوانی (لە ڕۆزی ژیاندا) وە ھەرکەسێک لە ماڵی خۆی دەرچێت وە کۆچ بکات بۆ لای خوا و پێغەمبەرەکەی پاشان مردن پێی بگات ئەوە بێگومان پاداشتی ئەو کەسە کەوتۆتە سەر خوا وە خوا ھەمیشە لێبوردەی بە بەزەییە
101ھەر کاتێک سەفەرتان کرد و گەڕان بەسەر زەویدا ئەوە ھیچ گوناھێکتان لەسەر نیە (دروستە بۆتان) کە نوێژەکان کورت بکەنەوە ئەگەر ترسان ئەوانەی بێ باوەڕن جەنگتان لەگەڵ بکەن بە ڕاستی بێ باوەڕان ھەمیشە بۆ ئێوە دوژمنێکی ڕوون و ئاشکران
102کاتێک تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) لەجەنگدا) لەناو بڕواداراندا بوویت و پێش نوێژیت بۆ کردن ئەوە با تاقمێک لەوان لەگەڵ تۆ نوێژ بکەن و با چەکەکانیان پێ بێت جا کاتێک سوژدەیان برد (رکاتێکیان تەواو کرد) با (بچنە دواوە) لە پشتانەوە بن (پاسەوانتان بن) وە باتاقمەکەی تر بێن کە نوێژیان نەکردوە (وپاسەوان بوون) و لەگەڵ تۆ نوێژ بکەن وە با ووریای خۆیان بن و چەکەکانیشیان پێ بێت بێ باوەڕان ئاواتە خوازن کە ئێوە بێ ئاگابن لە چەکەکانتان و شت و مەکەکانتان تا پەلامارتان بدەن بە پەلامارێکی یەکجارەکی (بدەن بە سەرتاندا) وە تاوانتان لەسەر نیە ئەگەر بەھۆی بارانەوە ناڕەحەت بوون یان نەخۆش بوون کە چەکەکانتان دانێن بەڵام ووریای خـۆتان بن بەڕاستی خوا ئامادەی کردوە بۆ بێ باوەڕان سزایەکی ڕیسواکەر
103ئەمجا کاتێک نوێژەکانتان بەجێ ھێنا ئەوسا یادی خوا بکەن بەپێوە و بەدانیشتنەوە وە لە سەرتەنیشتان (بە پاڵکەوتنەوە) جا ھەر کاتێک دڵ ئارام بوون (و ترستان نەما) ئەو کاتە نوێژەکانتان بە ڕێک و پێکی بکەن بەڕاستی نوێژ ھەمیشە لەسەر باوەڕداران فەرز کراوێکی کات بۆ دیاری کراوە
104سست مەبن لە بەدوا گەڕانی دوژمنتاندا (یان لە بەدوا گەڕانی ئەو قەومە کافرانەدا) ئەگەر ئێوە ئێش و ئازارتان پێ بگات بێگومان ئەوانیش ئێش و ئازاریان پێدەگات وەک چۆن ئێوە ئێش و ئازارتان پێدەگات وە ئێوە ئومێد دەکەن لەخوا ئەوەی ئەوان ئومێدی ناکەن (کە پاداشت و سەرکەوتنە) وە بەڕاستی خوا ھەمیشە زانا و کار دروسته
105بێگومان ئێمە دامانبەزاندۆتە سەر تۆ ئەم قورئانە بەڕاستی بۆ ئەوەی بڕیار بدەی لەنێوان خەڵکیدا بەو بڕیارەی کەخوا نیشانی داویت وە بۆ ناپاکان مەبە بەپارێزەر و پشتیوان ولایەنگر
106داوای لێخۆشبوون لەخوا بکە بەڕاستی خوا لێخۆش بووی بە بەزەیی یە
107بەرگری مەکە لەوانەی ناپاکی دەکەن بەرامبەر خۆیان بێگومان خوا خۆشی ناوێت ئەوانەی کە بەردەوام زۆر ناپاک و گوناھبارن
108(تاوانەکانی) خۆیان دەشارنەوە لەخەڵکی (لەترساندا) و نایشارنەوە لە خوا (و شەرمی لێ ناکەن) لەکاتێکدا خوا لەگەڵیاندایە کاتێک (کە بەنھێنی) لەشەودا تەگبیر دەکەن و قسەیەک دەکەن کە خوا پێی ڕازی نیە وە خوا ھەمیشە زاناو ئاگادارە بەھەر کردەوەیەک کە ئەوان دەیکەن
109(ئیمانداران) بێداربن وا ئێوە بەرگریتان لەناپاکان کرد لەژیانی دونیادا دەی ئایا کێ بەرگرییان لێ دەکات (لە سزای خوا) لە ڕۆژی دواییدا یان کێ کارو باریان دەگرێتە دەست
110وە ھەرکەس کردەوەیەکی خراپ بکات یان ستەم لەخۆی بکات پاشان داوای لێ خۆش بوون لەخوا بکات دەبینێت خوا لێبوردە و میھرەبانە
111وە ھەرکەسێک گوناھێکی (گەورە) بکات بێگومان (زیانی) ئەو گوناھە ھەر بۆ خۆیەتی وەخوا ھەمیشە زانای کاردروستە
112وە ھەرکەسێک گوناھێک بکات (بەھەڵە) یان گوناھێک بکات (بەقەست) پاشان (ئەو تاوانە) بخاتە سەر بێ تاوانێک ئەوە بێگومان خستویەتیە ئەستۆی خۆی (سزای) بوھتانێک وە تاوانێکی ئاشکرا
113وە ئەگەر بەخشش و بەزەیی خوا بەسەر تەوە نەبوایە (ئەی موحەممەد ﷺ) بێگـومان دەستەیەک لەو ناپاکانە بە نیازبوون کە گومڕات بکەن بەڵام ئەوانە بەس خۆیان گومڕا دەکەن وە ئەوانە ھیچ زیانێک ناگەیەنن بە تۆ وەخوا ناردوویەتیە خوارەوە بۆ سەرت قورئان و دانایی وە ئەوەی کەنەتئەزانی فێری کردی وە ھەمیشە بەخششی خوا بەسەر تۆوە زۆر گەورەیە
114ھیچ چاکەیەک نیە لەزۆربەی چپەو سرتە کردنەکانیاندا مەگەر یەکێک فەرمان بکات بەماڵ بەخشین لەرێی خوادا یان فەرمانکردن بە چاکە یان چاککردنی نێوان خەڵکی جا ھەر کەسێک ئەوە بکات بەنیازی ڕەزامەندی خوا ئەوە لە داھاتوودا پێی دەبەخشین پاداشتی زۆر گەورە
115وەھەرکەسێک دژایەتی (پێغەمبەر ﷺ) بکات پاش ئەوەی کە ڕێبازی ڕاستی بۆ ڕوون بوویەوە وشوێنی ڕێگایەکی تر بکەوێت بێجگە لەڕێگای بڕواداران ڕووی وەردەگێڕین بۆئەو ڕێبازەی کەھەڵی بژاردووە و دەیخەینە دۆزەخ ئای چ پاشەڕۆژێکی خراپە
116بەڕاستی خوا خۆش نابێت لەوەی کەھاوەڵی بۆ دابنرێت بەڵام جگە لەوە ھەرچی بێت لێی خۆش دەبێت لە ھەرکەسێک کە (خوا) بیەوێت وە ھەرکەسێک ھاوەڵ بۆ خوا دابنێت ئەوە بەڕاستی گومڕا بووە بە گومڕابونێکی دوور لەڕاستی
117 جگە لە خوا نزاو ھاوار ناکەن (نایپەرستن جگە لەخوا) تەنھا لەچەند (بتێکی ناولێنراوی) مێینە نەبێت (وەک لات ومەنات وعوزا) وە نایپەرستن جگە لە شەیتانی یاخی و سەرکەش نەبێت
118کە خوا نەفرەتی لێکردووە. وە (شەیتان) ووتوویەتی سوێند بێت ھەڵدەبژێرم (بەبەندەی خۆم) لەبەندەکانتدا بەشێکی دیاریکراو
119سوێند بێت گومڕایان دەکەم و بەئاوات و خەیاڵی درۆینە سەرگەرمیان دەکەم وە فەرمانیان پێ دەدەم جا بێگومان ئەوانیش گوێچکەی ئاژەڵەکان دەبڕن (لەسەردەمی نەفامیدا ھەر ووشترێک پێنج سکی بکردایە گوێیان دەبڕی ولەسەر خۆیان حەرام دەکرد) وە فەرمانیان پێ دەدەم ئەوسا ئەوانیش دروستکراوی خوا دەگۆڕن وە ھەرکەسێک شەیتان بکات بەدۆستی خۆی بێجگە لەخوا ئەوە بێگومان زیانی لێ کەوتووە بەزیانێکی دیارو ئاشکرا
120(شەیتان) بەڵێنیان پێ دەدات و ئاوات و ئومێدیان دەخاتەبەر دڵنیابن شەیتان ھیچ بەڵێنێکیان پێ نادات جگە لەخەڵەتاندن نەبێت
121ئەوانە شوێن و جێگەیان دۆزەخە و ھیچ شوێنی ڕاکردن و لادانیان دەست ناکەوێت لێ ی
122وە ئەو کەسانەی باوەڕیان ھێناوە و کردەوە چاکەکانیان کردووە لە داھاتوویەکی نزیکدا دەیانخەینە بەھەشتانێک کە ڕووبارەکان بە ژێر درەختەکانیان دا دەڕۆن دەمێننەوە تیایدا بە ھەمیشەیی بەڵێنی خوایە و ڕاستە (بەدی دەھێنرێت) وە ئایا کێ لە خوا ڕاست بێژترە
123(بەرزی و پاداشت) نەبە ئارەزووی ئێوەیە و نەبەئارەزووی خاوەن کتێبەکانە ھەر کەسێک خراپەیەک بکات پاداشتی دەدرێتەوە, وە دەستی ناکەوێت بێجگە لەخوا ھیچ دۆست و یارمەتیدەرێک
124کەسێکیش کردەوە چاکەکان جێ بەجێ بکات لە نێر یان لە مێ لە ھەمان کاتدا ئەو کەسە بڕوادار بێت ئەوە ئەوانە دەچنە بەھەشتەوە و بچووکترین ستەمیان لێ ناکرێت (ھێندەی توێکڵی ناوکە خورمایەک)
125ئایا کێ ئایینی چاکترو جوانترە (وە کێ دیندارترە) لە کەسێک کە ڕووی خۆی یەکلا کردبێتەوە بۆ خوا لە ھەمان کاتدا ئەو کەسە چاکەکار بێت و شوێنی ئاینی ئیبراھیم کەوتبێت بەڕاستی و پاکی (کە بە وییستی خۆی لە بەتاڵ لای داوە بۆ لای ڕاست) وە خوا ئیبراھیمی ھەڵبژارد بەدۆست و خۆشەویستی خۆی
126تەنھا بۆ خوایە ھەرچی لە ئاسمانەکان و زەوی دا ھەیە وە خوا بەردەوام ئاگاداری ھەموو شتێکە
127وە (ئەی موحەممەد ﷺ) پرسیارت لێدەکەن دەربارەی ئافرەتان بڵێ خوا وەڵامتان دەداتەوە دەربارەیان وە ئەوەی بەسەرتاندا دەخوێنرێتەوە لە قورئاندا (وەڵامێکە) لەبارەی کچانی ھەتیوەوە ئەوانەی پێیان نادەن ئەوەی نووسراوە بۆیان (واتە میراتی باوکیان) وە حەز ناکەن مارەیان بکەن (لەبەر میراتەکەشیان ناھێڵن شوو بکەن) وە لە بارەی ئەو مناڵانەی کە بێ دەسەڵاتن وە (خوا فەرمان دەدات) بە دادگەری لەگەڵ ھەتیوان دا بجوڵێنەوە, وە ھەر کردەوەیەکی باش بکەن ئەوە بێگومان خوا بەئاگایە لێی
128وە ئەگەر ئافرەتێک ترسا لە گوێ پێ نەدان یان پشت ھەڵکردنی مێردەکەی ئەوە ھەردووکیان ھیچ گوناھێکیان لەسەر نیە کە ئاشتەواییەکی چاک بکەن لە نێوان خۆیاندا ھەر ئاشتەوایی و یەک کەوتن چاکترە ھەر چەندە چروکی و ڕەزیلی تێکەڵاوی دەرونەکان کراوە, وە ئەگەر چاکە کارو پارێزکاربن ئەوە دڵنیابن بەڕاستی خوا ھەمیشە بە ئاگایە لەوەی کە دەیکەن
129ئێوە ھەرگیز ناتوانن داد پەروەربن لە نێوان ژنەکانتان دا ھەر چەندە سوور بن (ھەوڵ بدەن) جا کەواتە بەتەواوی خوار مەبنەوە (لە ھاوسەری یەکێکیان) بەو ھۆیەوە واز بھێنن لەوی تریان وەک ھەڵبەستراو (نە ئەوەیە مێردی ھەبێت نەبەرەڵاش کرا بێت وتەڵاق درا بێت) وەئەگەر بسازێن و پارێزکار بن ئەوە بەڕاستی خوا ھەمیشە لێبوردە و میھرەبانە
130وە ئەگەر لێک جیابوونەوە پەروەردگار ھەریەکەیانی (لەوی تر) بێ نیاز و پێویستی گرت بەڕەحمی خۆی وە خوا ھەمیشە بەھرە فراوان و کاردروستە
131وە بۆ خوایە ھەرچی لە ئاسمانەکان و زەویدایە سوێند بەخوا بەڕاستی ئێمە ئامۆژگاریمان کردوون ئەوانەی کەنامەیان پێدراوە لەپێش ئێوەدا ھەروەھا ئێوەش کە لەخوا بترسن وە ئەگەر بێ باوەڕ بن ئەوە بەڕاستی ھەر ھی خوایە ھەرچی لەئاسمانەکان و زەویدایە وە خوا ھەمیشە دەوڵەمەند و سوپاس کراوە
132وە تەنھا بۆ خوایە موڵکی ئەوە ھەرچی لەئاسمانەکان و زەویدایە تەنھا خوا بەسە پێ سپێراو و چاودێر بێت
133ئەگەر خوا بیەوێت ناتانھێڵێت و لەناوتان دەبات ئەی خەڵکینە وە دەستەیەکی تر دەھێنێت وەخوا ھەردەم بەسەر ئەوەدا بەتوانایه
134ھەر کەسێک پاداشتی دونیای دەوێت ئەوە لای خوایە پاداشتی دونیا و دواڕۆژ وە ھەمیشە خوا بیسەر و بینایە
135ئەی کەسانێک کەباوەڕتان ھێناوە بەردەوام زۆر دادگەربن لەبەر خوا شایەتی بدەن باشایەتی یەکە دژ بەخۆشتان بێت یان دژی باوک و دایک و دژی خزمە نزیکەکانتان (بێت) ئەگەر (شایەتی لەسەر دراوەکە) دەوڵەمەند بێت یان ھەژار (شایەتیەکە ھەر بدەن) چونکە خوا بەوان لە پێشترە (و قازانجیان چاکتر دەزانێت) کەواتە شوێن ئارەزوو مەکەون بۆ ئەوەی لەھەق لانەدەن وە ئەگەر(شایەتیەکە) پێچەوانە بدەن یان نەیدەن و گوێی نەدەنێ ئەوە بەڕاستی خوا ھەمیشە بەکارەکانتان ئاگادارە
136ئەی کەسانێک کە باوەڕتان ھێناوە بەردەوام بن لەسەر باوەڕ بەخوا و پێغەمبەرەکەی و بەو قورئانەی ناردوویەتیە خوارەوە، بۆ پێغەمبەرەکەی وە بەو کتێبانەش کەپێشتر ناردوویەتیە خوارەوە, وە ھەر کەسێک بێ باوەڕ بێت بەخوا و بە فریشتەکانی و بە کتێبەکانی و پێغەمبەرەکانی وە بە ڕۆژی دوایی ئەوە بەڕاستی گومڕا بووە بەگومڕاییەکی زۆر دوور (لەڕاستی)
137بێگومان ئەوانەی بڕوایان ھێناوە پاشان بێ باوەڕ بوونەتەوە دواتر باوەڕیان ھێناوە ئەوسا بێ باوەڕبوونەتەوە پاشان لە بێ بڕواییدا زیادتر ڕۆچوون خوا ھەرگیز لێیان خۆش نابێت وە ڕێنماییان ناکات بۆ ڕێگای ڕاست
138موژدەبدە بەدوو ڕوەکان بەوەی کەبەڕاستی سزایەکی بەئازاریان بۆھەیە
139ئەوانەی کە بێ باوەڕان بەدۆست و خۆشەویستی خۆیان دادەنێن بێجگە لە ئیمانداران ئایا بەتەمان سەربەرزیان لای ئەوان دەس کەوێت؟ (بۆچونێکی ھەڵەیە) چونکە بەڕاستی سەربەرزی و باڵا دەستی ھەمووی بۆ خوایە
140وە بێـگومان خوا ناردوویەتیە خوارەوە بۆتان لە قورئاندا ھەر کاتێک بیستان کە ئایەتەکانی (بەڵگەکانی) خوا بڕوایان پێ ناکرێت و گاڵتەیان پێ دەکرێت ئەوە دامەنیشن لەگەڵیاندا (لەگەڵ ئەوانەی گاڵتە بە ئایەتەکانی خوا دەکەن) تا دەچنە ناو باسێکی ترەوە (و باسەکە دەگۆڕن) بێگومان ئەگەر دانیشتن لەگەڵیاندا (و ھاوبەشیان بکەن) ئەوە ئێوەش وەک ئەوانن بە ڕاستی خوا کۆکەرەوەی دووڕوەکان و بێ باوەڕەکانیشە بە تێکڕا لە دۆزەخدا
141(دووڕووەکان) ئەوانەی چاوەڕوانی (سەر ئەنجامی) ئێوە دەکەن جا ئەگەر بۆ ئێوە بوو سەرکەوتن لەلای خواوە دەڵێن مەگەر ئێمە لەگەڵ ئێوە نەبووین؟ بەڵام ئەگەر بێ بڕوایان بەشێکیان (لەسەرکەوتن) ھەبوو ئەڵێن ئایا ئێمە زاڵمان نەکردن بەسەر ئەواندا؟ و ئێوەمان نە پاراست لەئیمانداران ؟ (کەواتە بەشمان بدەن) جا خوا لەڕۆژی دواییدا بڕیاری یەکجاری دەدات لە نێوانتاندا وە ھەرگیز خوا (بەڵگەی) کافران بەسەر ئیماندارانی (ڕاستەقینە) دا سەرناخات (لەم جیھانەدا) ودروست نیە باوەڕداران ملکەچ وسەر شۆڕی بێباوەڕان بن وحوکمی ئەوان جێبەجێ بکەن
142بە ڕاستی دووڕووەکان دەیانەوێت خوا بخەڵەتێنن کەچی (لەبەرامبەردا) خوا خەڵەتێنەری ئەوانە وفڕ وفێڵەکانیان پووچەڵ دەکاتەوە) ھەر کاتێکیش ھەستن بۆ نوێژ بە تەمەڵی و سستی ھەڵدەستن ڕوپامایی بۆ خەڵکی ئەکەن وە یادی خوا ناکەن بەکەمی نەبێت
143دوودڵ ودڵەڕاوکێیانە لـە نێوان (کوفر وباوەڕ) دا نەلای بڕوادارانن وەنە لای بێ باوەڕانن وەھەر کەسێک خوا گومڕای بکات ئەوە ھەرگیز ڕێگەیەکی ڕاستی بۆ نادۆزێتەوە (بیگەیەنێت بەمەبەست)
144ئەی ئەوانەی کە بڕواتان ھێناوە بێ بڕواکان مەکەنە دۆستی خۆتان لەبری ئیمانداران ئایا (بەم کارە) دەتانەوێت بیدەن بە خوا بەڵگەیەکی ڕوون لەدژی خۆتان؟
145(بابزانن) بەڕاستی دوو ڕووەکان لە خانە و تەبەقی ھەرە ژێرەوەی ئاگردان وە ھەرگیز ڕزگار کەرێکت بۆ ئەوان دەست ناکەوێت
146جگە لەوانەی کە تەوبە دەکەن و خۆیان چـاک دەکەن ودەسـت دەگـرن بە (ئاینی) خـواوە, وە ئاینەکەیان پاک وخاوێن دەکەن بۆ خوا جائەوانەی (ئەو مەرجانەیان بەجێ ھێنا) لەگەڵ ئیمانداراندا دەبن بێگومان لەداھاتوودا خوا دەیبەخشێت بەئیمانداران پاداشتێکی زۆر گەورە
147ئایا خوا چ ئیشێکی ھەیە بە سزادانتان ئەگەر سوپاسی بکەن وە باوەڕی پێ بھێنن وە خوا ھەمیشە سوپاسگوزاری بەندە چاکەکانیەتی و زانایە پێیان
148خوا پێی خۆش نیە ئاشکرا کردنی قسەی نابەجێ و خراپ مەگەر کەسێک ستەمی لێکرا بێت (بۆی دروستە خراپەی ستەمکار ئاشکرا کات) وە خوا ھەمیشە بیسەر و زانایە
149ئەگەر خێر و چاکە دەرخەن (بەئاشکرا بیکەن ) یان بیشارنەوە یان ببورن لەخراپە یەک ئەوە بێگومان خوا ھەمیشە لێبوردەی بەتوانایە
150بەڕاستی ئەوانەی بێ باوەڕن بەخواو پێغەمبەرەکانی وەدەیانەوێت جیاوازی بخەنە نێوان خوا و پێغەمبەرەکانی وە دەڵێن باوەڕ بەھەندێک (لەپێغەمبەران) دەھێنین وە باوەر ناھێنن بەھەندێکی تریان و دەیانەوێت لەو نێوانەدا ڕێگەیەک بدەنەبەر
151ئائەوانە بەڕاستی بێ باوەڕی تەواون وە ئامادەمان کردووە بۆ بێ باوەڕان سزایەکی ڕسواکەر
152وە ئەوانەی بڕوایان ھێناوە بەخواو پێغەمبەرەکانی وە ھیچ جیاوازیەکیان نەخستە نێوان ھیچ کام لەو پێغەمبەرانە ئا ئەوانە لە داھاتوودا خوا پاداشتیان دەداتەوە, وە خوا ھەمیشە لێ بووردە و میھرەبانە
153(ئەی موحەمەد ﷺ) خاوەن نامەکان داوات لێ دەکەن کە بۆیان بھێنیتە خوارەوە پەڕاوێک لەئاسمانەوە جا بەڕاستی داوایان کرد لە موسا گەورەتر لەوە ووتیان خوامان نیشان بدە بەئاشکرا جابروسکەیەک لێی دان وگرتنی بەھۆی ستەم کردنیانەوە پاشان گوێرەکەیەکیان کرد بە پەرستراوی خۆیان پاش ئەوەی بۆیان ھات بەڵگە روون و ئاشکراکان ئەمجا ئێمە چاوپۆشیمان لەویش کرد (لە گوێرەکە پەرستیەکەیان) وە بەخشیمان بەموسا موعجیزە و بەڵگەی ئاشکرا (تا باوەڕ بھێنن)
154وە بەرزمان کردەوە بەسەر سەریانەوە (کێوی گور) بەھۆی پەیماندانیانەوە, وە ووتمان پێیان بچنە ژوورەوە لەدەرگای (قودسەوە) بەمل کەچی وسوژدە بردنەوە, وە ووتمان پێیان دەست درێژی مەکەن لە رۆژی شەمماندا (بەڕاو کردنی ماسی) و وەرمان گرت لێیان پەیمانێکی بەھێز و بتەو
155جا بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی پەیمانەکەیان وە بەھۆی بڕوا نەھێنانیان بە ئایەتەکانی خوا وە کوشتنی پێغەمبەرەکانیان بەناڕەوا (وەک زەکەریاو یەحیا) وە بەھۆی ئەوەی کە ووتیان: ئێمە دڵمان داپۆشراوە (نەخێر وانیە) بەڵکو خودا مۆری ناوە بەسەر دڵەکانیاندا بەھۆی باوەڕ نەھێنانیانەوە کەواتە باوەڕ ناھێنن مەگەر کەمێکیان نەبێت
156وە بەھۆی بڕوانەھێنانیانەوە, وە قسەکردنیان لەدژی مەریەم کە بوختانێکی زۆر گەورە بوو
157وە بەھۆی ئەوەی کەووتیان بێگومان ئێمە مەسیح عیسای کوڕی مەریەممان کوشت کە پێغەمبەری خوایە لەکاتێکدا نەشیان کوشتبوو وە ھەڵیشیان نەواسی بوو بەڵکو لێیان گۆڕدرا وە بێگومان ئەوانەی دووبەرەکیان تێکەوت دەربارەی عیسا لەگوماندان لە کوشتنەکەیدا ھیچ زانینێکیان دەربارەی نیە جگە لەشوێن کەوتنی گومان نەبێت وە بەڕاستی وبێگومان نەیان کوشتبوو
158(وانیە) بەڵکو خوا بەرزی کردەوە بۆلای خۆی وەخوا ھەمیشە زاڵ و کار دروستە
159وە ھیچ کەسێک نیە لەنامەدار و (خاوەن کتێب) ـەکان مەگەر بڕوای پێ دێنێت (بەعیسا) پێش مردنی وە لەڕۆژی دوایشدا ( عیسا) دەبێت بەشایەت بەسەریانەوە
160بەھۆی ستەم کردنەوە لەلایەن جولەکەکانەوە حەراممان کرد لێیان چەند خۆراکێکی پاک و خاوێن کە حەڵاڵ کرابوو بۆیان وە بەھۆی زۆر دژایەتی کردن و بەرھەڵستی کردنیان لەڕێگەی خوا
161وە بەھۆی سوود و (ریبا) وەرگرتنیانەوە کەبێگومان لێیان قەدەغە کرا بوو وە بەھۆی سامان و ماڵی خەڵکی خواردنیانەوە بەناڕەوا وە ئامادەمان کردووە بۆ بێ بڕواکانیان سزایەکی زۆر بەئازار
162بەڵام دامەزراوان وشارەزایان لەزانیاریدا لەوان (لە جولەکەکان) و لە باوەڕدارەکان بڕوایان ھەیە بەوەی نێردراوەتە خوارەوە بۆ سەر تۆ وەبەوەش پێش تۆ نێردراوەتە خوارەوە, وە بەجێ ھێنەرانی نوێژ وزەکات دەران وباوەڕداران بەخوا و بە ڕۆژی دوایی ئەوانە لە داھاتوویەکی نزیکدا پێیان دەبەخشین پاداشتێکی زۆر گەورە
163بەڕاستی ئێمە نیگامان بۆ کردویت وەک چۆن نیگامان کرد بۆ نوح و بۆ پێغەمبەرەکانی پاش ئەو وە نیگامان کرد بۆ ئیبراھیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقوب و نەوەکانی یەعقوب وە بۆ عیساو ئەیوب و یونس و ھارون وسولەیمان وە زەبوریشمان بەخشی بەداود
164وە پێغەمبەرانێک بێگومان بەسەرھاتەکانیانمان گێڕاوەتەوە بۆت لەمەو پێش وە پێغەمبەرانێک بەسەرھاتەکانیانمان نەگێراوەتەوە بۆت وە خوا قسەی کرد لەگەڵ موسـا بەقسە کردن
165پێغەمبەران (مان ناردووە) کە موژدەدەرن و ترسێنەر بن بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی نەبێت بەڵگە بەسەر خواوە دوای (ناردنی) پێغەمبەران وە خوا ھەمیشە زاڵ وکار دروستە
166بەڵام خوا شایەتی دەدات بە (ڕاستیەتی) ئەو قورئانەی ناردویەتیە خوارەوە بۆت بە زانینی خۆی ناردویەتیە خوارەوە و فریشتەکانیش شایەتی ئەدەن وە خوا بەسە شایەت بێت
167بەڕاستی ئەوانەی کەبێ باوەڕبوون و بەرھەڵستی ڕێگای خوایان کرد بێگومان ئەوانە گومڕابوون بە گومڕابوونێکی دوور و لەڕادە بەدەر
168بەڕاستی ئەوانەی بڕوایان نەھێنا وەستەمیان کرد خوا لێیان خۆش نابێت ڕێنمونیشیان ناکات بۆ ھیچ ڕێگایەک
169بێجگە لەڕێگەی دۆزەخ ئەمێننەوە تیایدا بەھەمیشەیی و بێ بڕانەوە, وە ئەوەی باسکرا لای خوا ئاسانە
170ئەی خەڵکینە بێگومان پێغەمبەر ھێناویەتی بۆتان ڕاستی و ڕەوا لەلایەن پەروەردگارتانەوە کەواتە ئێوەش باوەڕ بھێنن چاکترە بۆتان وە ئەگەر باوەڕ نەھێنن ئەوا بێگومان ھەرچی لە ئاسمانەکان و زەویدا ھەیە ھی خوایە وە خوا ھەمیشە زانا و دانا و (کاردروستە)
171ئەی خاوەن پەڕاوە ئاسمانیەکان زیادە ڕەوی مەکەن لەئاینەکەتاندا وە شتێک مەڵێن لە بارەی خواوە بێجگە لەڕاستی بێگومان مەسیح عیسای کوڕی مەریەم تەنھا پێغەمبەری خوایە (دروستی کردوە بە) ووتەی خۆی (ببە) بە (جیبریلدا) ناردی بۆ مەریەم و (عیسا) گیانێکە لەلایەن خواوە بەخشراوە کەواتە بڕوا بھێنن بەخواو پێغەمبەرانی وە مەڵێن (خواکانمان) سیانن (اللە و عیسی و مەریەم) (لەو ووتەیە) واز بھێنن چاکترە بۆتان بێگومان خوا پەرستراوێکی تەنھایە پاک و بێگەردی بۆ خوا لەوەی ڕۆڵەی ھەبێت ھەر ھی خوایە ھەرچی لە ئاسمانەکان و ھەرچی لەزەویدایە وە خوا بەسە چاودێربێت (و ھەموو شتێکی بدرێتە دەست)
172ھەرگیز مەسیح لاریی نیە (ناڕازی نیە) لەوەی بەندەی خوا بێت ھەروەھا فریشتە نزیکەکانیش وە ھەر کەس بە بەندایەتی خوا ڕازی نەبێت وە خۆی بەگەورە دابنێت ئەوە لەداھاتوودا ھەموویان کۆدەکاتەوە لای خۆی
173جا ئەوانەی کەبڕوایان ھێناوە و کردەوە چاکەکانیان کردوە ئەوا پاداشتیان دەداتەوە و بۆیان زیادیش دەکات لەبەھرەی خۆی بەڵام ئەوانەی لاریان کرد (لەبەندایەتی ئەو) وە خۆیان بەگەورە زانی ئەوە خوا سزایان دەدات بەسزایەکی بەئازار وە جگە لەخوا دەستیان ناکەوێت ھیچ دۆست و پشت گیرێک (سەرخەرێک)
174ئەی خەڵکینە بەڕاستی بۆتان ھات بەڵگەی ئاشکرا لەپەروەردگارتانەوە، وە ناردمانە خوارەوە بۆتان ڕووناکییەکی ئاشکراکەر (کەقورئانە)
175جا ئەوانەی باوەڕیان بەخوا ھێناوە و پشتیان بەو بەستووە ودەستیان گرت بە ئاینەکەیانەوە ئەوە بێگومان دەیانخاتە ناو بەزەیی خۆیەوە و بەھرەو چاکەی (خۆیەوە) وە ڕێنماییان دەکات بۆلای خۆی کە ڕێگای ڕاستە
176(ئەی موحەممەد ﷺ) داوای فتوات لێ دەکەن ولێت دەپرسن بڵێ خوا فتواتان بۆدەدات دەربارەی کەلالە (کەسێکە نەوەو کوڕو باوک و باپیری نەبێت) ئەگەر پیاوێک مردو منداڵی نەبوو تەنھا خوشکێکی ھەبوو ئەوە نیوەی میراتی برا مردووەکەی دەکەوێت وە (ئەگەر ئافرەتێ بمرێت و تەنھا برایەکی ھەبێت) ئەو (برایە) میراتی خوشکە مردووەکەی ھەموو دەبات ئەگەر خوشکە مردوەکەی منداڵی نەبێت بەڵام گەر دوو خوشک بوون (دوای برا مردووەکەیان) ئەوا ( دوو خوشکەکە) دوو سێیەکی میراتی براکەیـان دەبەن وە ئەگەر میراتگرەکان چەند خوشک و برایەک بوون، پیاوان و ئافرەتان ئەوە بۆ ھەر نێرینەیەک ئەندازەی بەشی دوو مێینە ھەیە خوا بۆتان ڕوون دەکاتەوە تا گومڕا نەبن وەخوا بەھەموو شتێک زانایە