المجادلة
The Pleading Woman • 22 ayahs • Medinan
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
1بەڕاستی خوا بیستی ووتەی ئەو ژنەی کە لەبارەی مێردەکەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ ئەکردی وە سکاڵای خۆی بۆ لای خوا ئەبرد وە خوا گوێی لە ووتووێژی ھەردووکتان بوو بەڕاستی خوا بیسەر وبینایە
2ئەوانەتان کە (ظهار) دەکەن لەگەڵ ژنەکانیاندا (پێیان دەڵێن وەك دایکمان وان) ئەوانە دایکی ئەوان نین، دایکی ئەوان ھەر ئەو ژنانەن کەئەوانیان لێ بووە وە بێگومان ئەوانە گوفتارێکی خراپی ناپەسەند دەڵێن ودرۆ دەکەن وە بەڕاستی خوا لێخۆشبو ولێبووردەیە
3ئەوانەی (ظهار) دەکەن لەگەڵ ھاوسەرەکانیان لەپاشان پەشیمان دەبنەوەو (دەیانەوێت بچنە لایان) لەوەی کەووتویانە (واتە خێرا تەڵاقیان نادەن) ئەوە پێویستە بەندەیەك ئازاد بکەن لەپێش ئەوەی بەیەك بگەن (و بچنە لایان) ئەم کەفارەتەی (کە لەسەرتان پێویست کراوە) ئامۆژگاری دەکرێن پێی وە خوا شارەزا وئاگادارە بەوەی کە دەیکەن
4ئەمجا ئەگەر یەکێك (بەندەی) دەست نەکەوت ئەوە با دوو مانگ لەسەریەک بەڕۆژوو بێت پێش ئەوەی بچنە لای یەك، ئەگەر یەکێك نەیتوانی (دوومانگ بەڕۆژوو بێت) ئەوە با نانی شەست ھەژار بدات، ئەو (کەفارەتانە کە لەسەرتان پێویست کراوە) بۆ ئەوەیە باوەڕ بکەن بەخوا وپێغەمبەری خوا (ملكەچی فەرمانی خوا وپێغەمبەری خوا بن) وە ئەوانە سنووری خوان وە بۆ بێ باوەڕان ھەیە سزای سەخت
5بێگومان ئەوانەی دژایەتی وسەرپێچی خوا وپێغەمبەری خوا دەکەن ڕیسوا وسەرشۆر دەکرێن ھەر وەك ئەوانەی پێش ئەمان ڕیسوا وسەرشۆر کران (چۆن نافەرمانی دەکەن) لەکاتێکدا دڵنیان کە ئێمە بەڵگەی ڕوونمان ناردۆتە خوارەوە وە بۆ بێ باوەڕان سزای ڕیسواکەر ھەیە
6لەڕۆژێکدا کەخوا ھەموویان تێکڕا زیندوو دەکاتەوە پاشان ھەواڵیان پێ دەدات بەوەی کە کردویانە کەخوا (ھەمووی) ژماردووە وە (بەڵام) خۆیان لەبیریان چووە وە خوا بەسەر ھەموو شتێکدا ئاگادارە
7ئایا نەت زانیوە کە خوا دەزانێت چی لەئاسمانەکان وە چی لەزەویدایە، چپەی ھیچ سێ کەسێك نیە کە خوا چوارەمیان نەبێت وە چپەی ھیچ پێنج کەسێك نیە کە ئەو شەشەمیان نەبێت وە نەکەمتر لەو ژمارە نە زۆرتر نیە مەگەر خوایان لەگەڵدایە(بە زانیاری وئاگاداری) لەھەر جێگایەکدا بن پاشان لەڕۆژی دواییدا ئاگاداریان دەکاتەوە بەوەی کە کردوویانە، بەڕاستی خوا بەھەموو شتێك ئاگادار وزانایە
8ئایا سەرنجت نەداوە لە ئەوانەی کە قەدەغە کران لە چپە، پاشان دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی لێیان قەدەغە کرا بوو وە لەگەڵ یەکتریدا بەچپە ئەدوێن دەربارەی گوناھو تاوان ودەست درێژی وبێ فەرمانی پێغەمبەریش ﷺ وە کاتێ بێن بۆلات سەلامت لێ دەکەن بە شێوەیەك کە خوا بەو جۆرە سەلامی لێ نەکردوویت وە لەدڵی خۆیاندا دەڵێن: (ئەگەر پێغەمبەرە) بۆچی خوا سزامان نادات بە ھۆی ئەو قسانەی کە پێی دەڵێن، ئەوانە دۆزەخیان بەسە کە (بێگومان) دەچنە ناویەوە کە جێگایەکی زۆر خراپە
9ئەی ئەوانەی کە بڕواتان ھێناوە کە چپە تان کرد بە چپە باسی گوناھو دەست درێژی وسەرپێچی پێغەمبەر مەکەن وە باسی چاکە وپارێزکاری ولەخواترسان بکەن، لەخوا بترسن (وخۆتان بپارێزن لە سزای ئەو خوایەی) کە ھەر لای ئەو کۆدەکرێنەوە
10بێگومان چپە تەنھا لە شەیتانەوەیە تا ئەوانەی کە بڕوایان ھێناوە دڵتەنگ بکات، لەکاتێکدا ھیچ زیانیان پێ ناگەیەنێت مەگەر بە فەرمانی خوا نەبێت (دەبا)ئیماندارانیش تەنھا پشت بەخوا ببەستن
11ئەی ئەو کەسانەی کە باوەڕتان ھێناوە کاتێك پێتان ووترا لە کۆڕ ودانیشتنەکاندا جێگە بکەنەوە (وفراوانی بکەن) ئێوەش فراوانی بکەن خواش گوشادی بە ئێوە دەدات وە کاتێك پێتان ووترا ھەستن ، ئێوەش ھەستن، خواش پلە وپایەی ئەو کەسانە بەرز دەکاتەوە لەئێوە کە بڕوایان ھێناوە وە ئەوانەی کە زانستیان پێ بەخشراوە بە چەند پلەیەک (پلەیان بەرز دەکاتەوە) وە خوا شارەزایە بەوەی دەیکەن
12ئەی ئەو کەسانەی کە باوەڕتان ھێناوە ھەر کاتێ (ویستان) قسەی پەنھانی لەگەڵ پێغەمبەردا ﷺ بکەن ئەوە پێش چپە کردنەکەتان خێرێکك بکەن ئەمە بۆ خۆتان چاکتر وپاکترە، ئەمجا ئەگەر ھیچتان نەبوو ئەوە بێگومان خوا لێخۆشبوو ومیھرەبانە
13ئایا دەترسان (لە ھەژاری) پێش چپە کردنەکەتان خێرێك بکەن ئەمجا ئەگەر خێرەکەتان نەکرد وخواش تەوبەی لێ گیرا کردن ئەوسا نوێژ بکەن وزەکات بدەن وە گوێڕایەڵی خوا وپێغەمبەرەکەی بکەن وە خوا شارەزایە بەوەی کە دەیکەن
14ئایا بۆ سەرنجێك نادەی لە ئەوانەی کە دۆستایەتی ئەکەن لەگەڵ ھۆزێك (ی جولەکە) کەخوا غەزەبی لێگرتوون ئەوان نە لەئێوەن ونە لەئەوانیشن وە سوێند دەخۆن بەدرۆ لە کاتێکدا خۆیان دەزانن (درۆ دەکەن)
15خوا سزای دژواری بۆ ئامادە کردوون بەڕاستی ئەوەی ئەوان دەیانکرد کارێکی ناپەسەند بوو
16(دوو ڕووەکان) سوێندەکانیان کردبووە قەڵغانی (درۆ وخراپەکانیان) وە ڕێگری (خەڵك)یان کرد لەڕێبازی خوا ئەمجا بۆ ئەوان ھەیە سزای ڕیسواکەر
17ماڵ و منداڵیان ھیچ سوودێکی نیە بۆیان ئەوانە یار وھاودەمی ئاگرن تێیدا دەمێننەوە بەھەمیشەیی
18لەڕۆژێکدا کە خوا ھەموویان زیندوو دەکاتەوە ئەوسا سوێندی بۆ دەخۆن ھەر چۆنێ سوێندیان دەخوارد بۆ ئێوە (لە دونیاندا) وە وادەزانن شتێکیان بە دەستەوەیە با بزانن بەڕاستی ھەر ئەوانن درۆزن
19شەیتان بەسەریاندا زاڵ بووە (بەجۆرێك) کە یادی خوای لەبیر بردوونەتەوە، ئەوانە کۆمەڵ ودەستەی شەیتانن، با بزانن کە بەڕاستی ھەر کۆمەڵ ودەستەی شەیتان زەرەرۆمەندن
20بەڕاستی ئەوانەی کە دوژمنایەتی خوا وپێغەمبەری خوا دەکەن ئەوانە لە ڕیسوا ترینی خەڵکن
21خوا نووسیویەتی کە بێگومان من وپێغەمبەرانم سەردەکەوین، بەڕاستی خوا بەھێز وبە توانا وباڵادەستە
22کەسانێك نابینیت کە باوەڕیان ھەبێت بە خوا وبەڕۆژی دوایی کە دۆستایەتی بکەن لەگەڵ ئەوانەی دژایەتی خوا وپێغەمبەری خوا دەکەن (واتە: نابێت باوەڕداران دۆستایەتی وپشتیوانی بێ باوەڕان بن) ھەر چەندە ئەو دوژمنانەش باوکیان بن یان کوڕ وبرا وخزمیان بن، ئەوانە خوا باوەڕی لە دڵیاندا چەسپاندووە بەھێزی کردوون وسەری خستون بە قورئان وئیمان لەلایەن خۆیەوە وە دەیانخاتە بەھەشتانێکەوە کە جۆگە ئاوی زۆر دەڕوات بەژێر درەختەکانیاندا بە ھەمیشەیی تێیدا دەمێننەوە، خوا لێیان ڕازی بووە، ئەوانیش لە خوا ڕازی بوون، ئەوانە کۆمەڵ ودەستەی خوان، ئاگاداربن کە تەنھا کۆمەڵ ودەستەی خودا ڕزگار وسەرفرازن