إبراهيم
Abraham • 52 ayahs • Meccan
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
1بە (ئەلیف لام ڕا) دەخوێنرێتەوە خوا زاناترە بە ماناکەی، بۆزانیاری زیاتر سەیری سەرەتای سورەتی (البقرة) بکە ئەمە پەڕاوێکە ناردومانەتە خوارەوە بۆ تۆ (ئەی موحەممەد ﷺ) بۆ ئەوەی خەڵکی ڕزگار بکەیت لەتاریکی یەکانەوە بۆ ڕووناکی (لەتاریکی بێ باوەڕیەوە بۆ ڕووناکی باوەڕ وئیمان) بەئیزنی پەروەردگاریان (رێنمونیان بکەیت) بۆ ڕێگای (خوای) بەدەسەڵات وزاڵ و سوپاس کراو
2ئەو خوایەی کە ھەرچی لەئاسمانەکان و زەویدایە ھی ئەوە و ھاوار و تیاچوون بۆ بێ باوەڕان لە سزایەکی سەخت
3ئەوانەی کە ژیانی دونیایان لا خۆشترە لە ژیانی ڕۆژی دوایی وقەدەغەی (خەڵکی) دەکەن لەڕێگای خوا دەیانەوێت ئەو (ڕێگای خوا) لارو چەوت نیشان دەن ئەوانە لە گومڕاییەکی دوور (لە ڕاستی) دان
4وە ھیچ پێغەمبەرێکمان ڕەوانە نەکردووە بەزمانی گەلەکەی خۆی نەبێت بۆ ئەوەی (ئاینەکەیان) بۆ ڕوون بکاتەوە ئەوسا خوا ھەرکەسی ویستبێت گومڕای کردووە (بەھۆی سەرکەشی خۆیەوە) ھەرکەسێکیشی ویستبێت ڕێنمونی کردووە ھەر ئەویش زاڵ وبەدەسەڵات وکاردروستە
5سوێند بەخوا بەڕاستی موسامان نارد بە موعجیزەکانمانەوە (فەرمانمان پێدا) کەگەلەکەت ڕزگار بکە لە تاریکیەکانی (بێ باوەڕیەوە) بۆ ڕووناکی (باوەڕ و ئیمان) ڕۆژە (پیرۆزە) کانی خودایان بەبیر بھێنەرەوە (یا فەزڵەکانی خوایان بیر بخەرەوە) بەڕاستی لەو (بیرخستنەوە) دا پەند و بەڵگەی زۆر ھەیە بۆ ھەموو خۆڕاگرێکی سوپاسگوزار
6(بیریان بخەرەوە) کاتێک موسا بە گەلەکەی ووت بیری ئەو فەزڵ و بەھرە وچاکەی خودا بکەنەوە کە بەسەرتانەوەیە (ئەویش ئەوە بوو) کاتێک کە ڕزگاری کردن لە دارو دەستەکەی فیرعەون کەسزای خراپیان پێ دەچەشتن (بەھەمیشەیی) وکوڕانی ئێوەیان سەردەبڕی و ئافرەتانی ئێوەیان بەزیندوویی دەھێشتەوە (بۆ خزمەتکاری) لەوەتاندا تاقی کردنەوەیەکی گەورە بوو لەلایەن پەروەردگارتانەوە
7(بیریان بخەرەوە) کاتێک کە پەروەردگارتان ڕایگەیاند سوێندبێت بێگومان ئەگەر ئێوە سوپاسی (چاکەی) من بکەن بۆتان زیاد دەکەم بەڵام بێگومان ئەگەر نا سوپاسی بکەن ئەوە بەڕاستی سزای من زۆربەتینە
8موسا فەرمووی ئەگەر ئێوە ناسوپاسی (نیعمەتەکانی خوا) بکەن و ھەموو ئەو کەسانەش لە زەویدان ئەوە بەڕاستی خوا بێ نیازی سوپاسکراوە
9ئایا بۆتان نەھاتووە ھەواڵی ئەو گەلانەی کە لەپێش ئێوەدا بوون وەک گەلی نوح و عاد و سەمود ھەروەھا ئەوانەی کە لەپاش ئەوان بوون وھاتن بێجگە لە خوا ھیچ کەس نایانزانێت پێغەمبەرەکانیان بۆھات بە موعجیزە وبەڵگەی ئاشکراوە ئەمجا ئەوان دەست و پەنجەی خۆیان گەست لە ڕق و قیندا و ووتیان بەڕاستی ئێمە بێ باوەڕین بەو (پەیامە) ی کە بە ئێوەدا نێردراوە, وە بەڕاستی ئێمە لە گومانداین لەوەی ئێوە بانگمان دەکەن بۆلای و دوو دڵین
10پێغەمبەرەکانیان ووتیان (پێیان) ئایا لە (بوونی) خوادا گومان ھەیە کە بەدیھێنەری ئاسمانەکان و زەویە بانگتان دەکات بۆ ئەوەی لە گوناھەکانتان خۆش بێت و دواتان بخات بۆ کاتێکی دیاریکراو ووتیان ئێوەش ھەر ئادەمیەکی وەک ئێمەن دەتانەوێت ڕێگری ئێمە بکەن و لاماندەن لە (پەرستنی) ئەوەی کە باوو باپیرانمان دەیانپەرست دەی نیشانە و بەڵگەیەکی ڕوونمان بۆ بھێنن (ئەگەر ڕاست دەکەن پێغەمبەرن)
11پێغەمبەرەکانیان پێـیان ووتن ئێمە ھەر ئادەمیەکین وەکو ئێوە بەڵام خوا منەت دەنێت بەسەر ھەرکەسێک لە بەندەکانیدا کە بیەوێت (دەیکاتە پێغەمبەر) وە ئێمە ھەرگیز ناتوانین موعجیزە و بەڵگەیەکتان بۆ بھێنین مەگەر بە ئیزنی خوا نەبێت وە بابڕواداران پشت ھەر بە خوا ببەستن
12وە ئایا بۆچی پشت بە خوا نەبەستین کە بێگومان ئەو (زاتە) ڕێگای ڕاستی نیشان داوین؟ وە بەڕاستی دان بەخۆماندا دەگرین لەسەر ھەر ئازارێک کە بماندەن دەبا خۆسپێران پشت ھەر بە خوا ببەستن
13بێ بڕواکان ووتیان بەپێغەمبەرەکانیان بەڕاستی لە خاک و وڵاتەکەمان دەرتان دەکەین یان بەڕاستی دەبێت بگەڕێنەوە ناو ئاینەکەی ئێمە جا پەروەردگاریان نیگای بۆ (پێغەمبەران) کرد کە بێگومان ستەمکاران لەناو دەبەین
14و بێگومان ئێوە نیشتەجێ دەکەین لەو خاکەدا پاش (تیاچوونی) ئەوان ئەوەش بۆ کەسانێکە لەوەستانی بەر مەقامی من دەترسن (لە قیامەتدا) وە (پێشتر) ترسابێت لە ھەڕەشەی (من)
15وە (پێغەمەران) داوای سەرکەوتن و زاڵ بونیان کرد (لە خوا) و ھەموو ملھوڕ و یاخیەک بێ ھیوا بوون
16لەدوای (تیاچوونی جێگای) ئەو دۆزەخە و لە کێم و زووخاو ئاو دەدرێت (دەکرێت بە گەروویاندا)
17کە قوم قوم (زۆر بە قیزەوە) دەیخواتەوە بەڵام ناتوانێ قوتی بدات و مردنی بۆ دێت لە ھەموو لایەکەوە و کەچی ناشمرێت و لە دوای ئەوەش سزای سەخت (دەدرێت)
18ئەوانەی بێ بڕوابوون بە پەروەردگاریان نموونەی کردەوەکانیان وەک خۆڵەمێشێک وایە بەتوندی با لێی ھەڵکردبێت لە ڕۆژێکی ڕەشەبای سەختدا ئەوان ھیچیان دەست ناکەوێت لەوەی کەلە دونیادا کردویانە ئا ئەوەیە گومڕابوونی دوور لە ڕاستی
19ئایا نەتان زانیوە (نەتانبینیوە) کە بێگومان خوا ئاسمانەکان و زەوی بەھەق و ڕاستی دروستکردوە ئەگەر بیەوێت ئێوە لادەبات و ناتان ھێڵێت وە (لە جێی ئێوە) دروستکراوێکی تر دەھێنێت
20ئەوەش بۆ خوا گران و زەحمەت نیە
21وھەموویان (لە گۆڕەکانیان دێنە دەرەوە) بۆ خوا دەردەکەون و ئاشکرا ئەبن ئەمجا (لە ڕۆژی دواییدا) بێ دەسەڵاتەکان دەڵێن بە زۆر دار و خۆ بەزل زانەکان بەڕاستی ئێمە لە دونیادا شوێن کەوتووی ئێوە بووین ئاخۆ ئێوە بەرگری دەکەن لە ئێمە ھەندێک لە سزای خوا (ئەوانیش) دەڵێن ئەگەر خوا ئێمەی ڕێنمونی بکردایە ئێمەش ئێوەمان ڕێنمونی دەکرد یەکسانە بۆمان ھاوار و ناڵە بکەین یان ئارام بگرین ڕزگار بوونمان نیە (لە سزای خوا)
22جا شەیتان دەڵێت کاتێک کە کار تەواو دەبێت (و لێپرسینەوەیان کۆتایی دێت) بێگومان خوا بەڵێنی پێدان بە بەڵێنێکی ھەق و ڕاست و منیش بەڵێنم پێدان بەڵام درۆم کرد لەگەڵتاندا وەمن نەم بوو بەسەرتاندا ھیچ زۆر و دەسەڵاتێک تەنھا ئەوە نەبێت کە بانگم کردن (بۆ گومڕایی) ئیتر ئێوەش بەدەنگمەوە ھاتن (و بەگوێتان کردم) کەواتە لۆمەی من مەکەن بەڵکو لۆمەی خۆتان بکەن بەڕاستی من ناتوانم بێم بە ھاواری ئێوەوە و ئێوەش ناتوانن بێن بەھاواری منەوە بەڕاستی من بڕوام نەبوو بەوەی کە پێشتر (لە دونیادا) منتان کرد بوو بە ھاوبەش بۆ خوا بەڕاستی ستەمکاران سزای سەختیان بۆ ھەیە
23وە ئەوانەی باوەڕیان ھێناوە و کردەوە چاکەکانیان کردووە دەخرێنە ناو بەھەشتانێک کە ڕوبارەکان دێن و دەچن بە ژێریاندا بە ھەمیشە تیایدا دەمێننەوە بە ئیزنی پەروەردگاریان بە خێرھاتنیان لەو (بەھەشتە) دا بەووتەی سەلامە
24ئایا نەتزانیوە؟ خوا چۆن نموونەی ھێناوەتەوە کە ووتەی چاک و ڕاست (لا إلە إلا اللە) وەک درەختێکی چاک و بەسوود وایە ڕەگی قایم (لە زەوی) دا کۆتابێت و لق و پۆپەکانیشی (بەرز بووبێتەوە) بە ئاسماندا
25ئەو (درەختە) میوە و بەربگرێت ھەموو کاتێک بەئیزنی پەروەردگاری وە خوا ئەو نموونانە دەھێنێتەوە بۆ خەڵکی بۆ ئەوەی بیربکەنەوە
26وە نموونەی ووتەی خراپ و پیس و (بێ باوەڕی) وەکو درەختێکی خراپ و پیس وایە ھەڵکەنرابێت لەسەر زەوی (و ڕەگی نەبێت) ھەر خۆی نەگرێت
27ئەوانەی کەبڕوایان ھێناوە خوا دامەزراویان دەکات بە ووتەی بەڕێ وجێ (کە شایەتومانە) لەژیانی دونیا و لەڕۆژی دوایشدا وە خوا ستەمکارانیش گومڕا دەکات وە خوا ھەرچی بیەوێت دەیکات
28ئایا سەیری ئەوانەت نەکردووە ناز ونیعمەت و بەخششەکانی خوایان لە (ئیمان وباوەڕ) گۆڕیەوە بە بێ باوەڕی وسپڵەیی (لەبری ئەوەی شوکری خوا بکەن بێ باوەڕ ویاخی بوون) و گەلەکەیان بەرەو ھەڵدێر برد
29ئەویش دۆزەخە کەدەچنە ناوی کە جێگایەکی زۆر خراپە
30(بێ باوەڕان) چەند ھاوتایان بۆ خوا بڕیاردا بۆ ئەوەی (خەڵک) گومڕابکەن لەڕێگەی خوا ئەی (موحەممەد ﷺ) بڵێ بەوانە ڕابوێرن (لە دونیادا بۆ کوێ دەچن؟) چونکە بێگومان چارەنوستان ھەر دۆزەخ دەبێت
31(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ بەوبەندانەم کە بڕوایان ھێناوە بەڕێکی نوێژەکان بکەن و لەوەی پێمان داوون ببەخشن بەنھێنی و ئاشکرا لەپێش ئەوەی کە ڕۆژێک بێت نەکڕین و فرۆشتنی تێدایە و نە دۆستایەتی
32خوا ئەو زاتەیە کە ئاسمانەکان و زەوی دروستکردووە و لە ئاسمانەوە بارانی باراندوە و ھەموو بەروبوم و (دانەوێڵە) یەکی پێڕواندووە کە ڕزق وڕۆزیە بۆ ئێوە ھەروەھا کەشتی بۆ ڕام ھێناون (و خستویەتیە خزمەتتانەوە) بۆ ئەوەی بڕوات بەناو دەریادا بەفەرمانی خوا و ڕووبارەکانی بۆ ڕام ھێناون و (لە خزمەتاندایە)
33وە ھەروەھا ڕامی ھێناوە بۆتان و (لە خزمەتاندایە) ڕۆژ و مانگ بەھەمیشەیی وە شەو و ڕۆژیشی بۆ رام ھێناون
34وە لە ھەموو ئەو شتانە کە داواتان کردووە پێی بەخشیوون خۆ ئەگەر (بتانەوێت) ناز و نیعمەتەکانی خوا بژمێرن بۆتان ناژمێردرێن بەڕاستی ئادەمی (بێ بڕوا) زۆر ستەمکار و سپڵەیە (بەرامبەر نیعمەتەکانی خوا)
35(بیریان بخەرەوە) کاتێک ئیبراھیم ووتی ئەی پەروەردگارم ئەم شارە (مەککە) بکە بەشارێکی ئارام و ئاسایش وە خۆم و کوڕەکانم بپارێزە و دوورمان خەرەوە لەوەی بتەکان بپەرستین
36ئەی پەروەردگارم بێگومان ئەو بتانە زۆر لە خەڵکیان گومڕا کردوە (و لایاندان لەڕێگەی ڕاست) جا ھەرکەسێک (لە ڕۆڵەکانم) شوێن من کەوت ئەوە بێگومان لە منە ھەرکەسیش سەرپێچی کردم ئەوە بێگومان تۆ لێبوردە و میھرەبانی
37ئەی پەروەردگارمان من ھەندێک لە ڕۆڵەکانم نیشتەجێ کرد لە شیوێکی بێ کشتوکاڵـدا لای ماڵە پیرۆز و ڕێزگیراوەکەت ئەی پەروەردگارمان ھەتا بە چاکی نوێژ بەجێ بھێنن و ئەنجامی بدەن بەڵکو دڵی خەڵکانێک وا لێ بکەیت سۆزی و مەیلیان ببێت بۆلایان و لەھەموو بەر و میوەیەکیش ڕۆزیان بدە بەڵکو شوکرانە بژێربن
38ئەی پەروەردگارمان بەڕاستی تۆ دەزانی بە ھەرچی دەیشارینەوە و ھەرچی دەری دەبڕین وە ھیچ شتێ لای خوا شاراوە نیە نە لە زەوی و نە لە ئاسماندا
39ھەموو سوپاس و ستایشێک بۆ ئەو خوایەی کە ئیسماعیل و ئیسحاقی پێ بەخشیم بەپیری بەڕاستی پەروەردگارم بیسەری دوعا و پاڕانەوەیە
40ئەی پەروەردگارم من و رۆڵەکانم وا لێ بکەیت بەچاکی نوێژەکان بەجێ بھێنین ئەی پەروەردگارمان پاڕانەوە و نزاکەم وەرگرە
41ئەی پەروەردگارمان لە من و باوکم و دایکم و ھەموو بڕواداران ببورە و خۆش ببە لە ڕۆژێکدا کە لێپرسینەوە دەکرێت و بەرپا ئەبێت
42وا مەزانە خوا بێ ئاگایە لەو (زوڵم و ستەمەی) کە ستەمکاران دەیکەن بێگومان ئەو دوایان دەخات بۆ ڕۆژێک کەچاوەکان تێیدا ئەبڵەق دەبن (و ناینوقێن لە ترسا)
43بە خێرایی دەڕۆن (بەدەم بانگ کەریانەوە) سەریان بەرزکردۆتەوە (بۆ ئاسمان) پێڵوی چاویان ناتروکێنن و دڵیان خاڵی یە (لە تێگەیشتن)
44وە (ئەی موحەممەد ﷺ) خەڵکی ئاگاداربکە و بترسێنە لەو ڕۆژەی کە سزایان بۆ دێت ئەمجا ئەوانەی کەستەمیان کردووە دەڵێن ئەی پەروەردگارمان بۆ ماوەیەکی کەم دوامان بخە تا وەڵامی بانگەوازەکەت بدەینەوە و شوێنی پێغەمبەران بکەوین ئەی ئێوە نەبوون پێشتر سوێندتان خوارد کە ھەرگیز لە ناوناچن
45ھەر لەجێ و شوێنی ئەوانە نیشتەجێ بوون کەستەمیان لە خۆیان کرد و بەڕوونی بۆتان دەرکەوت کە چیمان بەسەر ھێنان نموونەی زۆریشمان بۆتان ھێنایەوە
46بێگومان ئەو (بێ باوەڕانە) پیلانی گەورەی خۆیانیان گێڕا (دژی پێغەمبەرەکانیان) خوای گەورە ئاگادارە بە پیلانەکانیان وە ھەر چەندە پیلانەکەیان شاخەکانی پێ بترازێت (و لەبن بێت)
47جا وا گومان مەبە بە خوا ئەو بەڵێنەی داویەتی بە پێغەمبەرانی بەدی ناھێنێت و نایھێـنـێـتە جێ بەڕاستی خوا بەدەسەڵات و خاوەن تۆڵەیە
48لە ڕۆژێکدا کە ئەم زەویە دەگۆڕێت بە زەوی یەکی تر و ئاسمانەکانیش (دەگۆڕێن بە ئاسمانی تر) ئەوسا ھەموو (لە گۆڕەکانیان دێنە دەرەوە) دەردەکەون بۆ خودای تەنھای زاڵ و بە دەسەڵات بەسەر ھەموو شتێکدا
49و لەو ڕۆژەدا تاوان باران دەبینی لە کۆت و زنجیردا پێکەوە بەستراون
50پۆشاکیان قەترانی ڕەشە و دەم وچاویشیان ئاگر دایپۆشیوە
51بۆ ئەوەی خوا تۆڵە و پاداشتی ھەموو کەسێک بدات بە گوێرەی ئەوەی کە کردویەتی بەڕاستی خوا (موحاسەبەکردن) و لێپرسینەوەی خێرایە
52ئەم (قورئانە) ڕاگەیاندن و جاڕێکە بۆ ھەموو خەڵک وە ھەتا پێی بێدار بکرێنەوە, وە بۆ ئەوەی بزانن بێگومان ئەو (خوا) پەرستراوێکی تاک و تەنھایە وە تا خاوەن ژیرییەکان بیربکەنەوە وپەند وەربگرن