الصافات
Those Ranged in Ranks • 182 ayahs • Meccan
بِسْمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحْمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ
1سوێند بەو فریشتانە ڕیز بوون (لە کاتی عیبادەتدا)
2وە سوێند بەوانە کە دەخوڕن بەسەر ھەورەکاندا
3 وە سوێند بەخوێنەرانی قورئان
4بەڕاستی پەرستراوی ئێوە تاك و تەنھایە
5پەروەردگاری ئاسمانەکان و زەوی وئەوەی لە نێوانیاندایە و پەروەردگاری خۆرھەڵاتەکان
6بێگومان ئێمە ئاسمانی دونیامان بەجوانی ئەستێرەکان ڕازاندۆتەوە
7وە لەھەموو شەیتانێکی سەر کەش پاڕاستوومانە
8ناتوانن گوێ بگرن بۆ ئەو فریشتانەی لە بەرزترین پلەدان وە (ئەگەر بچن گوێ بگرن) لە ھەموو لایەکی (ئاسمانەوە) ئاگر باران دەکرێن
9ڕاودەنرێن زۆر بە توندی و (لە قیامەتدا) سزایان بەردەوامە وسەختە
10(شەیتانەکان ناتوانن گوێ بگرن) مەگەر یەکێکیان بە دزیەوە ھەواڵێك (لە فریشتەیەك ببیستێ و) بە پەلە بیفڕێنێت پزیسکی گڕدار وسوتێنەری شوێن دەکەوێت (و دەی سوتێنێت)
11ئەمجا (ئەی موحەممەد ﷺ) بپرسە لەوانەی(کە بێباوەڕن) ئایا ئەوان دروستکراوێکی گەورەتر وگرنگتر و بەھێزترن ؟ یان ئەو شتانەی تر کە دروستمان کردووە (لە ئاسمان و خۆر و زەوی و... ) بەڕاستی ئێمە ئەوان (ئادەمی) مان دروستکرد لە قوڕێکی لینجی جیڕ
12 بەڵام (سەیرە) تۆ سەرت سوڕماوە (چۆن باوەڕ ناھێنن) کەچی ئەوان گاڵتە دەکەن (بە تۆ کە دەڵێیت زیندوو بوونەوە ھەیە)
13وە کاتێك ئامۆژگاری بکرێن ئامۆژگاری وەرناگرن
14وە کاتێ موعجیزەیەك ببینن دەیکەنە گاڵتەجاری
15وە دەڵێن ئەم (قورئانە) ھیچ نیە جگە لە جادویەکی ئاشکرا نەبێت
16(دەڵێن) ئایا ئێمە کە مردین و بووین بەخۆڵ و ئێسکی ڕزیو ئایا ئێمە زیندوو دەکرێینەوە؟!
17لەگەڵ باوو باپیرانی پێشینانمان
18(ئەی موحەممەد ﷺ) بڵێ: بەڵێ (ھەمووتان زیندوو دەکرێنەوە) و لەو کاتەدا ئێوە زەلیل و سەرشۆڕن
19چونکە ئەو (زیندوو بوونەوەیە) ھەر یەك دەنگە ئیتر دەست بەجێ زیندوون و دەڕوانن
20وە دەڵێن: وای بۆ خۆمان ئەمە ڕۆژی تۆڵەسەندن وپاداشتە
21(پێیان دەوترێت) ئەمە ئەو ڕۆژی بڕیاردانەیە کە باوەڕتان پێی نەبوو
22(خوا بەفریشتەکان دەفەرموێت) ئەوانەی ستەمیان کرد کۆیان بکەنەوە لەگەڵ ھاوڕێکانیان (ھاو وێنەکانیان) لەگەڵ ئەوانەش دەیان پەرستن
23 جگە لە خوا ئەمجا ڕێگای دۆزەخیان نیشان دەن
24وە ئەوانە ڕاوەستێنن بێگومان پرسیاریان لێدەکرێت
25(پێیان دەوترێت) ئەوە چیتانە یارمەتی یەکتر نادەن
26(نەخێر یارمەتی یەکتر نادەن) بەڵکو ئەوان ھەموو (بەندەو پەرستراوەکانیان) لەو ڕۆژەدا گەردن کەچن بۆ خوا
27و (لەو ڕۆژەدا) ڕوو دەکەنە یەکترو پرسیار لەیەکتر دەکەن
28(گومڕاکراوەکان بەگومڕاکەرەکان) دەڵێن بەڕاستی ئێوە بوون لەلای ڕاستەوە ھاتنە لامان (نەتان ھێشت شوێنی کەوین)
29(گومڕاکەرەکان) دەڵێن (نەخێر ڕاست ناکەن) بەڵکو ئێوە خۆتان ئیماندار نەبوون
30وە ئێمە ھیچ دەسەڵاتێکمان بەسەر ئێوەدا نەبوو بەڵکو خۆتان گەلێکی لەخوایاخی بوون
31 ئەوەتە بڕیاری پەروەردگارمان (بەسزا دانمان) سەپا بەسەرماندا، کە بەڕاستی دەبێ بیچەژین
32بەڵێ ئێمە ئێوەمان گومڕا کرد چونکە بەڕاستی خۆشمان گومڕا بووین
33جا بەڕاستی ھەموویان (گومڕاکراو و گومڕاکار) لەو ڕۆژەدا لەسزادا ھاوبەشن
34بێگومان ئێمە تاوانباران بەو جۆرە لێ دەکەین
35بەڕاستی ھەر کاتێك بەوانە بوترایە ھیچ پەرستراوێکی ڕاست نیە بێجگە لە خوا، خۆیان بە گەورە دەزانی (و ملکەچی نەدەبوون)
36وە دەیانووت: ئایا ئێمە پەرستراوەکانمان واز لێ بھێنین؟ لە بەر شاعیرێکی شێت
37(نەخێر وانیە) بەڵکو ئەو (پێغەمبەرە) ھەقی ھێناوەو باوەڕی بە پێغەمبەرانی پێشوو ھەیە
38بەڕاستی ئێوە سزای سەخت دەچەژن
39و ئێوە تەنھا تۆڵەی ئەو (خراپانە)تان لێ ئەسێنرێت کەکردوتانە
40بەڵام بەندە پاك و ھەڵبژاردەکانی خوا
41ئەوانەن ڕزق و ڕۆزی دیاری کراویان بۆ ھەیە
42کەمیوە ھاتی جۆرا و جۆرە، وە ئەوان ڕێز لێگیراون
43لەبەھشتانی پڕ ناز و نیعمەتدا
44لەسەر تەخت و کورسیە ڕازاوەکان بەرامبەر یەکتر دانیشتوون
45بەسەریاندا دەسوڕێنەوە بە پەرداخی پڕ لەشەرابی پاك وخاوێن لە ڕووبارە ڕۆشتوەکانی بەھەشت
46سپیە لە ڕەنگدا، زۆر بەلەزەتە بۆ ئەوانەی دەیخۆنەوە (کەھیچ زیانێك بەلاشە و ژیری مرۆڤ ناگەیەنێت)
47(ئەو شەرابە) نەمێشکیان تێك دەدات نەسەر خۆشیان دەکات
48 وە ئافرەتانی چاو جوان و گەورەیان لایە، کە جگە لە مێردەکانیان سەیری کەس ناکەن
49وەکو ھێلکەی ناو ھێلانەن (یان ئەڵێی مرواری ناو سەدەفن)
50ئەمجا ڕوو دەکەنە یەك و پرسیار لە یەکتر دەکەن
51یەکێك لەوان دەڵێت: من (لە دونیا) ھاوەڵێکم ھەبوو
52دەیووت: ئایا بەڕاستی تۆ لەوانەی باوەڕت ھەیە (بەزیندوو بوونەوە؟!)
53ئایا کاتێك مردین و بووین بە خاك و ئێسقانی ڕزیوو ئایا بەڕاستی ئێمە (زیندوو دەکرێینەوەو) سزا دەدرێن
54(پیاوە بەھەشتییەکە) ووتی ئایا ئێوە تەماشا (ی دۆزەخ) ناکەن
55ئەمجا خۆی سەیری کرد کتوپڕ لە ناوەڕاستی دۆزەخدا ئەو (ھاوڕێیەی) بینی
56پێی ووت سوێند بەخوا نزیك بوو منیش ھەڵدێریت
57وە ئەگەر میھرەبانی پەروەردگارم فریام نەکەوتایە، منیش لە ئامادەکراوان (ی ناو دۆزەخ) دەبووم
58دەی ئایا ئێمە نامرین؟!
59جگە لە مردنەکەی یەکەمی (دونیا)مان وەئێمە سزا نادرێین؟!
60بەڕاستی ئەمەیە سەرکەوتنی گەورە
61با تێکۆشەران بۆ پاشەڕۆژی ڕۆژێکی وا تێبکۆشن
62ئایا ئەو (نیعمەتانەی باسکرا) ڕێزگرتن و میوان دارییە باش وچاکە، یان(بەری) درەختی ژەقنەمووت ؟
63بێگومان ئێمە ئەو (دارە) مان کردە ھۆی تاقی کردنەوەی ستەمکاران (کە لە دونیادا گاڵتەیان پێدەکرد)
64بەڕاستی ئەو (ژەقنەمووتە) درەختێکە لە بێخی دۆزەخ دا دەڕوێت
65بەرووبوومەکەی ھەروەك سەری شەیتانەکانە (ناشیرین و چڵ چڵاویە)
66جا بێگومان ئەو (دۆزەخیانە) لەو درەختە دەخۆن و سکیان لە (بەری) ئەو درەختە پڕ دەکەن
67لە پاشان بەڕاستی ئاوێکی لێڵی زۆر گەرمی بەسەردا دەخۆنەوە
68بێگومان دواتر گەڕانەوەیان بۆ دۆزەخە
69بەڕاستی ئەوان باو و باپیرانی خۆیانیان بە گومڕایی بینی
70ئەمجا ئەوان ھاندەدران بۆ شوێن کەوتنیان (لە گومڕاییدا)
71 سوێند بەخوا بێگومان پێش ئەو (گومڕایانەی قوڕەیش) زۆربەی گەلە پێشینەکان گومڕا بوون
72سوێند بەخوا بێگومان ئێمە لە ناو خۆیاندا (پێغەمبەرانی) ترسێنەرمان بۆ ناردن
73ئەمجا (ئەی موحەممەد ﷺ) سەرنج بدە سەرئەنجامی ترسێنراوەکان چۆن بوو
74بەڵام بەندە پاك و ھەڵبژاردەکانی خوا
75سوێند بەخوا بەڕاستی نوح (علیە السلام) ھاواری لێ کردین ئەمجا ئێمەش زۆر چاك وەڵامی (ھاوارەکەی) ئەومان دایەوە
76 خۆی و کەسوکاری (باوەڕداری) مان لە تەنگانە گەورەکە ڕزگار کرد
77وە تەنھا نەوەکانی ئەومان (لەسەر زەوی) ھێشتەوە
78وە باس وناوبانگی(باشی) ئەومان لەناو گەلە پاشینەکاندا ھێشتەوە (کە ئەمەیە)
79سەلام و دروود لەسەر نوح لە لایەن ھەموو جیھانیانەوە
80بەڕاستی ئێمە ئا بەو شێوە پاداشتی چاکەکاران دەدەینەوە
81بێگومان ئەو لە بەندە باوەڕدارەکانی ئێمە بوو
82لە پاشان ئەوانی تر (دوژمنان)مان نوقم کرد
83بەڕاستی ئیبراھیم لە پەیڕەوان و شوێنکەوتوانی نوح بوو (لە بنەماکانی ئایندا)
84کاتێك بە دڵێکی ساغەوە بەرەو پەروەردگاری ھات
85کاتێك کە بەباوکی و گەلەکەی ووت چی دەپەرستن
86 ئایا بێجگە لە خوا پەرستراوێکی درۆ و ھەڵبەستراوتان دەوێت (بیپەرستن)
87ئاخۆ گومانتان چۆنە بەرانبەر بە پەروەردگاری جیھانیان؟
88ئەمجا سەیرێکی ئەستێرەکانی کرد
89جا ووتی من نەخۆشم (نایەم بۆ جەژنەکەتان لە دەرەوەی شار)
90ئەوانیش پشتیان تێکرد و ڕۆشتن (بۆ دەرەوەی شار بۆ جەژنەکەیان)
91جا (ئیبراھیم) بە نھێنی ڕۆشت بۆ لای پەرستراوەکانیان (بە گاڵتەوە) پێی ووتن ئەوە بۆ شت ناخۆن
92ئەوە چیتانە قسە ناکەن
93ئەمجا بەدەستی ڕاستی (بە تەور) دەستیکرد بەلێدانیان (ورد وردی کردن جگە بتە گەورەکەیان)
94(گەلەکەی زانیان) یەکسەر بە پەلە بەرەو ئیبراھیم ھاتن
95(ئیبراھیم) ووتی ئایا ئێوە بتانێك دەپەرستن کە خۆتان دەیتاشن و دروستی دەکەن؟
96لە کاتێکدا خوا بەدیھێنەری خۆتان و ئەو بتانەشە دروستان کردون
97ووتیان بینایەکی بەرزی بۆ دروست بکەن (پڕی کەن لە ئاگر) و فڕێی بدەنە ناو ئاگرەکەوە
98وویستیان (بیکوژن) بە پیلان بەڵام ئێمە ئەوانمان ژێر خست
99(ئیبراھیم) ووتی من دەڕۆم بۆ لای پەروەردگارم، دڵنیام ڕێنمونیم دەکات
100ئەی پەروەردگارم مناڵێکی چاکم پێببەخشە
101ئێمەش مژدەی کوڕێکی لەسەرخۆمان پێـدا
102جا کاتێك ئەو (کوڕەگەورە بوو تا) گەشتە ئەوەی ئیش و کار بکات لەگەڵ (ئیبراھیم)دا (ئیبراھیم) ووتی ئەی کوڕە خۆشەویستەکەم بەڕاستی من لە خەودا بینیم کە سەرت دەبڕم جا سەرنج بدە دەڵێیت چی و ڕات چیە؟ (کوڕەکە = ئیسماعیل) ووتی بابەگیان ئەوەی فەرمانت پێدراوە بیکە دڵنیابە دەمبینیت بە وویستی خوا لە خۆگران دەبم
103ئەمجا کاتێك ھەر دووکیان ملکەچ بوون (بۆ فەرمانی خوا) و ئیبراھیم ئیسماعیلی بەڕوودا خستەسەر زەوی
104ئێمەش بانگمان کرد ئەی ئیبراھیم
105بێگومان خەوەکەت بەجێھێنا بەڕاستی ئێمە ئا بەو شێوە پاداشتی چاکەکاران دەدەینەوە
106بێگومان ئەمە تاقیکردنەوەی ئاشکرابوو
107 وە بەرانێکی گەورەمان کردە قوربانی ئەو (ئیسماعیل)
108وە باس وناوبانگی(باشی) ئەومان لەناو گەلە پاشینەکاندا ھێشتەوە (کە ئەمەیە)
109دروود و سەلام لەسەر ئیبراھیم
110ئا بەو شێوە پاداشتی چاکەکاران دەدەینەوە
111بێگومان ئەو لە بەندە باوەڕدارەکانی ئێمە بوو
112مژدەی ئیسحاقمان پێدا (کە دەبێتە) پێغەمبەرێك لەچاکەکاران
113جا فەڕ و بەرەکەتمان ڕشت بەسەر ئیبراھیم و ئیسحاقدا و لە نەوەی ھەردووکیـان کارچاك و ستەمکار لەدەروونی خۆی بەئاشکرا ھەبوو
114سوێند بەخوا بێگومان منەتمان نا بەسەر موساو ھاروندا
115ھەردووکیان و گەلەکەیانمان لە تەنگانە گەورەکە ڕزگار کرد
116 وە یارمەتیمان دان، بۆیە ھەر ئەوان سەرکەوتن (بەسەر فیرعەون و کۆمەڵەکەیدا)
117وە کتێبی ڕوونکەرەوەمان دا بەھەردووکیان (بەموسا و ھارون)
118وە ڕێنمونی ھەردووکیانمان کرد بۆ رێگای ڕاست
119وە ناوبانگی چاکی ھەردووکیانمان لە ناو گەلە پاشینەکاندا ھێشتەوە
120سەلام لەسەر موسا و ھارون بێت
121بەڕاستی ئێمە ئا بەو شێوە پاداشتی چاکەکاران دەدەینەوە
122بێگومان ھەردووکیان لەبەندە ئیماندارەکانی ئێمەن
123بەڕاستی ئیلیاس (پێغەمبەرێك بوو) لەپێغەمبەران
124کاتێك بەگەلەکەی ووت ئەوە لەخوا ناترسن (خۆتان ناپارێزن)
125ئایا (بتی) بەعل دەپەرستن و واز دەھێنن لە (پەرستنی) چاکترینی دروستکەر و بەدیھێنەران(کە خوای گەورەیە)
126کەخوای پەروەردگاری ئێوە و باوو باپیرە پێشینەکانتانە
127کەچی باوەڕیان نەھێنا بە ئیلیاس کەوابوو بێگومان ئەوان ئامادە دەکرێن(لە دۆزەخدا)
128بەڵام بەندە پاك و ھەڵبژاردەکانی خوا
129وە باس وناوبانگی(باشی) ئەومان لەناو گەلە پاشینەکاندا ھێشتەوە (کە ئەمەیە)
130سەلام لەسەر ئیلیاس بێت (ئیلیاسین و ئیلیاس ھەر یەك کەسە)
131بەڕاستی ئێمە ئا بەو شێوە پاداشتی چاکەکاران دەدەینەوە
132بێگومان ئەو لە بەندە باوەڕدارەکانی ئێمە بوو
133بەڕاستی لوط (پێغەمبەرێك بوو) لە پێغەمبەران
134کاتێك خۆی و ھەموو کەسەکانی و شوێن کەوتووانیمان ڕزگار کرد
135بێجگە لەپیرەژنێك (خێزانی لوط ) کە لە تیاچووەکان بوو
136پاشان ئەوانی ترمان لەناوبرد
137بەڕاستی ئێوە (ئەی قوڕەیشیەکان) بە بەیانیاندا (بە ڕۆژ) دەڕۆن بەسەر (شوێنەوارەکانیاندا)
138و بەشەودا ئایا ئیتر ژیر نابن
139وە بە ڕاستی یونس (پێغەمبەرێك بوو) لەپێغەمبەران
140کاتێک ڕایکرد بۆ لای کەشتیەکی پڕ (لە خەڵك)
141ئەمجا (ئەو کەشتیە لەبەر ئەوەی باری قوورس بوو، لەترسی نوقم نەبوونی، خەڵکەکەی کە لەناویدا بوون، قورعەکێشیان کرد بۆ ئەوەی ئەو کەسەی دەرچوو بیخەنە ناو دەریاکەوە وباری کەشتەیەکە سووکتر ببێت) قورعەیان کرد (یونس) ئەو کەسە بوو لەقورعەکە سەرنەکەوت
142(خرایە دەریاکە و) ئەمجا نەھەنگێك قووتی دا ئەویش شایانی سەرزەنشت بوو
143 خۆ ئەگەر بەڕاستی ئەو لە یادکارانی (خوا) نەبوایە
144ھەتا ڕۆژی زیندوو بوونەوە لەناو سکی ئەو (نەھەنگەدا) دەمایەوە
145بە ھۆی ئەوەوە فڕێماندایە زەویەکی ڕووت (بێ دار و درەخت) و نەخۆشیش بوو
146 وە ڕووەکێکی کولەکەمان بەسەریدا ڕواند
147ئەوسا بە پێغەمبەرێتی ناردمان بۆ لای سەد ھەزار کەس یان زیاتر
148گەلەکەش باوەڕیان ھێنا و بەو ھۆیەوە بەھرەمەندمان کردن لەژیان تا ماوەیەك
149ئەمجا (ئەی موحەممەد ﷺ) پرسیاریان لێ بکە ئایا کچان بۆ پەروەردگاری تۆیە و کوڕانیش ھی ئەوانە؟
150یان ئەوان بە دیارەوە بوون کە ئێمە فریشتەکانمان بە مێینە دروستکرد
151بێدار بن بەڕاستی ئەوان لە دەس ھەڵبەسی خۆیانەوە دەڵێن
152خوا منداڵی بووەو بێگومان ئەوانە درۆزنن
153ئایا (خوا) کچانی ھەڵبژاردووە (بۆ خۆی) بەسەر کوڕاندا
154چیتانە چۆن بڕیاری وا دەدەن
155دەی ئایا بیر ناکەنەوە؟
156یان بەڵگەیەکی ڕوونتان (لەم بارەیەوە) ھەیە
157دەی کتێبەکەتان (بەڵگەکەتان) بھێنن ئەگەر ڕاست دەکەن
158وە ئەو (بێ باوەڕانە) لە نێوان خواو جنۆکەدا خزمایەتیان بڕیارداوە سوێند بەخوا بێگومان جنۆکەکان دەیانزانی کە بەڕاستی ئەوان ئامادە دەکرێن (لەڕۆژی دواییدا)
159پاك و بێگەردە خوا لەوەی ئەو (بێ باوەڕانە) دەیڵێن
160(ھەموویان سزا دەدرێن) بێجگە بەندە خاوێن کراوەکانی خوا
161 ئەمجا بەڕاستی ئێوە و ئەو (بتانە)یش کە دەیپەرستن
162ئێوە ناتوانن لەبەرانبەری خوادا گومڕاکەری (کەس) بن
163بێجگە ئەو کەسەی (خوا دەزانێت) دەچێتە دۆزەخەوە
164(فریشتەکان دەڵێن) ھیچ کام لەئێمە نیە مەگەر پلەو شوێنێکی دیاریکراوی خۆی ھەیە
165 وە بەڕاستی ئێمە ھەموومان بەڕیز وەستاوین (بۆ عیبادەت و بەجێھێنانی فەرمانی خوا)
166وە بێگومان ئێمەین ھەمیشە تەسبیحات وزیکر ویادی ئەو دەکەین
167بێگومان ھەر چەندە بت پەرستان دەیانووت
168بەڕاستی ئەگەر کتێبێ (ی ئاسمانی وەك کتێبی) پێشینانمان ھەبوایە
169بەڕاستی ئێمە لە بەندە پاك و خاوێنەکانی خوا دەبووین
170ئەمجا (کە کتێبیان بۆ ھات) باوەڕیان پێ نەھێنا، جابەزوویی دەزانن (سەر ئەنجامی بێ بڕواییەکەیان چۆن دەبێت)
171سوێند بەخوا بێگومان پێشتر بڕیارمان داوە بۆ بەندە نێردراوەکانمان
172کە بێگومان ھەر ئەوان سەر دەخرێن
173دیاریشە ھەر سەربازانی ئێمە سەردەکەوون
174تۆش وازیان لێ بھێنە تا ئەو ماوەی(دیاریکراوە بۆ لەناوبردنیان)
175وە بیان بینە (سەرنجامیان چۆن دەبێت) لەمەولا ئەوانیش دەبینن (چییان بەسەر دێت)
176جا ئایا بەپەلە داوای سزای ئێمە دەکەن
177ھەر کاتێك سزای ئێمە ھاتە خوارەوە بۆ ناو ماڵەکانیان ئەوسا ترسێنراوان چ ڕۆژێکی خراپ و تەنگیان دەبێت
178وە وازیان لێ بھێنە ھەتائەو ماوەی (دیاریکراوە بۆیان)
179وە ببینە ئەمجا لەمەولا ئەوانیش دەبینن
180پەروەردگارت پاك و بێگەردە، پەروەردگاری باڵا دەست لەوەی بێ باوەڕان دەیڵێن (دەربارەی)
181سڵاو و درودیش بۆ گشت پێغەمبەران
182سوپاس و ستایشیش بۆ خوای پەروەردگاری ھەموو جیھانیان